خوێندنگەی چەم مشكۆ لە خۆڵ و خاشاكدا دەخنكێت

دهۆك/ شوباتی 2022/ كەڵەكەبونی خۆڵ و خاشاك لە نزیكی قوتابخانەی كەمپی چەم مشكۆ فۆتۆ: تایبەت بە (كەركوك ناو)

عەمار عەزیز – دهۆك

خوێندكاران و مامۆستایانی كەمپی چەم مشكۆ دادوبێدادیانە بەدەست بۆنی ناخۆشەوە، بەهۆی كەڵەكەبونی خۆڵ و خاشاكی هەزاران خێزانی ئاوارە لە چواردەوەری قوتابخانەكەیاندا، بێ هیچ لێپرسینەوە و چارەسەرێك.

بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، لە چواردەوەری قوتابخانەی كەمپی چەم مشكۆ، خۆڵ و خاشاكی زۆر كۆبۆتەوە و جگە لە بڵاوبونەوەی بۆنی ناخۆش، دیمەنی ناوچەكەیشی شێواندووە، لەكاتێكدا ئەو كێشەیە دوو ساڵە دوبارە دەبێتەوە.

"دەچینە دەوام و دەگەڕێینەوە هەر دەبێت ئەو دیمەنانە ببینین، هەستناكەم لە قوتابخانەم، چونكە بۆنی ناخۆشی زبڵەكە لەناو پۆل و گۆڕەپانی قوتابخانەكەشدا زۆر بڵاوبۆتەوە" قاسم خەڵەف (12 ساڵ)، خوێندكاری قوتابخانەی چەم مشكۆ وای وت.

ئەو لە پۆلی شەشی بنەڕەتییە و دەڵێت بە ناچاری لەو قوتابخانەیە دەوام دەكات، چونكە ناتوانێت رۆژانە بگاتە قوتابخانەی دورتر، "گوناحی ئێمە چییە هەموو رۆژێك ئەو بۆنە هەڵمژین، هەموجارێك دەڵێم بەڵكو خوایە بە یەكجاری قوتابخانەكە پاككرابێتەوە، بەڵام وا دوو ساڵە لەم ناخۆشییەداین" قاسم بۆ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە ماوەیەكە توشی هەستیاری پێست بووە و گومانی هەیە بەهۆی خۆڵ و خاشاكی نزیكی قوتابخانەكەیەوە بێت.

گوناحی ئێمە چییە هەموو رۆژێك ئەو بۆنە هەڵمژین

قوتابخانەی چەم مشكۆ، سەر بە پەروەردەی كوردی قەزای شنگالە و دەكەوێتە ناوەندی كەمپی چەم مشكۆ لە قەزای زاخۆی پارێزگای دهۆك، هەزار و 267 خوێندكاری هەیە لەگەڵ 51 مامۆستا، لە پۆلی یەك تا پۆلی 9ـی بنەڕەتی تێدایە.

خدر قاسم شەمۆ، بەڕێوەبەری قوتابخانەی چەم مشكۆ بە (كەركوك ناو)ـی وت "زۆرینەی ئاوارەكانی كەمپ خاشاك و شتی زیادەی ماڵی خۆیان لە دەوروبەری خوێندنگە فڕێدەدەن، چەندجارێك خوێندكارەكانمان پاكیان كردۆتەوە بەڵام بێسودە، دوبارە وەك خۆی لێدێتەوە".

كەڵەكەبونی خۆڵ و خاشاك كاریگەری لەسەر خوێندنی قوتابخانەكەش هەبووە، بەوتەی خدر قاسم "بۆنی ناخۆش بە ناو هەموو خوێندنگەكەدا بڵابۆتەوە"، ترسیشی هەیە بەوهۆیەوە توشی نەخۆشی پێست ببن.

بەڕێوەبەری قوتابخانەكە دەڵێت سەرباری ئەوەی چەندینجار ئیدارەی كەمپ و لایەنی پەیوەندیداریان ئاگاداركردۆتەوە بەڵام ئەنجامی نەبووە، لەكاتێكدا خەڵكی كەمپ بە ئۆتۆمبێل زبڵ لەو شوێنەدا فڕێدەدەن، بێ ئەوەی كەس لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكات یان هیچ كەسێك سزابدرێت، "بۆیە چیتر ناتوانین بەوشێوەیە دەوام بكەین و داواكارین پەروەردەی شنگال چارەسەری كێشەكە بكات".

(كەركوك ناو) پەیوەندیكرد بە ئیدارەی كەمپی چەم مشكۆ بەڵام ئامادەنەبون لەوبارەیەوە لێدوان بدەن تەنیا ئەوەندەیان وت هەوڵی چارەسەری كێشەكە دەدەن.

ڤیدیۆ: شوباتی 2022/ خۆڵ و خاشاكی كەمپی چەم مشكۆ خوێندكار و مامۆستایان بێزار دەكات

كەمپی چەم مشكۆ زۆرینەی دانیشتوانی خەڵكی شنگالن، زیاتر لە چوار هەزار و 300 خێزانی تێدایە كە زیاترن  لە 21 هەزار هاوڵاتی، ئەوەش بەپێی ئاماری رەسمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

مەیسەر حەجی، بەرێوەبەری پەروەردەی كوردی شنگال –سەر بە حكومەتی هەرێم- بە (كەركوك ناو)ـی وت پێشتر ئاگاداری ئەو كێشەیە نەبون و تازە زانیویانە كێشەیەكی هاوشێوە هەیە، ئەوەش بەرپرسیارێتی ئیدارەی كەمپە شوێن بۆ فڕدانی خۆڵ و خاشاك تەرخانبكەن و دەوروبەری قوتابخانەكە پاكبكەنەوە.

"بە نوسراو ئیدارەی كەمپ ئاگاداردەكەینەوە بە زوترین كات ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن" حەجی دەڵێت هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاكی كەڵەكەبوی چواردەوەری ئەو قوتابخانەیە ئەركی كارگوزاری قوتابخانەكە نییە و دەبێت ئیدارەی كەمپ چارەسەری بكات.

قه‌زای شنگال؛ دوو په‌روه‌رده (كوردی و عه‌ره‌بی) هه‌ن، به‌ هه‌ردوكیان زیاتر له‌ 54 هه‌زار خوێندكاریان هه‌یه‌ و به‌شێكی زۆریان هێشتا له‌ كه‌مپ و ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا ئاواره‌ن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT