لە روداوێكی تەمومژاویدا
تەرمی كوڕ و كچێك دوای 24 كاتژمێر لە دیارنەمانیان دۆزرانەوە

وێنەی درید خالد (31ساڵ) و ساندرا خەلیل (21 ساڵ).

عەمار عەزیز – نەینەوا

تەرمی كوڕ و كچێك لەلایەن شوانێكەوە لە سنوری ناحیەی سنونێ دەدۆزرێنەوە، ئەوەش لە روداوێكی تەمومژاوی دێت دوای 24 كاتژمێر لە دیارنەمانیان.

كوڕەكە درید خالد (31ساڵ) هاوسەرگیری كردووە و كچێكی هەیە، ئێوارەی 7ی تەمموز تەرمەكەی لەگەڵ كچێكدا بەناوی ساندرا خەلیل (21 ساڵ) لە گوندێ ئادیكا ناحیەی سنونێ دەدۆزرێتەوە و شوێنەواری فیشەك بە جەستەیانەوە بووە.

چیرۆكەكە لە ماڵی درید-ەوە چۆن بووە؟

درید ئێوارەی 5ی تەمموز، ئاهەنگی دەرچونی گێڕا لە بەشی دەرونناسی زانكۆی دهۆك، بۆ رۆژی دواتر بە ئۆتۆمبێلەكەی باوكی بەناوی گەشتەوە چۆتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە.

خەلیل یوسف (مامى درید)، دەڵێت درید-ی برازای بەیانی 6ی تەمموز بە ئۆتۆمبێلەكەی باوكی لە ماڵ چۆتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە. بەڵام وتی "روداوەكە دوای ئەوە دێت كە درید پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ ساندرا-دا هەبووە، هەمان رۆژ لە ناحیەی سنونێ ساندرای بینیوە و پێكەوە چونەتە ناو ئۆتۆمبێلەكەوە كە درید شۆفێری كردووە".

خەلیل دەڵێت "ئەو زانیارییانەم لە خوشكی ساندرا وەرگرتووە كە دوای دیارنەمانی هەردوكیان لەڕێی تەلەفونەوە كاتژمێر 6:10 خولەكی ئێوارەی هەمان رۆژ بۆی گێڕامەوە".

هێشتا نازانرێن خوشكی ساندرا چۆن ژمارە تەلوفنی مامی درید-ی دەستكەوتووە. بەڵام لەو شەوەدا جارێكی تریش پەیوەندی بە خەلیلەوە دەكات و هەواڵی ساندرای خوشكی و درید دەپرسێت.

"پرسیاری لێكردم بۆچی ژمارەی درید داخراوە، ئایا هیچ هەواڵێك دەزانم، منیش وتم ئاگام لە هیچ نییە"، خەلیل وایوت.

كەسوكاری درید و ساندرا هیچ خزمایەتییەكیان لە نێواندا نییە، ئەوەی هەیە هەردوكیان خەڵكی ناحیەی سنونێن سەر بە قەزای شنگال لە پارێزگای نەینەوا.

لەگەڵ خۆرئاوابوندا لە 6ی تەمموز، كەسوكاری هەردولا دەكەونە دڵەڕاوكێوە و پەیوەندی بە پۆلیس و بازگەكانەوە دەكەن.

خەلیل وتی "کاتژمێر 8ى شەو بوو، كەسێك تەلەفونی بۆ كردم و داوای لێكردم بچمە بنكەی پۆلیسی ناحیەی سنونێ، وتم تۆ كێیت وتی باوكی ساندرام... كوڕەكەتان كچەكەی رفاندوم".

خەلیل لەگەڵ كەسوكاری دەچێتە بنكەی پۆلیس و لەوێ بە ئامادەبونی پۆلیس دەكەونە گفتوگۆ.

"لەوێ تەلەفونم بۆ خوشکى ساندرا کرد و کردمە سەماعە خارجى، پێموت تۆ ئاگاداری روداوەكەیت و تەلەفونت بۆ كردوم، وتت ساندرا بە ئارەزوی خۆی لەگەڵ درید چۆتە دەرەوە، بۆچی ئێستا دەڵێن رفاندویەتی؟"، ئەو گفتوگۆیە چەند خولەكێك بە ئامادەبونی ئەفسەری بنكەكە بەردەوام دەبێت.

لەوێ تەلەفونم بۆ خوشکى ساندرا کرد و کردمە سەماعە خارجى، پێموت تۆ ئاگاداری روداوەكەیت و تەلەفونت بۆ كردوم، وتت ساندرا بە ئارەزوی خۆی لەگەڵ درید چۆتە دەرەوە، بۆچی ئێستا دەڵێن رفاندویەتی

هەر لەوێ خەلیل خودێدا، باوكی ساندرا سكاڵا لە دژی درید تۆمار دەكات.

رۆژی دواتر 7ی تەمموز، بنكەی پۆلیسی سنونێ كەسوكاری هەردولا ئاگاداردەكەنەوە لە دۆزینەوەی تەرمی درید و ساندرا لە گوندی ئادیكا سەر بە سنونێ.

مامی درید وتی "شوانێك تەرمەكانی دۆزیوەتەوە، تەرمی درید هەر لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا بووە، بەڵام كچەكە لە نزیك ئۆتۆمبێلەكە بووە و گولـلە لە سەریان دراوە".

"من ژنێكی تر دەهێنم"

كەسوكاری درید ئەو دەستەواژەیەیان چەندین جار لە دەمی دریدەوە بیستووە لەوانەش خەلیل یوسف-ی مامی.

خەلیل وتی "درید بە ژنەکەشی وتووە كچێكی خۆشدەوێت ناوی ساندرایە، بەو هۆیەوە چەند جارێك كێشە لە نێوان درێد و هاوژینەكەی دروستبووە هەر بەهۆی ساندراوە...".

"نازانین کێ ئەم تاوانەى کردووە، گومانمان بۆ هیچ کەس و لایەنێك ناچێت، چاوەڕێی لێکوڵینەوەکانى پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان دەکەین"، مامی درید وایوت.

چیرۆكەكە لە ماڵی ساندرا-ەوە

باوكی ساندرا (خەلیل خودێدا)، پیشەی پۆلیسە و رۆژی دیارنەمانی كچەكەی دەوامی هەبووە، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەماڵەوە تەلەفونیان بۆ كردم و وتیان ساندرا چۆتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە".

خەلیل دەگەڕێتە ماڵەوە و تەلەفون بۆ ژمارەكەی ساندرا دەكات بەڵام داخراوە.

"پرسیارم لەماڵەوە كرد تا بزانم چۆن و لەگەڵ كێ چۆتە دەرەوە، كچێكی ترم وتی: ساندرا لەگەڵ کوڕێک چۆتە دەرەوە، نازانم خەڵکى كوێیە"، خەلیل دوای پرسیاركردنی زیاتر كەسوكاری كوڕەكە لەوانەش ژمارەی مامی درید-ی دەستدەكەوێت.

ئەو لەگەڵ مامی درید قسە دەكات و دواتر بە تۆمەتی رفاندنی كچەكەیان سكاڵایان لە دژ تۆمار دەكات.

"هیچ رۆژێک کچەکەم پێینەوتوم، پەیوەندیم لەگەڵ درید هەیە یان دەمەوێت شوى پێبکەم، خۆزگە لە دوای رفاندنی كچەكەم، درید تەلەفونی بۆ دەكردم و داوای كچەكەی لێدەكردم، قەسەم بەخوا پێمدەوت لەسەر خێربێت (رازیم)"، باوكی ساندرا وتی "ئەو کارەى درید كردویەتی بەبێ ئاگاداری من بووە، بۆیە لە مافى کچەکەم خۆشنابم".

خۆزگە لە دوای رفاندنی كچەكەم، درید تەلەفونی بۆ دەكردم و داوای كچەكەی لێدەكردم، قەسەم بەخوا پێمدەوت لەسەر خێربێت

نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی تەمموز، تەرمی درید و ساندرا دوای گەڕانەوەیان لە پزیشكی دادوەری موسڵ لە سنونێ بەخاكسپێردران. بەڵام (كەركوك ناو) هیچ زانیارییەكی لەسەر راپۆرتی پزیشكی دەستنەكەوت.

ناتق عەلو ئەحمەد، لێپرسراوى راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى شنگال، جگە لە باسكردنی دۆزینەوەی تەرمەكان ئامادەنەبوو هیچ زانیارییەكی تر بدركێنێت. "نەوەك كاریگەری هەبێت لەسەر رێڕەوی لێكۆڵینەوەكانیان"، ئەو وایوت.

خەلیل خودێدا دەڵێت ئەو تەنیا دوو گومانی هەیە لەو روداوە، یان درید دوای كوشتنی ساندرا خۆیشی كوشتووە، "یان ماڵە خەزورانی درید دەستیان لەو كارەدا هەبووە". لەگەڵئەوەشدا وتی "رەنگە هیچ یەكێك لەم گومانانەش راستنەبن دەبێت چاوەڕێی لێكۆڵینەوەكان بكەین".

ئەو كە قسەی لەگەڵ خەزوری درید-دا كردووە، دەڵێت "هاوژینی درید بە توڕەیى و نیگەرانییەوە چۆتەوە ماڵی باوكی و تەنانەت كچەكەشی لەگەڵ خۆیدا نەبردووە و بەجێیهێشتووە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT