كەسوكاری "شەهیدانی ئێزیدی" چەند ساڵێكە چاوەڕێی موچەن

نه‌ینه‌وا، 6ی شوباتی 2021، مه‌راسیمی به‌خاكسپاردنی 104 هاوڵاتی ئێزیدی له‌ قوربانیانی ده‌ستی داعش له‌ گوندی كۆجۆی قه‌زای شنگال فۆتۆ: كەركوك ناو

عەمار عەزیز – نەینەوا

حەمید مەحمود چەند ساڵێكە بە دوای مامەڵەی براكانیەوەیەتی، هێندە شارە و شار گەڕاوە و پارەی خەرجكردووە، خەریكە بە تەواوی لە وەرگرتنی موچەی شەهیدانە بێ هیوا دەبێت.

حەمید خەڵكی گوندی كۆجۆی شنگالە، لە هێرشی چەكدارانی داعشدا شەش برای كوژراون، بۆیە لە ساڵی 2017ـەوە هەوڵی بەدەستهێنانی مافەكانیان دەدات، لە نێویاندا موچەی شەهیدانە.

حكومەتی فیدراڵی عیراق بەپێی یاسا كار بۆ بڕینەوەی موچە دەكات بۆ شەهیدان و قوربانیانی ئۆپەراسیۆنەكان، هەڵە سەربازییەكان و كردەوە تیرۆریستییەكان.

"لە 2017دا بوو كاتێك وتیان هەر كەسێك شەهیدی هەیە دەتوانێت مامەڵەی بۆ بكات، لەوكاتەوە بەدوای مامەڵەی براكانمدا دەڕۆم، دەیانجار چومەتە موسڵ، تلكێف و شنگال، نزیك بە سێ ملیۆن دینارم خەرجكردووە بێ ئەوەی یەك دینار وەربگرم" حەمید بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

حەمید دەبێتە واریسی شەهیدانەی براكانی، چونكە دایكی و باوكی لەگەڵ خوشكێكیدا بێسەروشوێنن، لەوكاتەوەی داعش لە ئابی 2014دا هێرشیكردە سەر شنگال.

دەترسم ئەمجارەش ماندوبونەكانمان بەفیڕۆ بڕوات و هیچ نەكرێت

"بۆ ماوەیەك مامەڵەی شەهیدانە راگیرا، تا چەند هەفتەیەك لەمەوبەر پرۆسەكە دەستیپێكردەوە و دواجار توانیم لە كۆجۆ لیژنەی تایبەت بەو پرسە ببینم و مامەڵەكانیان پێبدەم، دەترسم ئەمجارەش ماندوبونەكانمان بەفیڕۆ بڕوات و هیچ نەكرێت".

بەپێی هەمواری یاسای ژمارە 20ی ساڵی 2009ی زیانلێكەوتوانی شەڕ، هەر هاوڵاتییەكی شەهید و بێسەروشوێن و رفێنراوانی ئۆپەراسیۆن و شەڕ و كردەوە توندوتیژییەكان بەپێی جۆری زیانەكانیان قەرەبودەكرێنەوە یان موچەی مانگانەیان بۆ دەبڕێتەوە.

پێدانی ئەو موچەیە بە چەندین هەنگاو و فلتەردا تێدەپەڕن، دوای وەرگرتنی مامەڵەكانیان لەڕێی چەند لیژنەیەكی تایبەتمەندەوە، بۆ ئەوەش لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا لە قەزای شنگال نوسینگەی لیژنەی لاوەكی كراوەتەوە.

"زۆر گەشبین نیم حكومەت مانگانە موچە بە كەسوكاری شەهید و قوربانیانی ئێزیدی بدات، چونكە وا حەوت ساڵە هیچ بۆ ئێمە نەكراوە، ئەوەیشی كراوە وەك هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان ماوەیەك بووە و راگیراوە، چەندین بەڵێنی دیكە بێ كردار ماونەتەوە، وەك گەڕانەوەی تەواوی ئاوارەكان و ئاساییكردنەوەی ژیانی خەڵك" حەمید مەحمود وادەڵێت.

ezdidi qrabw
نەینەوا/ 2021/ هاوڵاتییەكی ئێزیدی لەبەردەم لیژنەی تایبەت بەراییكردنی مامەڵەی زیانلێكەوتوانی شەڕ لەقەزای شنگال فۆتۆ: راگەیاندنی لیژنەكە

ئەو لیژنانەی مامەڵەی تایبەت بە شەهید و قوربانیانی شەڕی داعش راییدەكەن سەر بە دەزگای شەهیدانن لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق.

ساهیر تاهیر، بەڕێوەبەری گشتی لە لیژنەی تایبەت بە قەرەبوی زیانلێكەوتوانی شەڕ لە شنگال بە (كەركوك ناو)ی وت "لە نیسانی ئەمساڵەوە دەستمانكردۆتەوە بە وەرگرتنی مامەڵەكانی شەهید، بریندار، بێسەروشوێن و ئەوانەی بچوكترین تا گەورەترین زیانیان پێگەیشتووە، بە گیانی و ماڵییەوە، بۆیە داواكارین خەڵك مامەڵەكانیان تەواو بكەن تا لە قەرەبوو بێبەش نەبن".

سێ لیژنە لە نەینەوا هەن؛ یەكێكیان لە شنگالە و سێ بەشە كە بەشێكیان لە ناوەندی شنگال، بەشێكیان لە شێخان و بەشێكی تریان لە فایدەی دهۆك دادەنیشن بەهۆی ئەوەی زۆرێك لە ئێزییدییەكان ئاوارەن.

دوو لیژنەكەی دیكە یەكێكیان لە ناوەندی موسڵ و ئەویتر لە قەزای تەلەعفەرن.

ئەو لێپرسراوەی لیژنەكەی شنگال دەڵێت قەرەبوكردنەوە بەپێی قەبارەی زیانەكانە، لەسەر ئەو بنەمایە بڕی پارەكە دیاریدەكرێت و تائێستاش مامەڵەی زیاتر لە 750 هاوڵاتییان وەرگرتووە، كە دواتر وردبینییان بۆ دەكرێت.

هەر شەهیدێك مانگانە ملیۆنێك و 200 هەزار دینار بە كەسوكاری دەدرێت

"لیژنەكەمان لە 5ی تەمموزی ئەمساڵ مامەڵەی كەسوكاری شەهیدانی شنگال بەتایبەت كەسوكاری 104 روفاتەكەی كۆجۆی وەرگرت، هەر مامەڵەیەكیش بەپێی رێكارەكان ئەگەر پەسەندبكرێت، ئەوا موچەی شەهیدانە بۆ مانگێك ملیۆنێك و 200 هەزار دینار بە كەسوكاری دەدرێت" ساهیر تاهیر وتی بە ئومێدن لە ئەیلولی 2021 كارەكانیان تەواو بكەن.

له‌ گوندی كۆجۆی شنگال، داعش جگه‌ له‌ رفاندنی سه‌دان كه‌س، چه‌ندین هاوڵاتی "كۆمه‌ڵكوژ" كرد و خرانه‌ نێو گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵه‌وه‌، تا له شوباتی 2021دا روفاتی 104 كەسیان ناسێنرانه‌وه‌ و دوباره‌ به‌خاكسپێردران.

"لە كۆجۆ مامەڵەكان باوكم و دوو برام رادەستی لیژنەكە كرد، وتیان هیچ كێشەیەكیان تیادا نییە و لە 15ی ئابدا كارتی (كی كارد) وەردەگرن تا بتوانن لەڕێی هەژماری بانكییەوە موچەی مانگانە وەربگرن" ناسر ئەلیاس وای وت.

ناسر خەڵكی كۆجۆیە و نزیكەی حەوت ساڵە لە كەمپی قادیای دهۆك ئاوارەیە، لە ئابی 2014دا داعش باوكی و دوو برای كوشتووە، تائێستا دایكی و برایەكیشی بێسەروشوێنن.

روفاتی باوك و دوو براكەی ناسر لە نێو گۆڕە بەكۆمەڵەكاندا بون، دوای ناسینەوە، لە شوباتی ئەمساڵ بەخاكسپێردران.

shngal-24
نەینەوا/ 2021/ لیژنەی تایبەت بەقەرەبوكردنەوەی زیانلێكەوتوانی شەڕ لەنوسینگەی نوێنەرایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە شنگال دەوامدەكەن فۆتۆ: راگەیاندنی لیژنەكە

"شەهادە وەفاتی هەرسێكیان لای منە، مامەڵەكانیان تەواوە و بەپێی قسەی لیژنەكان بێت هەر یەكێكیان مانگانە ملیۆنێك و 200 هەزار دیناری بۆ دەبڕێتەوە، ئەوەش هەنگاوێكی باشە ئەگەر جێبەجێبكرێت بەڵام هێشتا دڵنیانین و دەترسن بە دەردی بەڵێنەكانی دیكە بچن" بەوتەی ناسر.

به‌پێی ئاماره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌هۆی هێرشه‌كانی داعشه‌وه‌ هه‌زار و 293 ئێزیدی كوژراون و زیاتر لە 80 گۆڕی بەكۆمەڵی قوربانییان لە شنگال دۆزراونەتەوە.

عەلی عومەر گەعبۆ، جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ كاروباری ئاوارە و رێكخراوەكان بە (كەركوك ناو)ی وت "دڵنیایی دەدەین بە كەسوكاری شەهیدان وەك ئیدارەی پارێزگا بەردەوام لەسەر خەتین تا مامەڵەكانیان نەوەستێت و مافەكانیان وەربگرن".

هەروەها وتی مامەڵەی شەهیدانە لە دەزگای شەهیدانەوە وردبینی بۆ دەكرێت و دواتر رەوانەی وەزارەتی دارایی دەكرێت تا بودجەیان بۆ تەرخانبكات.

زیانلێكەوتوانی شنگال قەرەبوكردنەوەیان دواكەوت، بەڵام مافیان نافەوتێت

جێگری پارێزگار دەڵێت جگە لە مامەڵەی شەهیدانە، لە حوزەیرانی ئەمساڵیشدا، دوو قۆناغی دیكە لە زیانلێكەوتوانی شەڕی داعش قەرەبوكراونەتەوە، ئەوانەی سودمەندبون مامەڵەكانیان لە ساڵانی 2017 و 2018دا تەواو كردووە.

بەهۆی شەڕی داعشەوە هەزاران هاوڵاتی زیان بە خانوو، دوكان و موڵك و ماڵیان گەیشت.

"زیانلێكەوتوانی شنگال و دەوروبەری زۆربەیان لە 2019دا مامەڵەكانیان دەستپێكرد بۆیە قەرەبوكردنەوەیان دواكەوت، بەڵام مافیان نافەوتێت".

داعش له‌ ئابی 2014دا ده‌ستیگرت به‌سه‌ر قه‌زای شنگالدا؛ شه‌ش هه‌زار و 417 ئێزیدی رفاند، له‌و ژماره‌یه‌ زیاتر له‌ دوو هه‌زار و 700 كه‌سیان چاره‌نوسیان نادیاره‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی نوسینگه‌ی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

بەڕێوەبەرە گشتییەكەی لیژنەی تایبەت بە قەرەبوی زیانلێكەوتوانی شەڕ لە شنگال وتی "كێشەكانی ئێمە ئەوەیە شوێنی جێگیرمان نییە، ژمارەی كارمەندەكانمان كەمە، دادوەر سەردانی لیژنەكەی نەكردووە كە هەر مامەڵەیەك پێویستی بە بڕیاری دادوەر هەیە، پێداویستی دیكەی رۆژانەی كاركردنمان نییە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT