بەبێ بنكەی كوتان
سەدا 80ـی دانیشتوانی گوندێكی كریستیانی ڤاكسین وەردەگرن  

عیراق/ 2021/ كارمه‌ندێكی بنكەی تایبەت بە پێدانی ڤاكسینی كۆرۆنا فۆتۆ: راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی

عەمار عەزیز – نەینەوا

لە گوندی باتنایێی كریستیانی نشین، هیچ بنكەیەكی تایبەت بە كوتان نییە، لەگەڵ ئەوەشدا سەدا 80ـی دانیشتوانی ناوچەكە ڤاكسینیان وەرگرتووە.

ئەو گوندە سەر بە قەزای تلكێفە لە دەشتی نەینەوا، هەموو دانیشتوانەكەی كریستیانین، كە زیاتر لە هەزار و 100 خێزان دەبن و هێشتا نزیك بە نیوەیان ئاوارەن.

"سەدا 80ـی دانیشتوانی ئێستا گوندەكە ڤاكسینیان وەرگرتووە، ئەوەش رێژەیەكی بەرزە، چونكە خەڵك بە پەرۆشن ڤاكسین وەربگرن" ئەسیر ئسخەریە عەزیز، موختاری گوندی باتنایێ بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

لەو گوندە تەنیا بنكەیەكی تەندروستی هەیە بەڵام بەشی تایبەت بە كوتان و پێدانی ڤاكسینیان نییە.

عەزیز وتی "خەڵك دەچنە تلسقۆف و ئەلقوش و ناوەندی تلكێف بۆ وەرگرتنی ڤاكسین، راستە رێگاكە نزیك نییە، بەڵام ئەو هۆكارە واینەكردووە هاوڵاتیان واز لە ڤاكسین بهێنن".

نزیكترین بنكەی كوتان لە باتنایێ بە دوری پێنج كیلۆمەتر دەكەوێتە گوندی تلسقۆف، كە ئەو ناوچەیەش كریستیانی نشینە و سەر بە قەزای تلكێف-ـە.

"راستە لە تلسقۆف یەك بنكەی كوتان هەیە، بەڵام ئەوە گرفتی دروستنەكردووە و هاوڵاتیان بە ئاسانی دەتوانن خۆیان بكوتن" بەوتەی ناجی هورمس بوترس، موختاری گوندی تلسقۆف.

هەروەها وتی "كارمەندانی تەندروستی زۆر هاوكارن لەگەڵ خەڵك و بەردەوام هانیان دەدەن ڤاكسین وەربگرن".

تلسقۆف سنورێكی بەرفراوانی هەیە و ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە هەزار و 400 خێزانن، رێژەی زیاتر لە سەدا 70ـی خەڵكەكەی ئاوارەن بەهۆی وێرانكارییەكانی شەڕی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام – داعش"، كە دوو ساڵ لە ناوچەكەدا مانەوە و بەهۆیەوە زیان بە خانوو، كڵێسا و شوێنه‌ گشتییه‌كان گەیشت.

وەلید شەمعون تلكو، دانیشتوی تلسقۆف بە (كەركوك ناو)ـی وت "بە ئاسانی، بێ كێشە و قەرەباڵغی ڤاكسینمان وەرگرت... زۆرێك لە دانیشتوانی ناوچەكە خۆیان كوتاوە.. تەنیا ئەوانە نەبێت باوەڕیان پێی نییە یان نەخۆشن، هەرچەندە رێژەی توشبون كەمبۆتەوە بەڵام هەر باشترە ڤاكسین وەربگرین".

لە تلسقۆف تەنیا یەك جۆری ڤاكسین بەردەستە ئەویش فایزەر-ـە.

بەشار حازم، لێپرسراوی پێدانی ڤاكسین لە تلسقۆف بە (كەركوك ناو)ـی وت "لە تلسقوف و باتنایێ و دەوروبەری سەدا 60ـی هاوڵاتیان ڤاكسینیان وەرگرتووە"، ئاماژەی بەوەشدا جگە لە باتنایێ، لە شەش گوندی دیكەی ناوچەكەوە خەڵك بۆ ڤاكسین سەردانی تاكە بنكەی كوتانی تلسقۆف دەكەن.

"هاوڵاتیان بەئاسانی و لەكاتێكی زۆر كەمدا دەتوانن ڤاكسین وەربگرن و رێژەی ئەو كەسانەی خۆیان كوتاوە تادێت بەرزتر دەبێتەوە" بەوتیە حازم.

(كەركوك ناو) نەیتوانی ئاماری توشبوانی كۆرۆنا تایبەت بەو دوو گوندەی دەستبكەوێت بەڵام لە پارێزگای نەینەوا تائێستا زیاتر لە 82 هەزار كەس توشی ڤایرۆسەكە بون و لەو ژمارەیە زیاتر لە هەزار كەس مردون، لەكاتێكدا ژمارەی وەرگرانی ڤاكسین لە پارێزگاكە گەیشتۆتە زیاتر لە 783 هەزار كەس.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT