داعش لە كەركوك شەڕی قەناس دەكات: لە سوپا و پۆلیسی فیدراڵی كوژراو هەن

كەركوك/ 2021/ ئۆتۆمبێلێكی سەربازی لە سنورەكانی باشوری كەركوك فۆتۆ: راگەیاندنی پۆلیسی فیدراڵی

كەركوك ناو – كەركوك

سەربازێكی عیراقی و پۆلیسی فیدراڵی لە كەركوك كوژران، بەهۆی هێرشی چەكداری قەناس بەدەستی داعشەوە، ئەوەش بەوتەی دوو سەرچاوە بۆ (كەركوك ناو).

لە هێرشی یەكەمدا، شەوی رابردوو 28ی تشرینی یەكەمی 2021 چەكدارانی داعش هێرشانكردۆتە سەر خاڵێكی هێزەكانی سوپای عیراقی لە سنوری قەزای داقوق.

سەرچاوەیەكی ئەمنی بە (كەركوك ناو)ـی وت "چەكدارانی داعش بە چەكی جۆری قەناس تەقەیان لە هێزەكەی سوپا كردووە و بەهۆیەوە سەربازێك بەناوی كەرار موحسین لە لیوای 45 شەهید بووە".

خاڵە سەربازییەكەی سوتپا لە ناوچەی وادی شاری نزیك گوندی تەل حەمیەی داقوق بووە.

ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی بەیاننامەیەكی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك، هێزەكانی لیوای 45ی سوپا توانیویانە بەرپەرچی داعش بدەنەوە و "زیانی گەورە بەر چەتەكانی داعش" كەوتووە، بەپێی بەیاننامەكە.

هەر شەوی رابردوو لە قەزای داقوق، چەكدارانی داعش بە چەكی قەناس هێرشێكی دیكەیان كردۆتە سەر هێزە ئەمنییەكان.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەو روداوە بە (كەركوك ناو)ـی وت "هێرشەكەی داعش بۆ سەر هێزی پۆلیسی فیدراڵی بووە لە نزیكی گوندی سوهێلە و بەهۆیەوە پۆلیسێكی لیوای 20ـی فیرقەی 5ـی فیدراڵی شەهید بووە".

"چەكدارانی داعش لەم ماوەیەدا زیاتر چەكی قەناس لە هێرشەكانیاندا بەكاردەهێنن.. هێرشەكەی گوندی شەبیجەش كە ژمارەیەك پۆلیس شەهید بون هەر بە ناقس بوو، چونكە توانای بەرەنگاربونەوەی راستەوخۆیان نییە و لە دورەوە هێرشدەكەن و دەكشێنەوە".

لە روداوەكەی گوندی شەبیجەی ناحیەی رەشاد، 11ی ئەیلولی 2021 ژمارەیەك چەكدار كە بەوتەی هێزە ئەمنییەكان "داعش" بون، هێرشیانكردە سەر هێزیكی پۆلیسی فیدراڵی و بەهۆیەوە چوار پۆلیسی فیدراڵی كوژران.

ماوەیەكە ناوچەكانی جێناكۆك بەتایبەت لە هەرسێ پارێزگای كەركوك، دیالە و سەڵاحەدین بە دۆخێكی سەقامگیردا تێپەڕنابێت، جموجۆڵ و هێرشی چەكداری بۆ سەر هاوڵاتیان و هێزە ئەمنییەكان بەردەوامی هەیە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT