بۆ یەكەمجار؛ كاكەییەكان دەچنە پەرلەمان
دوو كاندیدە دەرچوەكەی كاكەیی: شەڕی دانانی كۆتا دەكەین

كەركوك/ 9ی شوباتی 2021/ سەید عەزیز محەمەد، ناسراو بە ئەبو خەنجەر كەسایەتی دیاری كاكەیی لە مەراسیمی ناساندن و بڵاوكردنەوەی كتێبی (كاكەییەكان لە سەردەمی كۆرۆنادا) لە داقوق فۆتۆ: سۆران محەمەد

محه‌مه‌د ئه‌ڵماس – كەركوك ناو

بۆ یەكەمجار لە مێژوی عیراقی نوێدا؛ دوو كاندیدی كاكەیی لە چوارچێوەی حزبە كوردییەكان بۆ پەرلەمانی عیراق سەردەكەون و بەڵێندەدەن لە یەكەم هەنگاویاندا، شەڕی جێگیركردنی كورسی كۆتا بۆ پێكهاتەكەیان بكەن.

بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عیراق، دوو كاندیدی كاكەیی لە پارێزگاكانی كەركوك و نەینەوا، توانیویانە كورسی مسۆگەر بكەن.

نەجوە حەمید محەمەد كاكەیی، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی دوی پارێزگای كەركوك، توانیویەتی بە 11 هەزار و 794 دەنگ، بچێتە ریزبەندی سێیەمی ئەو بازنەیە و كورسییەك بەدەستبهێنێت.

هەوڵدەدەین هاوشێوەی پێكهاتەكەی دیكە كورسی كۆتا بۆ كاكەیی تەرخانبكرێت

"توانیم كورسییەكی پەرلەمان بەدەستبهێنم و ئاواتەكەم بهێنمەدی، تا ببمە پەرلەمانتار و بەرگری لە گەلەكەم بكەم و ببم بە نوێنەری راستەقینەیان لە پەرلەماندا" نەجوە كاكەیی، كاندیدی دەرچوی پارتی لە كەركوك وای وت.

ئەو ژنە كە ساڵانێك سەرپەرشتیاری پەروەردەیی بووە، دەڵێت لە پێشەنگی كارەكانیدا هەوڵی جددی دەدات بۆ تەرخانكردنی كورسییەك وەك كۆتای كاكەیی "با ئەوانیش وەك پێكهاتەكانی دیكە كورسی كۆتایان هەبێت" بەوتەی نەجوە بۆ (كەركوك ناو).

كاكه‌ییه‌كان، له‌ ته‌واوی عیراقدا كورسی كۆتایان نییه‌، جگه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ هێشتا پێكنه‌هێنراوه‌.

بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق 9 كورسی لە كۆی 329 كورسی وەك كۆتا دیاریكراون بۆ كریستیان، سابیئەی مەندائی، كوردی فەیلی، ئێزیدی و شەبەك لە پارێزگاكانی بەغدا، كەركوك، نەینەوا، واست، هەولێر و دهۆك.

ڤیدیۆ: كەركوك/ 11ی تشرینی یەكەمی 2021/ ئاهەنگگێڕانی هاوڵاتیانی كاكەیی بەهۆی سەركەوتنی نەجوە كاكەیی بۆ پەرلەمانی عیراق

هه‌رچه‌نده‌ به‌رده‌وام له‌ نێو لیست و قه‌واره‌كاندا كاندیدی كاكەیی بونی هەیە، به‌ڵام ده‌نگی پێویستیان به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌ بۆ گەیشتن بە پەرلەمان و یەكەمجارە لە دوای ساڵی 2003 و روخانی حكومەتی پێشوتری عیراق بە سەرۆكایەتی سەدام حسێن، ببنە پەرلەمانتار.

ئەحلام رەمەزان فەتاح كاكەیی، كاندیدی هاوپەیمانی كوردستان (یەكێتی) لە بازنەی یەكی پارێزگای نەینەوا، بە شەش هەزار و 188 دەنگ لە ریزبەندی سێیەمدایە و كورسی پەرلەمانی عیراقی مسۆگەر كردووە.

"منیش هەوڵدەدەم لەگەڵ هاوڕێیانماندا بۆ تەرخانكردنی كورسی كۆتا بۆ كاكەیی، بەوپێیەی پێشتر غەدرمان لێكراوە و ئەمجارە بە یارمەتی یەكێتیی نیشتمانیی و پارتی دیموكرات توانیمان سەركەوین" ئەحلام كاكەیی بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

هەروەها جەختیكردەوە لە "خزمەتی هاوڵاتیان و دەنگدەران"ی كاكەیی و هەموو پێكهاتەكانی دیكە.

داوا لە كاندیدە سەركەوتوەكان دەكەین ئەو ئامانجانە بەدیبهێنن كە خزمەت بە كۆمەڵگەی كاكەیی دەكات

ماڵپەڕی (كەركوك ناو)، لە چوار ساڵی رابردودا گرنگی تایبەتی بە دۆسیەی كاكەیی داوە و بەردەوام بە راپۆرت و بەدواداچون دەنگی ئەو پێكهاتەیەی گەیاندووە، لە نێویاندا داواكاریی ئەوان بۆ تەرخانكردنی نوێنەرایەتی لە دامودەزگاكانی یاسادانان و جێبەجێكردندا، بەوپێیەی لە زۆربەی دەسەڵاتە ئیداریی و سەربازییەكانی ناوچەكانی نیشتەجێبونی خۆیشیاندا بێبەشن.

(كەركوك ناو) لە شوباتی ئەمساڵدا كتێبێكی بەناوی (كاكەییەكان لە سەردەمی كۆرۆنا)دا چاپ و بڵاوكردەوە، كە پێكهاتبوو لە 24 راپۆرتی رۆژنامەوانی بە هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی، دەربارەی بارودۆخ و ژیانی هاوڵاتیانی کاکەیی قەزای داقوق-ی پارێزگای كەركوك.

نەجوە كاكەیی دەڵێت نەك بۆ پێكهاتەكەی بەڵكو دەبێتە پاڵپشتی هەموو پێكهاتەكانی كەركوك و بەڵێنەكانیشیان لەبیرناكەن، چونكە دەزانن خەڵكی بەگشتی و بەتایبەتی كاكەیی چییان دەوێت، "دوای ئەوەی لە ساڵانی رابردودا بەهۆی حكومەتەكانی پێشوەوە روبەروی غەدر و پاشان توشی ئاوارەیی و كوشتن بونەوە لە كردەوە تیرۆریستییەكاندا".

كاكەیی؛ بە ئەهلی حەق و یارسانیش ناسراون، ئایینی تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌، به‌ڵام لە دەستورى عیراقدا بەفەرمى نەناسێنراوە... به‌پێی یاسای مافی پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمی كورستان؛ ئایینی كاكه‌یی، وه‌ك یه‌كێك له‌ ئاینزاكان هه‌ژماركراوه‌ و دانی پێدانراوه‌.

سەمیر حسێن، چالاكوانی مەدەنی كاكەیی دەڵێت سەركەوتنی دوو كاندیدی پێكهاتەكە وادەكات بەردەوام دەنگیان لە پەرلەمانی عیراق ببیسترێت بە تایبەت بۆ داواكاری كورسی كۆتا كە بەردەوام داوایدەكەن و ئەنجامی نەبووە.

dangdan (2)-1
كەركوك/ 10ی تشرینی یەكەمی 2021/ دەنگدان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاندیدی دیكەی كاكەییش لە بازنەی دوی كەركوك هەبوو؛ هەژار رەشید لەسەر لیستی حزبی سیۆسیالیست دیموكراتی كوردستان هەوڵی بۆ كورسییەك دەدا، بەڵام سەركەوتوو نەبوو و تەنیا 204 دەنگی بەدەستهێنا.

"داوا لە دوو كاندیدە سەركەوتووەكە دەكەم ئەو ئامانجانە بەدیبهێنن كە خزمەت بە كۆمەڵگەی كاكەیی دەكات و دەبێتە هۆی دانپێدانان بە ناسنامەی ئایینییماندا، هەروەها گرنگی بە بارودۆخی ئەمنی پێكهاتەكە بدەن و هەلیكار بۆ بێكار بڕەخسێنن لەڕێی پرۆژەی بچوك و مامناوەندەوە" رەجەب عاسی، چالاكوانی مەدەنی كاكەیی بۆ (كەركوك ناو) وادەڵێت.

كاكه‌ییه‌كان زیاد له‌ جارێك هه‌وڵیانداوه‌ كورسی كۆتایان بۆ ته‌رخانبكرێت، دوایینیان له‌ كۆتاییه‌كانی 2019دا بوو، به‌ڵام جارێكیتر بێئومێد بون.

عاسی پێیوایە ئەگەر كۆمەڵگەی كاكەیی یەكبگرن ئەوان دەتوانن لە پارێزگاكانی كەركوك، نەینەوا، دیالە، سلێمانی و هەولێریش كورسی بەدەستبهێنن، چونكە دابەشبونی دانیشتوانی كاكەیی وادەكات لەو پارێزگایانە دەنگی پێویستیان بۆ كورسی هەبێت.

كاکەییەکان لە چەندین ناوچه‌ی عیراقدا دەژین، جگه‌ له‌ نه‌ینه‌وا، بە زۆرى لە کەرکوک، هەڵەبجە، هه‌ولێر، خانەقین و چه‌ند شوێنێكی تری دیاله‌ نیشتەجێن، بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان ژمارەیان بە 100 هەزار کەس مه‌زنده‌ده‌كرێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT