ئاوارەكانی دەرەوەی كەمپ لە دهۆك؛ بەبێ تۆماری ئەلیكترۆنی ڤـاكسین وەردەگرن

دهۆك/ شوباتی 2022/ غەزال حەجی عەلی (45 ساڵ) لە ئاوارەكانی دەرەوەی كەمپە و لە بنكەیەكی تەندروستی ڤاكسینی وەرگرتووە فۆتۆ: عەمار عەزیز

عەمار عەزیز – دهۆك

غەزال حەجی عەلی، خانمێكی ئاوارەی ئێزیدییە لە دەرەوەی كەمپەكانی دهۆك، بەبێ تۆماركردنی پێشوەختەی ئەلیكترۆنی، راستەوخۆ سەردانی بنكەیەكی تەندروستی دەكات و بێ هیچ بەربەستێكیش ڤاكسینی كۆرۆنا وەردەگرێت.

"ئێستا تۆماری ئەلیكترۆنی پێشوەختە نەماوە، پێشتر وابوو، بۆیە ئێمە بەبێ تۆماركردنی هیچ زانیارییەك یان پڕكردنەوەی فۆڕمی ئەلیكترۆنی، لە بنكەی تەندروستی شاریا توانیمان ڤاكسین وەربگرن، بۆ خەڵكی ناوچەكە و ئاوارەكانی دیكەش بەهەمانشێوەیە" غەزال (45 ساڵ) وای وت.

ئەو خەڵكی شنگالە و دوای هەڵاتنی لە داعش، نزیكەی هەشت ساڵە لە كۆمەڵگەی شاریا لە قەزای سێمێل-ـی پارێزگای دهۆك دەژی.

"لەكاتی وەرگرتنی ڤاكسینیدا كەس پرسیاری لێنەكردین ئایا ئاوارەین، یاخود ئاوارەی دەرەوەی كەمپین یاخود ناو كەمپ، لە ئەیلولی ساڵی رابردووەوە دوو ژەمە ڤاكسینی جۆری فایزەرم بەوشێوەیە وەرگرتووە" غەزال دەڵێت تەنیا كێشە قەرەباڵغی بنكەكە بوو، بۆیە داوای كردنەوەی بنكەی زیاتری كوتان و دابینكردنی ژەمی سێیەمی ڤاكسین دەكات.

لەكاتی وەرگرتنی ڤاكسینیدا كەس پرسیاری لێنەكردین ئاوارەی دەرەوەی كەمپین یاخود ناو كەمپ

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە شوباتی 2021ـدا ماڵپەڕێكی كردەوە بۆ تۆماری پێشوەختەی ئەو هاوڵاتییانەی دەیانەوێت خۆیان بكوتن تا لەو ڕێگەیەوە زانیارییەكانیان بنوسن و هەر لەوێوە شوێنی پێدانی ڤاكسین و كاتی كوتانەكەیان دیاریبكرێت.

شیمال جەمیل حەسۆ، بەڕێوەبەری كارگێڕی لە بنكەی تەندروستی شاریا بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو تۆمارە ئەلیكترۆنییەی وەزارەت تا شەش مانگ كاری پێكرا، دواتر راگیرا، لەوكاتەوەی سیستەمەكە راگیراوە هاوڵاتیان دەتوانن راستەوخۆ سەردانی بنكەی كوتان بكەن و ڤاكسین وەربگرن".

هەر هاوڵاتییەك دوای سەردانی بنكەی تەندروستی و تۆماركردنی ناوی لە فایلێكدا نوسراودا؛ راستەوخۆ ڤاكسینی پێدەدرێت و كاتی پێدانی ژەمی دوەمی ڤاكسینەكەیشی بۆ دادەنرێت، دواتر فەرمانبەرانی ئەو بنكەیە پێویستە زانیاری لەسەر وەرگری ڤاكسینەكە بە ئەلیكترۆنی تۆماربكەن تا بتوانێت لە داهاتوودا كارتی پلاستیكی ڤاكسین بەدەستبهێنێت.

شیمال وتی "هیچ مەرجێكی تایبەت نییە بۆ ئاوارەكانی دەرەوەی كەمپ تا ڤاكسین وەربگرن، وەك هەر هاوڵاتییەكی تر تەنیا پێویستە رەگەزنامە یان پێناسی باری شارستانی یان كارتی نیشتمانی پێبێت".

ڤیدیۆ: دهۆك/ شوباتی 2022/ عادل سلێمان میرزا (35 ساڵ)، ئاوارەی دەرەوەی كەمپە و باس لە چۆنیەتی وەرگرتنی ڤاكسین دەكات

لە 664 هەزار ئاوارەی هەرێمی كوردستان؛ نزیكەی 280 هەزار كەسیان دەكەونە سنوری پارێزگای دهۆك و لەو ژمارەیەش نزیكەی 145 هەزار ئاوارە لە دەرەوەی كەمپەكاندا دەژین، بەپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

"هیچ جیاوازییەك لە نێوان ئێمە و ئاوارەكانی ناو كەمپ و خەڵكی ناوچەكەدا ناكرێت، هەر كاتێك بمانەوێت دەتوانین راستەخۆ لە بنكەكاندا ڤاكسین وەربگرن، تەنیا كێشەیەك هەبێت قەرەباڵغی زۆرە، منیش هەر ئەوە رێگر بوو لەوەی ڤاكسین وەربگرم و دوای نزیكەی دوو كاتژمێر راوەستان لە سەرەدا، گەڕامەوە بۆ ماڵەوە" شیرین خدر بۆ (كەركوك ناو) وادەڵێت.

شیرین (40 ساڵ)، خەڵكی كۆمەڵگەی خانەسۆری شنگالە و لە خێوەتدا دەژی، بەڵام لە دەرەوەی كەمپی ئاوارەكانی شاریایە، شوێنی نیشتەجێبونەكەیشی چەند سەد مەترێك لە بنكەی تەندروستی كۆمەڵگەكەوە دورە، "هاوسەر و كچەكەم ڤاكسینیان وەرگرتووە، منیش دوو مانگ لەمەوبەر چومە بنكەكە زۆر قەرەباڵغ بوو، بۆیە نەمتوانی زۆر بمێنمەوە و لەبەر منداڵە بچوكەكەم گەڕامەوە، ئیتر هێشتا نەچومەتەوە بۆ كوتان".

لەو بنكەیەیەی شاریا، كە سەدان خێزانی ئاوارەی كەمپ و دەرەوەی كەمپ و خەڵكی ناوچەكەیشی لەسەرە، رۆژانە لە 8:30 بەیانییەوە تا كاتژمێر 12:30ـی نیوەڕۆ ڤاكسین بە هاوڵاتیان دەدرێت.

ئێستا پرۆسەی تۆماركردنی ناو و زانیاری ئەلیكترۆنی بۆ وەرگرتنی ڤاكسین نەماوە

"قەرەباڵغییەكی زۆرمان لەسەرە، كارمەندمان كەمە و رۆژانە هەر دەتوانین سەروو 100 ژەمە ڤاكسین بە هاوڵاتیان بدەین" بەڕێوەبەری كارگێڕی بنكەی تەندروستی شاریا دەشڵێت تاكە بنكەی كوتانن لە كۆمەڵگەكە و داوای كردنەوەی بنكەی دیكەیان كردووە بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبووە.

لە پارێزگای دهۆك زیاتر لە 427 هەزار كەس ڤاكسینیان وەرگرتووە، ئەوەش بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی عیراق كە تەنیا ژەمی یەكەمی هەژماركردووە بەڵام جیانەكراوەتەوە چەندیان ئاوارەن، لەكاتێكدا دانیشتوانی پارێزگاكە بە ئاوارە و پەنابەرانەوە دەگاتە زیاتر لە ملیۆنێك و 600 هەزار كەس.

حەمزە محەمەد، لێپرسراوى راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى پارێزگاى دهۆك بە (کەرکوك ناو)ی وت  "ئێستا پرۆسەی تۆماركردنی ناو و زانیاری ئەلیكترۆنی بۆ وەرگرتنی ڤاكسین نەماوە، هەر ئاوارەیەكی عیراقی تەنیا رەگەزنامەی هەبێت دەتوانێت لە بنكەكانمان ڤاكسین وەربگرێت، جا ئەو ئاوارەیە لە ناو كەمپدا بێت یان دەرەوەی كەمپ بۆ ئێمە هیچ جیاوازییەكی نییە".

ئەو دەڵێت ناتوانن بنكەی زیاتری كوتان بكەنەوە بەهۆی كەمی كارمەند و بودجەی پێویستەوە.

awara vaccine  (6)
دهۆك/ شوباتی 2022/ بنكەی تەندروستی شاریا كە ڤاكسینی كۆرۆنا بە هاوڵاتیان دەدات فۆتۆ: عەمار عەزیز 

ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان زۆرینەیان خەڵكی نەینەوان و سەدا 30ـیان ئێزیدی، سەدا 7ـیان كریستیان و ئەوانیتر لە كورد، عەرەبی سونە، شەبەك، ئەرمەن و توركمان و پێكهاتەكانی تر پێكدێن.

كاروان زەكی، لێپرسراوی راگەیاندنی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان سەر بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم –سەرپەرشتی كەمپەكانی ئاوارە و پەنابەران دەكەن- بە (كەركوك ناو)ـی وت "26 هەزار و 432 خێزانی ئاوارە لە كەمپەكانی هەرێمدا هەن و 38 هەزار و 850 خێزانیش لە دەرەوەی كەمپەكاندان، بەڵام لە پێدانی ڤاكسین هیچ جیاوازییەك لەنێوان ئاوارەی دەرەوەی كەمپ و ناو كەمپدا ناكرێت".

هەروەها رونیكردەوە هیچ بنكەیەكی تایبەت بە كوتانی هاوڵاتیانی دەرەوەی كەمپ نەكراوەتەوە و وەك هەر هاوڵاتییەكی دیكە دەتوانن لە بنكەیەكی پێدانی ڤاكسین لەو ناوچەیەی تیایدا نیشتەجێیە، خۆی بكوتێت.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم؛ لە پارێزگای دهۆك بە ئاوارە و پەنابەرانەوە تائێستا زیاتر لە 139 هەزار كەس توشی كۆرۆنا بون و لەو ژمارەیەش سەروو 1800 كەس مردون.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT