لە كێبڕكێی هەڵبژاردنی كەركوك
كاندیدەكان دۆسیەی "پێشمەرگە" دژی یەكتری بەكاردەهێنن

هەولێر/ ئەیلولی 2021/ هێزێكی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مەراسیمێكی سەربازیدا فۆتۆ: وەزارەتی پێشمەرگە

كەركوك ناو – كەركوك

ژمارەیەك كاندیدی توركمان، عەرەب و كورد لە كەركوك؛ بەناوی "دۆسیەی گەڕانەوەی پێشمەرگە" بۆ پارێزگاكە چەندین تۆمەت روبەڕوی یەكتری دەكەنەوە، لەكاتێكدا هیچ یەكێك لە وەزارەتەكانی بەرگری عیراق و پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان باسیان لە گەڕانەوەی هیچ هێزێك نەكردووە.

نوێنەرانی هەردوو وەزارەتی بەرگری و پێشمەرگە، چەند مانگێكە لە گفتوگۆدان بۆ پێكهێنانی دوو لیوای هاوبەش بە ئامانجی پڕكردنەوەی بۆشایی نێوان هەردولا، نەك گەڕانەوەی پێشمەرگە یان گۆڕانكاری لە دۆسیەی ئەمنی، وەك كاندیدەكانی پەرلەمان بانگەشەی بۆ دەكەن.

چوارشەممەی رابردو 15ی ئەیلولی 2021 هەریەك لە ئەرشەد ساڵحی، پەرلەمانتاری بەرەی توركمانی و كاندیدی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، حەسەن تۆران سەرۆكی بەرەی توركمانی، هەردوو پەرلەمانتار و كاندید خالد مەفرەجی و محەمەد تەمیم لە پشكی عەرەب كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان دژی "گەڕانەوەی پێشمەرگە" رێكخست.

لەو كۆنگرەیەدا كە پەیامنێری (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، بەیاننامەیەك خوێندرایەوە و تیایدا هاتووە "هەندێك لایەن دەیانەوێت هێرشەكانی داعش بۆ گوندەكانی دەوروبەری داقوق و ناحیەی رەشاد بقۆزنەوە بۆ گۆڕانكاری لە دۆسیەی ئەمنی كەركوك و هێنانەوەی پێشمەرگە بۆ ناو سنوری ئیداری پارێزگاكە".

كاندید و لێپرسراوەكانی توركمان و عەرەبی كەركوك، بانگهێشتكردنەویە پێشمەرگە بۆ كەركوك بە "هەنگاوێكی مەترسیدار و پێشێلكاری دەستور و بڕیارەكانی پەرلەمانی عیراق" ناودەبەن.

وروژاندنی ئەو دۆسیەیە، هاوكاتە لەگەڵ بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عیراق لە 10ی تشرینی یەكەمی 2021 و دوابەدوای زنجیرەیەك هێرشی "داعش" دێت بۆ گوندەكانی داقوق و رەشاد كە بەهۆیانەوە چەندین پۆلیسی فیدراڵی و سوپا كوژران و برینداربون.

نوێنەرانی عەرەب و توركمان هۆشدارییان دا "دەستەوەستان نابین و هەموو بژاردەیەكی دەستوری دەگرینەبەر بۆ دژایەتی گەڕانەوەی پێشمەرگە".

هێزەكانی پێشمەرگە لە 2014ـەوە دەستیان بەسەر ناوچەیەكی بەرفراوانی كەركوكدا گرت تا پاشەكشێیان لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017.

لەوكاتەوە پێشمەرگە و سوپا لە گفتوگۆی بەردەوامدان و لە ئەنجامدا ئایاری ئەمساڵ توانییان ژمارەیەك ژوری هەماهەنگی هاوبەش لە بەغداد، هەولێر، كەركوك، دیالە و چەند ناوچەیەكی نەینەوا پێكبهێنن.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق، لە بەیاننامەیەكدا هەینی 17ی ئەیلول بڵاویكردەوە هیچ گۆڕانكارییەك لە سنوری بڵاوەپێكردن و دەسەڵاتی هێزەكانی سوپا و پێشمەرگەدا رونادات، تەنیا چالاكی و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان دەبێت لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە.

لەو بەیاننامەیەدا كە وەڵامێكیشە بۆ شەڕی كاندیدەكانی هەڵبژاردن لەسەر دۆسیەی پێشمەرگە، هاتووە "چالاكییە هاوبەشەكان لەو ناوچانەی نێوان سوپا و پێشمەرگەدایە كە هێزیان تێدانییە و تیرۆریستیان بۆ جموجۆڵ و هاتوچۆ بەكاریدەهێنن".

هیچ گۆڕانكارییەك لە سنوری هێزەكانی سوپا و پێشمەرگە رونادات

هەروەها 16ی ئەیلولی 2021 لە بەغداد، لێپرسراوانی سەربازی عیراق و هەرێمی كوردستان بە ئامادەبونی نوێنەرانی ئەمریكا، گفتوگۆیان لەسەر كارەكانی پێكهێنانی دوو لیوای هاوبەش كردووە، بە بەشداری پێشمەرگە و سوپا بۆ بۆشاییەكانی نێوان هەردوو، كە ئەمریكا بڕیارە پڕچەكیان بكات، ئەوەش بەپێی راگەیەندراوێكی كۆبونەوەكە.

بەڵام دیلان غەفور، پەرلەمانتاری كورد (یەكێتی) و كاندید بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، لە وەڵامی نوێنەرانی عەرەب و توركماندا جەخت لە "گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك" دەكاتەوە و دەڵێت ئەو پێشتریش ئەو داوایەی كردووە، چونكە هەنگاوێكی "گرنگە" بۆ پارێزگاری لە ئاسایشی كەركوك.

لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا كە پەیامنێری (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، دیلان غەفور 16ی ئەیلولی 2021 لە نوسینگەی كەركوكی پەرلەمانی عیراقەوە وتی "پێشمەرگە بەرگری لە كەركوك كرد و گرنگە بەشداری لە سەقامگیری و بەرەنگاربونەوەی تیرۆریستاندا بكەن، پێشمەرگە نامۆ نییە بە كەركوك و هێزێكیشە لەچوارچێوەی سیستەمی بەرگری عیراقدا".

هەروەها بە"توندی" هەڵوێستی نوێنەرانی عەرەب و توركمانی رەتكردەوە دژی "گەڕانەوەی پێشمەرگە" و وتیشی "پێشمەرگە پشكی شێری روبەڕوبونەوەی تیرۆر بەر پێشمەرگە دەكەوێت".

دیلان غەفور وتی "هەندێك سیاسی باش لە رۆڵی پێشمەرگە تێدەگەن بەڵام دەیانەوێت ئەو كارتە لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەكاربهێنن و سۆزی هەندێك خەڵك بەدەستبهێنن".

دوو لیوا هاوبەشەكەی پێشمەرگە، كە هێشتا پێكنەهێنراوە بڕیارە سەر بە وەزارەتی بەرگری عیراق بن لە روی كارگێڕی و دابینكردنی هەموو پێداویستییەكانەوە بە موچەی مانگانەوە، هەر لەژێر فەرماندەیی ئەوانیشدابن، لە ناوچەكانی نێوان هەردوولا بڵاوەیان پێبكرێت بەدرێژایی زیاتر لە 550 كیلۆمەتر.

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە 15ی ئەیلولی ئەمساڵ لە دیداری تیمێكی سیاسی و سەربازی بەریتانیادا ئاماژەی بەوەداوە "بڕیاری دروستکردنی دوو لیوای هاوبەش لە ناوچە جێناکۆکەکان، دەبێتە هۆی پاراستنی سەرو ماڵی دانیشتوانی ئەو ناوچانە بەهەموو پێکهاتەکانیەوە بەبێ جیاوازی" بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی پێشمەرگە.

هەروەها لە 13ی ئەیلولی 2021دا فەریق جەمال محەمەد، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەكۆبونەوەیەكدا لەگەڵ کۆڵۆنێڵ تاد بۆرۆس، گەورە راوێژکاری هێزەکانی هاوپەیمانان جەختیكردەوە "دۆخی ئێستای ناوچه‌كه‌و مه‌ترسیه‌كانی تیرۆر و جموجۆڵه‌كانی ئه‌م دوایه‌ی تیرۆریستان له‌ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، بەتایبەت ئەو ناوچانەی کەوتونەتە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان، ده‌خوازێت رێکارەکانی دروستکردنی ئەو دوو لیوا هاوبەشە خێراتر بکرێت".

ماوەیەكە ناوچەكانی جێناكۆك بەتایبەت لە هەرسێ پارێزگای كەركوك، دیالە و سەڵاحەدین بە دۆخێكی سەقامگیردا تێپەڕنابێت، جموجۆڵ و هێرشی چەكداری بۆ سەر هاوڵاتیان، هێزە ئەمنییەكان و یەكەكانی خومەتگوزاریی لەوانەش كارەبا بەردەوامی هەیە.

دۆسیەی ئەمنی پارێزگای كەركوك ئێستا بەدەست سوپا، پۆلیسی فیدراڵی، لیوای 61ی تایبەت-ی سەر بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، حەشدی شەعبی و پۆلیسی ناوخۆییەوە لەچوارچێوەی ژوری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT