موچەیان لە ملیۆن تا دوو ملیۆن دینارە

ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەدوای خانەنشینییەوەن

كەركوك/ هۆڵی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك فۆتۆ: كەركوك ناو

گۆران بابان – كەركوك

ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، مامەڵەی خانەنشینییان دەستپێكردووە بە موچەی ملیۆنێك تا دوو ملیۆن دینار، دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی لە گەڕانەوە بێ هیوای كردن.

دادگای باڵای فیدراڵی لە حوزەیرانی 2021، كۆتایی بە چاوەڕوانی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق هێنا و تانەكانیانی رەتكردەوە، چونكە بڕیاری راگرتنی كارەكانیانی لەلایەن پەرلەمانەوە بە دەستوری ناوبرد.

"لە مانگی 11ی 2019ـەوە موچەی تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكان وەستێنران، حكومەتیش لەو نێوەندەدا چارەنوسی ئەندامانی یەكلایینەكردەوە ئایا خانەنشین بكرێن یان شایستە داراییەكانیان بۆ خەرجبكرێت" بەوتەی جوان حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە لیستی برایەتی، كە كارەكانیان راگیراوە.

پەرلەمانی عیراق لە كۆتایی ساڵی 2019 و بەناوی داواكاری خۆپیشاندەرانی ناڕازی ئەوكاتەوە لە چەند شارێك، یاسای كاری ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەمواركردەوە و كۆتایی بە كارەكانی ئەنجومەن هێنا.

بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) زۆربەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەستیان بە مامەڵەی خانەنیشینی كردووە و بەشێكیان مامەڵەكانیان تەواو كردووە.

لە مانگی 11ی 2019ـەوە موچەی تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكان وەستێنران

جوان حەسەن بە (كەركوك ناو)ی وت پێویست بوو بەپێی دوایین هەمواری یاسای خانەنشینی یەكگرتوو مامەڵەكانیان رایی بكرێت، بەڵام "وتیان مامەڵەی ئەندامانی ئەنجومەن بەپێی یاساكەیە بەر لە هەموار، بەوشێوەیەش بێت من و ئەندامێكی تر یەك ساڵی دیكە دەتوانین بگەینە ئەو تەمەنە (50 ساڵ)ی مامەڵەی خانەنشینی بكەین".

ئەوەش بەوهۆیەوەیە هەمواری یاسای خانەنشینی كەوتە دوای راگرتنی كاری ئەنجومەنی پارێزگاكان.

بەپێی دوایین هەمواری یاسای خانەنشینی لە عیراق، مامەڵەی خانەنشینی بە دوو شێواز دەكرێت؛ ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان گه‌یشتۆته‌ 60 ساڵ و ئه‌وانه‌یشی ته‌مه‌نیان له‌ سه‌روو 45 ساڵییه‌وه‌یه‌ به‌ 15 ساڵی خزمه‌ته‌وه‌.

هەر ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگا كە پێشتر دامەزرێنراوبێت و كاری دیكەی هەبوبێت لەسەر داوای خۆی دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر كاری پێشوی.

ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنیش بەرلەوەی بچنە ئەنجومەن لە شوێنی دیكە موچەیان هەبووە و موچەی كاری پێشویان هێشتۆتەوە لەبری موچەی ئەندامێتی بۆیە ئێستا مامەڵەی خانەنشینی ناكەن.

"پێمانوایە پەڕاوی ئەنجومەن بۆ هەمیشە داخرا، جارێكیتر ئەستەمە ئەنجومەنەكان بگەڕێنەوە.. بۆیە هەر ئەندامێك خزمەتی هەبووە خانەنشین دەكرێت و هەر ئەندامێكیش مۆڵەتی خزمەتكردنی ماوە دەگەڕێنرێتەوە سەر ئەرك و بەرپرسیارێتی پێشوی خۆی" تەحسین كەهیە، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە كوتلەی توركمانی وادەڵێت.

anjwman-1-1
كەركوك/25ی نیسانی2017/ كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی پارێزگا فۆتۆ: راگەیاندنی ئەنجومەن

دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە ساڵی 2013دا بەرێوەچوو، جگە لە كەركوك كە تەنیا یەكجار و ساڵی 2005 لەو پرۆسەیه‌دا بەشداربووە، بەوەش ئەندامەكانی تا كاتی وەستانی كاری ئەنجومەن 14 ساڵ خزمەتیان بۆ هەژماردەكرێت.

كەهیە بە (كەركوك ناو)ی وت "بەشێكی زۆرمان مامەڵەكانمان پێشكەشكردووە بۆ خانەنشینی بەڵام تائێستا ئەنجامی نەبووە، هەندێك وردەكاری ماوە تا كارەكانمان تەواو بكرێن و داوامان لە حكومەتە ئەو پرۆسەیە یەكلاییبكاتەوە، چونكە ئەندامانی ئەنجومەن لە شایستە داراییەكانیان بێبەشكراون".

"زیاتر لە ساڵێك و شەش مانگە دەستی دەستیمان پێدەكەن"، ئەوەش بەوتەی تەحسین كەهیە، لەكاتێكدا بەشێكی زۆریان هیچ كار و موچەیەكی دیكەیان نییە.

هەر ئەندامێكی ئەنجومەن مانگانە نزیكەی دوو ملیۆن و 300 هەزار دیناری وه‌رده‌گرت، لەگەڵ نزیكەی 600 هەزار بۆ كرێی بەنزین و هاتوچۆ؛ لەوەش زیاتر، 50 هەزار بۆ ئینتەرنێت و مانگی هەریەك سێ بۆ چوار كارتی 10 هەزار دیناریان بۆ مۆبایلەكانیان پێدەدرا.

بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو) موچەی خانەنشینی ئەندامانی ئەنجومەن لە نێوان ملیۆنێك تا نزیكەی دوو ملیۆن دیناری مانگانەدا دەبێت.

كەهیە دەڵێت تائێستا 25 ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك مامەڵەی خانەنشینیان پێشكەشكردووە.

ئێمەش خێزانمان هەیە و سەرچاوەی تری بژێویمان نییە

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 41 ئەندام پێکهاتبوو، 26 ئەندامی لە لیستی برایەتی (کورد)، تورکمان بە هەردوو مەزهەبی شیعە و سوننە نۆ ئەندام و پێکهاتەی عەرەبیش شەش ئەندامیان هەبوو.

محەمەد خزر، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە كوتلەی عەرەبی دەڵێت لە ساڵی رابردوەوە كارەكانی خانەنشینییان لە دیوانی چاودێری دارایی راگیراوە، چونكە ئەوان پێداچونەوە بە مامەڵەكاندا دەكەن، "دەستی دەستیمان پێدەكرێت".

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017ـەوە بەهۆی ناكۆكییە سیاسیی و ئەمنییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و ناكۆكی پێكهاتەكان، دانیشتنەكانی پەكخرا و تا كاتی راگرتنی كارەكانی تەنیا یەك كۆبونەوەی ئەنجامدا.

"ئێمە تاوانمان چییە؟ رێزمان لە بڕیارەكەی پەرلەمان و دادگای فیدراڵی گرتووە، ئیتر بۆ ناهێڵن مامەڵەكانمان تەواو بكەین، من بێكارم، ساڵێك و شەش مانگە بێ موچەم، ئێمەش خێزانمان هەیە و سەرچاوەی تری بژێویمان نییە" محەمەد خزر بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق كارەكانیان راگیراوە و لە جێی ئەوان پەرلەمانتاران چاودێری حكومەتی خۆجێییەكان دەكەن تا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە هێشتا وادەی نادیارە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT