ئیسماعیل حەدیدی، راوێژکاری سەرۆک کۆماری عیراق:
یاسا تاكە چارەسەرە بۆ كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەركوك

ئیسماعیل حەدیدی، راوێژکاری سەرۆک کۆماری عیراق و كەسایەتی عەشیرەتی حەدیدی لە پارێزگای كەركوك فۆتۆ: پەیجی ناوبراو لە فەیسبوك

كەركوك ناو

ئیسماعیل حەدیدی، راوێژکاری سەرۆک کۆماری عیراق و كەسایەتی عەشیرەتی حەدیدی لە پارێزگای كەركوك، پێیوایە كێشەی زەویوزار لە كەركوك بە ئاسانی كۆتایی نایات و دەڵێت یاسا تاكە چارەسەرە و پێویستە پەرلەمانی عیراق بەو رۆڵە هەستێت.

ئەو وتانەی حەدیدی لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا هات لەگەڵ (كەركوك ناو)، كە تیایدا باس لە كێشەی بەردەوامی زەویوزاری نێوان جوتیارانی نەتەوەكان دەكات لە پارێزگای كەركوك.

ئیسماعیل حەدیدی، دەڵێت پێشتر لە ساڵی 2005، دەستەی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە عیراق پێکهێنرابوو، "ئەم دەستەیە پرسی گرفتی زەوییە کشتوکاڵییەکانی لەئەستۆ گرتبوو بۆ قۆناغی راگوزەر، بەڵام دواتر دەستەكە نەما و كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكان بە چارەسەرنەكراوی مایەوە".

"گرفتی گەورەی بەردەم زەوییە كشتوكاڵییەكان، ئەوەیە هەمووی بە رێكاریی یاساییكراون، بۆیە دەكرێت تەنیا لەڕێی یاساوە چارەسەربكرێن"، حەدیدی وایوت.

لە حەفتاكانی سەدەی رابردوو، حزبی بەعس، بە سەرۆكایەتی سەدام حسێن، زۆرێك لە زەوییە كشتوكاڵییەكانی هەردوو نەتەوەی كورد و توركمانی بەپێی گرێبەستێكی كشتوكاڵی لە چەند ناوچەیەكی كەركوك بەسەر جوتیارانی عەرەبدا دابەشكرد، كە بەشێكی زۆریان لە خوارو و ناوەڕاستی عیراقەوە هێنرابون.

پرۆسەكە بە بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش كرا، كە بڕیارەكانی ئەو ئەنجومەنە هێزی یاساییان هەیە و هەر هەنگاوێك بە پێچەوانەی ئەو بنرێت پێویستە لەڕێی یاسا و لە پەرلەمانەوە بكرێت.

گرفتی زەوی و زار لە پارێزگای كەركوك وا بەئاسانی كۆتایی نایات

حەدیدی وتی "لە دوای کۆتاییپێهێنانی كارەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان (لە كۆتایی 2019)، جوتیارانی عەرەب لە ڕێگای داداگاوە هەندێك سکاڵایان تۆمارکرد و توانیان لە سودی خۆیان كۆتایی پێبهێنن و فەرمانگەی کشتوکاڵیش بە پشتبەستن بە بڕیارەكانی دادگا فەرمانەكەی جێبەجێكرد... بۆیە لەڕوی ئیدارییەوە تا ئێستا کارکردن بە گرێبەستەکان لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی عیراقەوە رانەگیراوە".

لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ، ناكۆكی نێوان جوتیارانی كورد و عەرەب، لە چەند گوندێكی ناحیەی سەرگەڕان لە كەركوك گەیشتە تروپك و سوپا بۆ رونەدانی شەڕ دەستتێوەردانی كرد.

لە ئێستادا دانیشتووانی 35 گوندی ناحیەكە لە خۆرئاوای كەركوك لەبەردەم نائارامی بەردەوامدان، بەهۆی چارەسەرنەكردنی كێشەی زەویوزاری نێوانیان.

ئیسماعیل حەدیدی، كە یەكێكە لەو كەسایەتییانەی چەند جارێك لە سەرۆكایەتی كۆمار بۆ ئەو پرسە راوێژی پێكراوە، بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەر، وتی "من پێموایە گرفتی زەویوزار لە پارێزگای كەركوك وا بەئاسانی كۆتایی نایات، مەگەر بە پێکهێنانی چەند لیژنەیەکی ئیداریی و لێكۆڵینەوە لەو ناوچانە و رێكخستنی گفتوگۆ لەنێوان كەسایەتیی و عەشیرەتەكانی ناوچەكە و دواتر دەركردنی بڕیارێك لەڕێی پەرلەمانی عیراقەوە".

ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر پەرلەمانی عیراقیش لیژنەی لێكۆڵینەوەی بۆ ئەو مەبەستە پیكهێنا و لیژنەكان نەگەیشتنە ئەنجامی كۆتایی.

ناكرێت هەموو عەرەبی گوندەكان بە هاوردە هەژماربكرێن

حەدیدی وتی كە ئاگاداری كارەكانی لیژنە پەرلەمانییەكە بوو و ئەنجامەكانی باش نەبووە، بەبێ ئەوەی رونكردنەوەی زیاتر بدات.

ئیسماعیل حەدیدی، باس لە ئاڵۆزی كێشەكە دەكات و پێیوایە هەمویان بە جۆرێك لە جۆرەكان بانگەشەی خاوەندارێتی زەوییەكانیان دەكەن، بەڵام بەشێكی راستی تیا نییە.

"بۆ نمونە لە گوندێكی كەركوك بەناوی قزلیار، جوتیارەكە بە تاپۆ 20 دۆنم زەوی هەیە و مافی خۆیەتی، دواتر بەدەر لە یاسا 80 دۆنمی تری داگیركردووە، ئێستا دەڵێت من خاوەنی 100 دۆنم زەویم و داگیركراوە، كە لەڕاستیدا 20 دۆنم زەویی هەیە"، حەدیدی پێیوایە ئەو بانگەشانە كێشەكانیان زیاتر ئاڵۆز كردووە.

وتیشی "ناكرێت هەموو عەرەبی گوندەكان بە هاوردە هەژماربكرێن، دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت... بۆ نمونە هۆزی شەمەر، لە سنوری قەزای دوبز، راستە لە ساڵانی حەفتاکان گرێبەستی کشتوکاڵییان بۆ کراوە، بەڵام ناسنامەکانیان ناسنامەی هاوردە نین، چونک پێشتر لە ساڵی 1963ەوە هەر لەو ناوچەیە بون و لەوێ نیشتەجێ بون... ئێستاش بەڵگەنامەی یاساییان هەیە، كە گرێبەستی زەویی كشتوكاڵییە، چونە دادگا و توانیان زەوییەكانیان بەدەستبهێننەوە".

بۆیە حەدیدی وتی "تاكە چارەسەر ئەوەیە سەرەتا لەڕێی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن، دواتر لەڕێی یاسا و لە پەرلەمانی عیراقەوە كێشەكان چارەسەر بكرێن... ئەوە تاكە رێگایە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT