كەركوك: دووەم ژنە كاندیدی یەكێتی لەلایەن حزبەكەیەوە پشتی تێدەكرێت

كەركوك/ ئەیلولی 2021/ پۆستەری ژمارەیەك كاندیدی كەركوك، ئاشتی مەهدی لە دەستە چەپی وێنەكە. فۆتۆ/ كاروان ساڵحی

كەركوك ناو

ئاشتی مەهدی، كاندیدی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان لە بازنەی دووی كەركوك، حزبەكەی تۆمەتبار دەكات بەوەی زیاتر پشتیوانی كاندیدێكی تر دەكات نەوەكو ئەو، لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی "هەوڵیاندا دورمبخەنەوە لە پێناو دەرچواندنی پاڵێوراوێكی تردا، بەڵام قبوڵم نەكرد".

ئاشتی مەهدی لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە "هەوڵێک هەبوو لەلایەن حزبەكەمەوە لە بازنەی دووی كەركوك دورمبخەنەوە، بەڵام من پێداگریم كرد لەوەی بمێنمەوە و لە بانگەشە بەردەوامبم".

زیاتر وتی "لەوكاتەوە یەکێتی زیاتر کار بۆ دەرچونی گەیلان قادر دەکات –لە هەمان بازنەی هەڵبژاردن-  و پشتیوانی زیاتری ئەو دەكات بەراورد بە من".

یەکێتی زیاتر کار بۆ دەرچونی گەیلان قادر دەکات و پشتیوانی زیاتری ئەو دەكات بەراورد بە من

ئاشتی هیچ وردەكارییەكی تری نەدركاند و لە ئێستاشدا بانگەشەی هەڵبژاردنی رانەگرتووە و بەردەوامە بە ئامانجی بەدەستهێنانی كورسی پەرلەمانی.

هاوپەیمانی كوردستان لە بازنەی دووی كەركوك دوو كاندیدی هەیە و هەردوكیان یەكێتین، ئەوانیش ئاشتی مەهدی و گەیلان قادرن، كە لەگەڵ عەرەب و توركمان و ژمارەیەك كاندیدی تری كورد كێبڕكێی بەدەستهێنانی چوار كورسی ئەو بازنەیە دەكەن.

ئەمە دووەم حاڵەتی پشتتێكردنی یەكێتییە لە ژنە كاندیدەكانی لە پارێزگای كەركوك، ئەوەش دوای ئەوە دێت كە لەسەرەتای ئابی رابردودا بڕیاریدا بە پشتیوانیكردنی دیلان غەفور، كاندیدی سەربەخۆ لەجێی ئاڵا تاڵەبانی، كاندیدی هاوپەیمانی كوردستان لە بازنەی یەكی كەركوك.

ئاڵا، هەرچەندە حزبەكەی بانگەشەی بۆ ناكات و لە كۆڕ و كۆبونەوەكانیشدا بەشداری پێناكات، بەڵام هەر سورە لەسەر كاركردن بۆ بەدەستهێنانی كورسی پەرلەمانی و بە لۆگۆی هاوپەیمانی كوردستانییەوە بانگەشە دەكات.

لە بازنەی یەك كە پێنج كورسی پەرلەمانی بۆ دانراوە، هاوپەیمانی كوردستان پێنج كاندیدی هەیە، چواریان لە یەكێتی و یەكێكیان لە بزوتنەوەی گۆڕان. لە بازنەی دووش دوو كاندید و لە بازنەی سێش هیچ كاندیدێكیان نییە.

رۆژی هەینی، یەكی تشرینی یەكەم، نوسینگەی رۆژنامەوانی رەفعەت عەبدوڵا بڕیاردەری دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان، لە رونكردنەوەیەكیدا جەختیكردەوە "ئێمەمانان ئەرکمان سەرخستنی لیستی هاوپەیمانی كوردستان و کۆی کاندیدەکانێتی و بەیەک مەسافەی هاوبەش پشتیوانی سەرکەوتنتان دەبین و پێکەوە خەبات بۆ سەرخستنی داوا رەواکانمان دەکەین".

زیاتر وتی "بە تەنها و بەدیاریکراوی هیچ کاندیدێک کاندیدی دەستەبژێری ئێمە نییە و هەموو لایەک دڵنیادەکەین سەرجەم کاندیدەکان تیمی هاوپەیمانی کودستانن و ئەرکی ئێمەو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش لەم قۆناغەدا سەرکەوتنی ئێوەیە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT