كەركوك؛ حكومەت باج دەخاتە سەر مۆلیدە و ئەوانیش پارەكە لە هاوڵاتیان وەردەگرن

كەركوك/ 23ـی تشرینی دوەمی 2021/ خاوەنی مۆلیدەكان لە گردبونەوەیەكدا داوای بەخشینیان لە باج و پێدانی گاز دەكەن تا بارگرانی نەخرێتە سەر هاوڵاتیان فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

حكومەتی فیدراڵی عیراق، لەڕێی راگرتنی بەشە گازی مانگانەی مۆلیدە ئەهلییەكانی كەركوك هەوڵدەدات ناچاریان بكات باج بدەن، بۆیە ئەوانیش هەڕەشەی وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە لە هاوڵاتیان دەكەن ئەگەر چارەسەری دیكەیان بۆ نەدۆزرێتەوە.

دەستەی گشتی باج، لە چەند مانگی رابردودا بڕیاریداوە هەر مۆلیدەیەكی ئەهلی پێویستە لە سەرەتای دانانیەوە تائێستا بڕە پارەیەكی وەك باجی لێوەربگیرێت.

ئەوەش لەكاتێكدا هەندێك لە مۆلیدە ئەهلییەكان نزیكەی 18 ساڵە دانراون و لەوكاتەوە چەندین دەستاودەستیان پێكراوە.

"بەداخەوە ئێمەش ناچار دەبین ئەو پارەی باجە لە سەر هاوڵاتی هەژمار بكەین، بۆ نمونە ئەگەر پارەی ئەمپێرێك بە 20 هەزار دینار دیاریبكرێت ئەوكات ئێمە بڕی 25 هەزار دینار لە هاوڵاتیان وەردەگرین" سامر ئیسحاق بۆ (كەركوك ناو) وادەڵێت.

ئەو دەڵێت بەپێی ناوەڕۆكی بڕیارەكەی حكومەتی عیراق، لەو رۆژەوەی مۆلیدەكانیان دانراوە تائێستا باجیان لەسەر هەژماركراوە، لەمەودواش ساڵانە دەبێت باج بدەن، ئەگەرنا بەشە گازیان پێنادرێت.

بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) زیاتر لە دوو مانگە بەشە گازی مۆلیدە ئەهلییەكان راگیراوە كە حكومەت وەك هاوكارییەك بە نرخێكی رەمزی مانگانە پێیاندەدات.

سامر وتی "دوو مانگە بەشە گازمان وەرنەگرتووە و دەڵێن پێویستە باج بدەین".

"هاوڕێیەكمان كە مۆلیدەی هەیە چەند رۆژێك لەمەوبەر چۆتە فەرمانگەی باج و بڕی چوار ملیۆن و 600 هەزار دیناری لێوەرگیراوە بۆ چوار ساڵ، ئەمەش بڕێكی زۆرە و ساڵانە زیاتر لە ملیۆنێك دینار دەكات، بەڵام ئەگەر واسیتەت هەبێت ئەوا ئەتوانی ئەو بڕە پارەیەی باج كەمبكەیتەوە" ئەو وای وت، بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەك بۆ هەبونی واسیتە بخاتەڕوو یان ناوی هیچ فەرمانگەیەكی حكومی بهێنێت.

ڤیدیۆ: كەركوك/ تشرینی دوەمی 2021/ خاوەنی مۆلیدە ئەهلییەكان داوای بەخشینیان لە باج و پێدانی بەشە گازی مانگانە دەكەن

سامر و خاوەنی دەیان مۆلیدەی دیكەی ئەهلی لە كەركوك، 23ـی تشرینی دوەمی 2021 گردبونەوەیەكی ناڕەزاییان ئەنجامدا بۆ داواكردنی بەشە گازی مانگانە و بەخشینیان لە باج.

نرخی مانگانەی هەر ئەمپێرێكی كارەبای مۆلیدە هەندێكجار دەگاتە زیاتر لە 15 هەزار دینار و ئەوەش لە چەند ساڵی رابردودا بەردەوام جێی ناڕەزایی هاوڵاتیان بووە.

فەلاح یایچلی، قایمقامی قەزای ناوەندی كەركوك كە سەرپەرشتی راستەوخۆ كاروباری مۆلیدە ئەهلییەكان دەكەن بە (كەركوك ناو)ی وت لە هەوڵی ئەوەدان بگەنە بە رێككەوتن تا دوبارە پێدانی بەشە گازی مۆلیدەكان دەستپێبكاتەوە، بەڵام تائێستا گفتوگۆكانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكاندا ئەنجامی نەبووە.

"بەرهەمە نەوتییەكان لەسەر داوای دەستەی باج بەشە گازیان پێنادەن ئەگەر باج نەدەن" بەوتەی قایمقام ئەگەر لەگەڵ كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكاندا نەگەنە رێككەوتن و چارەسەری ئەو گرفتە نەكەن، ئەوا "ناچار دەبین سكاڵای یاسای لە دژی بەرهەمە نەوتییەكان تۆماربكەین".

(كەركوك ناو) زیاد لە جارێك هەوڵیدا لێدوانی لقی كەركوكی كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان وەربگرێت بەڵام هەوڵەكان بێ ئاكام بون.

پارێزگای كەركوك، رۆژانە پێویستی بە زیاتر له‌ هەزار مێگاوات كارەبا هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت كارەبای پێویست بە هاوڵاتیان بدات، به‌ڵام كه‌متر له‌ نیوه‌ی ئه‌و بڕه‌ی پێده‌گات و بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ش پشت به‌ 733 مۆلیده‌ی ئه‌هلی ده‌به‌ستێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT