داهاتی هەناردەی نەوتی كەركوك بۆ توركیا
لە مانگی رابردودا بایی زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار بووە

كه‌ركوك/ 2014/ كۆمپانیای نه‌وتی باكور كه‌ سه‌رپه‌رشتی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوك ده‌كات فۆتۆ: كەركوك ناو

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

هەناردەی نەوتی خاوی كەركوك بە بۆری، لە مانگی رابردودا زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل بووە و داهاتەكەی بەپێی نرخی فرۆشتنی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا، گەیشتۆتە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی نەوتی عیراق، لە كانونی دوەمی 2022ـدا هه‌نارده‌ی نه‌وتی خاو له‌ ته‌واوی كێڵگه‌كانی وڵاتدا گه‌یشتۆته‌ 99 ملیۆن و 286 هه‌زار و 78 به‌رمیل نه‌وت، به‌ داهاتی زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار.

هەر بەرمیلێك نەوتی خاوی عیراق لەو مانگەدا بە زیاتر لە 83 دۆلار مامەڵەی پێوەكراوە.

وه‌زاره‌ت له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رونیكردۆته‌وه‌ مانگی كانونی دوەمی ئەمساڵ له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوكه‌وه‌ دوو ملیۆن و 545 هه‌زار و 656 به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ی به‌نده‌ری جیهان كراوه‌ له‌ توركیا، كە داهاتەكەی زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار دەكات.

ئەوەش لەكاتێكدایە لە مانگی كانونی یەكەمی 2021ـدا، هەناردەی نەوتی كەركوك بۆ جیهان زیاتر لە دوو ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل بوو، بە داهاتی نزیكەی 195 ملیۆن دۆلار.

لە سنوری پارێزگای كەركوك پێنج كێڵگه‌ی سه‌ره‌كی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاو هه‌یه‌؛ ئاڤانا، بای حەسەن، قوبەی بابا، جمبور ‌و خەبازە كه‌ لەژێر دەسەڵاتی كۆمپانیای نه‌وت باكور سه‌ر به‌ حكومەتی عیراقیدان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT