گۆڕانی كەش و هەوا... باخی بێ بەرهەم كرد

كەركوك/ ئەیلولی 2021/ دوو باخەوان لەكاتی ئاودانی باخەكەیان لە سنوری داقوق. فۆتۆ: محەمەد ئەڵماس 

محەمەد ئەڵماس

"ساڵانی پێشوو لانیكەم 10 تەن ترێم دەبردە بازاڕ و دەمفرۆشت، ئەمساڵ تەنیا 250 كیلۆم لێ فرۆشتووە... كێ قەرەبوی من دەكاتەوە؟ هەر ئێمەین باجی ئەو زیانانە دەدەین"، رۆژ ئازاد خاوەنی یەكێك لە باخەكانی كەركوك وایوت.

دەیان باخەوان لە پارێزگای كەركوك هاواریان لێ بەرزبۆتەوە بەدەست ئەو زیانانەی ئەمساڵ بەهۆی گۆڕانی كەشوهەواوە بەر باخەكانیان كەوتووە. نمونەی زیندوی باخەكەی رۆژ ئازادە لە گوندی داری لە باشوری داقوق.

رۆژ 11 دۆنم باخی هەیە، پێكهاتووە لە ترێ، هەنار، سێو و هەرمێ، بەڵام بەشی زۆری ترێیە كە لە سێ جۆر پێكهاتووە و وەك خۆی دەڵێت لە بازاڕ خواستی زۆری لەسەر هەیە.

hanjir (5)
كەركوك/ تەمموزی 2021/ خێزانێك سەرقاڵی لێكردنەوەی بەرهەمی باخەكەیانن لە گوندی سنور لە باشوری داقوق فۆتۆ: محەمەد ئەڵماس

كەمی بەرهەمی ئەمساڵ ئەو باخەوانەی توشی سەرسوڕمان كردووە، تەنیا ترێیەكەی لە 10 تەنەوە بۆ 250 كیلۆ كەمیكردووە "هۆكارەكەی ئەوەیە لە زستاندا بڕێكی كەم باران باری، هاوینیش پلەكای گەرما زۆر بەرزبۆوە"، رۆژ ئازاد وای وت.

ئەمساڵ لە پارێزگای كەركوك تەنیا 104ملم باران باری، ئەوەش بەپێی كەشناسی پارێزگاكە كەمترین بڕی باران بارینە لە دوو دەیەی رابردودا. ساڵی رابردوو 283ملم و ساڵی 2019ش 535ملم باران باریبوو.

ئەوەش لەكاتێكدابوو لە وەرزی هاویندا پلەكانی گەرما لە چەند رۆژێكی مانگی تەمموزدا گەیشتە 50 پلەی سیلیزی لە پارێزگای كەركوك.

بەھمەن وەلی، جوتیارێكی تری سنوری قەزای داقوق، وتی "گەرما كاریگەری هەیە لەسەر لق و پۆپی درەختەكان و دەیسوتێنێت، ئەوەش كاریگەری لەسەر بەرهەمەكەی دروستدەكات... كەمی بارانیش وادەكات درختەكان لە وەرزی زستان و بەهاردا كە كاتی گەشەكردنە تێر ئاو نەخۆن".

گەرما كاریگەری هەیە لەسەر لق و پۆپی درەختەكان و دەیسوتێنێت، ئەوەش كاریگەری لەسەر بەرهەمەكەی دروستدەكات

بەهمەن شەش دۆنم باخی هەیە، زیاتر قەیسی و هەنجیری رەش، ئەمساڵ بڕیاربوو روبەری باخەكەی زیاتر بكات، بەڵام گۆڕانی كەشوهەوا و دەستگیرۆیی نەكردنی حكومەت كارەكەی پێڕاگرت. "جوتیار و باخەوان پێویستیان بە پاڵپشتی حكومەت هەیە".

tre-1
كەركوك/ ئەیلولی 2021/ باخێكی ترێ لە سنوری داقوق، بەرهەمەكەی نزیكە لەوەی بە تەواوی وشكبێت. فۆتۆ: محەمەد ئەڵماس 

تەنیا لە قەزای داقوق 130 دۆنم باخ هەیە كە دابەشبووە بەسەر 53 باخ، بەڵام تەنیا 43 باخیان لەلایەن فەرمانگەی كشتوكاڵی داقوقەوە تۆماركراوە.

دانا عادل، لێپرسراوی بەرهەمی روكی لە فەرمانگەی كشتوكاڵی داقوق، دەڵێت لەگەڵ گۆڕانی كەشوهەوا نەیانتوانیوە پێداویستی پەین و كیمایی بۆ جوتیاران دابینبكەن "كێشەكە لە بەغدایە، بەهۆی قەیرانی دارایی و تەرخاننەكردنی بودجەی تایبەت بۆ ئەو بوارە"، زیاتر وتی "ساڵانی پێشوو بودجە بۆ پاڵپشتی جوتیار و باخەوانەكان تەرخاندەكرا، لانیكەم دوو ساڵ جارێك مەوادی كیماییان پێدەدرا، ئێستا ئەوەش نەماوە".

ئەوەش لەكاتێكدایە هیچ بڕیارێك بۆ قەرەبوكردنەوەی جوتیاران نەدراوە، ئەوەی هەیە تەنیا بەڵێنی لێپرسراوانە لەسەر ئاستی پارێزگاكان.

فەرھاد فایەق خاوەن باخی ھەنار و ترێ، لە كەركوك، وتی "بەرهەمی باخەكەم نزیكەی بۆ نیوە كەمبۆتەوە، بەڵام هێشتا لەوە ساردنەبوینەتەوە كە دەستی لێ هەڵبگرین".

فایەق نزیكەی 250 دار هەناری هەیە لە پێنج دۆنم زەویدا.

"کاتێک بەرھەمەکەم بۆ بازاڕ دەبەم، خەڵك زۆر بە تامەزرۆوە دەیكڕن، چونكە خۆماڵییە و تام و بۆنی تایبەتی هەیە، ئەوەش هانمدەدات بەردەوامبم".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT