هەناردەی نەوتی كەركوك بایی زیاتر لە 150 ملیۆن دۆلارە

كه‌ركوك، 2014، كۆمپانیای نه‌وتی باكور كه‌ سه‌رپه‌رشتی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوك ده‌كات فۆتۆ: كەركوك ناو

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوك، له‌ مانگی رابردوودا زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل بووە و داهاته‌كه‌ی به‌پێی نرخی فرۆشتنی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی جیهاندا، زیاتر لە 150 ملیۆن دۆلاره‌.

به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق، هه‌نارده‌ی نه‌وتی خاو له‌ ته‌واوی كێڵگه‌كانی وڵاتدا بۆ مانگی تشرینی دوەمی 2021 گه‌یشتۆته‌ 98 ملیۆن و 192 هه‌زار و 317 به‌رمیل نه‌وت، به‌ داهاتی زیاتر لە حەوت ملیار و 590 ملیۆن دۆلار.

هەر بەرمیلێك نەوتی خاوی عیراق لەو مانگەدا بە زیاتر لە 77 دۆلار مامەڵەی پێوەكراوە.

وه‌زاره‌ت له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رونیكردۆته‌وه‌ مانگی تشرینی دوەمی ئه‌مساڵ له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوكه‌وه‌ دوو ملیۆن و 32 هه‌زار و 685 به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ی به‌نده‌ری جیهان كراوه‌ له‌ توركیا، ئەوەش داهاتەكەی زیاترە لە 150 ملیۆن دۆلار.

ئەوەش كەمترە لە بڕی هەناردەی نەوتی مانگی تشرینی یەكەم بۆ هەمان بەندەر كە زیاتر لە سێ ملیۆن به‌رمیل بوو بە داهاتی زیاتر لە 242 ملیۆن دۆلار.

لە سنوری پارێزگای كەركوك پێنج كێڵگه‌ی سه‌ره‌كی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاو هه‌یه‌؛ ئاڤانا، بای حەسەن، قوبەی بابا، جمبور ‌و خەبازە كه‌ لەژێر دەسەڵاتی كۆمپانیای نه‌وت باكور-ی سه‌ر به‌ حكومەتی عیراقیدان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT