ئەو ئەفسەرەی لە كەمپی قادیا "كرایە ئامانج": كەمتەرخەمی هەبوو

دهۆك/ 31ی ئابی 2021/ رائید حەسەن حەیدەر، ئەفسەر لە ئاسایشی خۆرئاوای دیجلە و كوڕێكی دوای برینداربونی لە تەقینەوەكەی كەمپی قادیا كە بەوتەی هێ.ە ئەمنییەكان "ئەو كرابووە ئامانج" فۆتۆ: راگەیاندندنی پارێزگاری دهۆك

كەركوك ناو – دهۆك

ئەنجامدەرانی تەقینەوەكەی كەمپی قادیا دەستگیرنەكراون و بەوتەی ئەو ئەفسەرەی "كرایە ئامانج"، روداوەكە بەهۆی "كەمتەرخەمی ئیدارە و پۆلیسی كەمپەوە" بووە، ئەوەش لەكاتێكدایە پۆلیس تۆمەتەكان رەتدەكاتەوە و بڕیاریشدراوە بە كامێرا، چاودێری ناو كەمپەكە زیاتر بكرێت.

شەوی 30ی ئابی 2021 بڕێك "تی ئێن تی" لەژێر كەرەڤانەی ئەفسەرێكی ئاسایشی خۆرئاوای دیجلە لە كەمپی ئاوارەكانی قادیا تەقییەوە و بەهۆیەوە جگە لە برینداربونی ئەو ئەفسەرە و كوڕێكی، دوو كوڕەزای گیانیانلەدەستدا و لانیكەم دوو هاوڵاتی دیكەش برینداربون.

دوای نۆ رۆژ لە روداوەكە تائێستا هیچ تۆمەتبارێك لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیرنەكراوە.

رائید حەسەن حەیدەر، ئەفسەرە بریندارەكەی ئاسایشی خۆرئاوای دیجلە بە (كەركوك ناو)ی وت "گلەییم لە لێپرسراوانی كەمپی قادیا و پۆلیسی كەمپ هەیە، ئەوان كەمتەرخەمییان كردووە و نەدەبوو ئەم تەقینەوە لەناو كەمپ رویبدایە، پێویستە ئەوان زیاتر چاو كراوەبن و ئاگاداری هەمووشتێك بن تا جارێكی تر روداوی لەمشێوەیە رونەدات".

دەوامی ئەو ئەفسەرە لە دهۆك بووە بەڵام سنوری سەرەكی ئەركی هێزەكانی ئاسایشی خۆرئاوای دیجلە كە سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانە لە شنگال و ناوچەكانی تری خۆرئاوای نەینەوایە.

لە تەقینەوەكەدا چوار كەرەڤانەی ئەو ئەفسەرە و كوڕەكانی بە تەواوی وێران بون و كەرەڤانەی چەند دراوسێیەكیشیان زیانیان بەركەوت.

campi qadiya (3)
دهۆك/ 30ی ئابی 2021/ شوێنەواری تەقینەوەكەی كەمپی ئاوارەكانی قادیا كە بەهۆیەوە دوو منداڵ گیانیانلەدەستدا و چەند كەسێكی تر برینداربون فۆتۆ: لە پەیجی لقی 17ی شنگالی پارتی دیموكراتی كوردستان وەرگیراوە

"كەرەڤانەیەكم هەیە بۆ میوانەكانم، كە زۆرجار بەتاڵە و بكەرانی تەقینەوەكە ئەوەیان بەهەلزانیوە تا تی ئێن تی لەژێریدا دابنێن و لەڕێی وایەرێكەوە كاتێك دەچمە ئەو كەرەڤانەیە بیتەقێننەوە، لەكاتی روداوەكەشدا من لەو كەرەڤانەیەدا بووم" بەوتەی رائید حەسەن.

هەروەها وتی "لە پڕ دەنگێكی بەهێز هات و ئاگام لە خۆم نەما، .. لە خەستەخانە هۆشم هاتەوە و ئێستا سوپاس بۆ خوا تەندروستی من و ئەو پێنج بۆ شەش بریندارەی تری روداوەكەش باشن".

هێزە ئەمنییەكان تائێستا هیچ لایەن و كەسێكیان بە ئەنجامدانی تەقینەوەكە تۆمەتبار نەكردووە.

هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆك بە (كەركوك ناو)ی وت "بابەتی تەقینەوە، كاری تیرۆریستی، حەشیش و زۆر ماددەی دیكە پەیوەندییان بە ئاسایشەوە هەیە، ئێمە ناتوانین هیچ زانیارییەك لەسەر روداوەكەی قادیا بۆ راگەیاندن ئاشكرابكەین، راستە پۆلیس لە كەمپدا هەن بەڵام لێدوان نادەن".

وتیشی "ئەگەر ئەو ئەفسەرە هەر گلەییەكیشی هەبێت ئەوا لە نێوان ئێمە و ئەودایە".

(كەركوك ناو) نەیتوانی لێدوانی ئاسایش لەسەر روداوەكە وەربگرێت.

قوربانیانی تەقینەوەكەی كەمپی قادیا سكاڵایان تۆماركردووە بێ ئەوەی گومانیان لە هیچ كەسێك و لایەنێكی دیاریكراو هەبێت.

رائید حەسەن حەیدەر وتی "سكاڵام تۆماركردووە بەڵام نازانم كێ ئەو كارەی كردووە، ئایا لایەنێكی سیاسییە یان گروپێكی تیرۆریستی.. هێشتا ئاشكرانەكراوە و دەزگا ئەمنییەكان بەوردی بەدواداچون دەكەن".

زیانلێكەوتوانی تەقینەوەكە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە قەرەبوی زیانە ماڵییەكانیان كراوەتەوە.

campi qadiya
دهۆك/ ئابی 2021/ كەمپی قادیا كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی ئێزیدین فۆتۆ: راگەیاندنی پارێزگاری دهۆك

كاروان زەكی، لێپرسراوی راگەیاندنی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان -سەرپەرشتی هەموو كەمپەكانی ئاوارەیی دەكەن- بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەوانەی زیانیان بەركەوت قەرەبوكراونەتەوە و بەهەماهەنگی تەندروستی دهۆك چارەسەری پێویست بۆ بریندارەكانیش كراوە و ئێستا بارودۆخیان زۆرباشە".

"دەزگا ئەمنییەكان سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن و تاوانباری سەرەكی تەقینەوەكە ئاشكرانەكراوە بۆیە ناتوانین پەنجەی تاوان بۆ كەس و لایەنێك درێژبكەین" بەوتەی زەكی.

كەمپی قادیا دەكەوێتە سنوری كارگێڕی پارێزگای دهۆك و زۆرینەی دانیشتوانەكەی ئێزیدی خەڵكی شنگال و ناوچەكانی دیكەی نەینەوان.

خەلیل مەحمود، قایمقامی قەزای سێمێل لە دهۆك بە (كەركوك ناو)ی وت "كەمپی قادیا لە سنوری ئێمەدایە و بەهیچ شێوەیەك كەمتەرخەمی لەلایەن پۆلیس و ئیدارەی كەمپەوە نەبووە، رێزم بۆ قسەی ئەو ئەفسەرە هەیە".

ئەو دەڵێت لیژنەیەكی باڵا بۆ لێكۆڵینەوە پێكهێنراوە و سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەسەر روداوەكە رێنمایی بە ئیدارەی دهۆك داوە هەرچییەك پێویستە بۆ پاراستنی كەمپەكە بیكەن.

"لەچەند رۆژی داهاتودا دەوروبەری كەمپەكە بە سیاج قایمتر دەكەین و كامێرای چاودێری دادەنێین،.. تا كەمپەكە باشتر لەژێر كۆنتڕۆڵدابێت" خەلیل مەحمود وای وت.

لە هەرێمی كوردستان هێشتا زیاتر لە 664 هەزار ئاوارە هەن كە سەدا 30یان لە 26 كەمپدا نیشتەجێن و زۆرینەش خەڵكی شنگال و ناوچەكانی دیكەی پارێزگای نەینەوان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT