پشتڕاستكردنەوە دەربارەی وەرگرتنی ڤاكسین
مردن: "هەموو ئەوانەی ڤاكسینیان وەرگرتووە لە 6 تا 24 مانگ دەمرن"

دهۆك/ شوباتی 2022/ هاوڵاتییەك لەكاتی وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا لە بنكەیەكی ناوەندی قەزای شێخان فۆتۆ: كاروان باعەدرێ

كەركوك ناو - ئینتەرنیوز

چی لەپشت ئەم دەنگۆیەوەیە؟

ئەم دەنگۆیە لە یوتیوب بڵاوكراوەتەوە، لەژێر ناوی "مەترسی و كاریگەرییە نەرێنییەكانی بەكارهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنا چین؟".

ئەم ڤیدیۆییە بەكوالێتییەكی بەرز بەرهەمهێنراوە، كە وادەریدەخات جێی متمانەیە  بەڵام چەند بانگەشەیەكی ناڕاستی لەخۆگرتووە كە وەك راستییەك نمایش دەکرێت دەربارەی مەترسییەكانی ڤاكسینی كۆڤید-19، بەدرێژایی ڤیدیۆكە دەنگۆی  بانگەشە بۆ چەند پەیامێك دەكرێت کە گوایە " كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی ڤاكسین دەیانەوێت ژمارەی دانیشتوان لە جیهان كەمبكەنەوە" ،کە ئەوەش بەشێکی بەربڵاوە لە  بیردۆزی پیلانگێڕی دژە-كوتان.

لەم بەرهەمەدا داتای ناڕاست بەكارهێنراوە تا وابكەن بانگەشەكان  باوەڕپێكراوبن. لەم ڤیدیۆیەدا هاتووە کە وەرگرتنی ژەمی یەكەمی ڤاكسین دەبێتە هۆی لەدەستدانی سەدا ١٥ـی بەرگری لەش و وەرگرتنی ژەمی دوەمی ڤاكسینەكە دەبێتە هۆی لەدەستدانی سەدا ٣٥ـی بەرگری لەش، بانگەشەی ئەوەشدەكات هەر كەسێك ڤاكسینەكە وەربگرێت دوچاری مەیینی خوێن دەبێت و نەزۆك دەبێت، هەروەها لە سەدا ٨٠ـی ژنانی دووگیان ڕووبەڕووی لەبارچونی کۆرپەلەکانیان دەبنەوە لەمانگی سێیەمی دووگیانیبوونیاندا.

بەستنەوە و گرێدانی چەند دەنگۆیەکی ناڕاست وچەوت لەڕێی بەكارهێنانی داتا و چەمك و زاراوەی پزیشكی، دەكرێت رێگەیەكی كاریگەر بێت بۆ قایلكردنی وەرگر و بینەر لەسەر بنەمای بیردۆزی پیلانگێڕی کە دەبێتە هۆی دروستبوونی ڕاڕایی و  زیاتر دوودڵ بوون لەوەرگرتنی ڤاكسین.

پێدەچێت بوونی بیردۆزی پیلانگێڕی لەو جۆرە فاكتەرێك بێت بۆ نزمی رێژەی وەرگرتنی ڤاكسین لە عیراق وکوردساندا، كە تا مانگی شوباتی ٢٠٢٢ کووتان لەسەدا ١٦ی دانێشتوانەکەی بوو، جگە لە بانگەشەی چەوت، بەڵگەی زۆر هەیە ئاماژە بەوەدەكات خەڵك ساردبوونەتەوە لە وەرگرتنی ڤاكسین، چونكە بۆچونێك هەیە دەڵێت گۆڕاوی ئۆمیكرۆن "كاریگەرییەكەی سووكترە" و مەترسییەكی ئەوتۆ لەسەر تەندروستی کەسی تووش بوو دروست ناكات، ڕەنگە ئەم بؤچوونەش پشتگیری پزیشكی بەڵگەداری لەخۆ نەگرێت:

لە زۆركاتدا نیشانەکانی توشبوون بە گۆڕاوی ئۆمیكرۆن زۆر توند نیین، بەڵام ئەوەش زۆرجار دەگەڕێتەوە بۆ ئەو راستییەی خەڵك لەڕێگەی وەرگرتنی پێکووتەکەوە جۆرێك لەبەرگری كۆڤید-١٩ پەیدا كردووە. بەڵام مەترسی گەورە لە سەر تەندروستی ئەوکەسانەیە کە پێکووتە و ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرنەگرتووە.

لە عیراق حاڵەتی مردن یاخود خسنەژێر چاودێری چڕی تەندروستی تۆمارنەكراوە بۆ هیچ کەسێک کە پێکووتەی وەرگرتبێت  

 

دڵنیابوونەوە لە راستییەكان:

دكتۆر كەمال ئۆلەری، رێكخەری گروپە تەندروستییەكان لە كوردستان، لەوەڵامی ئەم بیردۆزە پیلانگێڕییەدا رونیكردۆتەوە کە "تائێستا هیچ حاڵەتێكی مردن بەهۆی پێکووتەی كۆڤید-١٩ تۆمار نەکراوە، ئەو كەسانەی بانگەشەی دەنگۆی ئەوە دەکەن کە گوایە دوای وەرگرتنی ڤاكسین بە ٦ مانگ تا ٥ ساڵ گیان لەدەستدەدەیت، هیچ بەڵگەیەك یاخود توێژینەوەیەكی باوەڕپێكراویان پێ نییە. كوڤید-١٩ لەكۆتایی ساڵی ٢٠١٩ دا سەریهەڵدا بۆیە ئەستەمە توێژینەوەیەك هەبێت بڵێت دوای پینج ساڵ لە وەرگرتنی ڤاكسینەكە دەمریت."

سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عیراق گووتی "هەموو ئەو ڤاكسینانەی عیراق گرێبەستی بۆ هاوردەكردنیان كردووە كاریگەری خۆیان سەلماندووە، هیچ كەیسێكی پەیوەندیدار بە خراپبوونی دۆخی تەندروستی و پێدانی چارەسەری پزیشكی بۆ ئەو كەسانەی پێکووتەیان وەرگرتووە، تۆمار نەكراوە. هەروەها، لە عیراق حاڵەتی مردن یاخود خستنەژێر چاودێریی چڕی تەندروستی تۆمارنەكراوە بۆ هیچ کەسێک کە پێکووتەی وەرگرتبێت، چەند حاڵەتێكی دەگمەن هەیە بۆ ئەو كەسانەی پێکووتەیان وەرگرتووە و دواتر توشی كۆرۆنا بوون"، جەختیشیكردەوە "پەتاكە لەو كەسانەی پێکووتەیان وەرگرتووە زۆر سووكترە بەراورد بەو كەسانەی پێکووتەیان وەرنەگرتووە".

بەپێی وێبسایتی ناوەندەكانی كۆنتڕۆڵ و خۆپاراستن لەنەخۆشی (CDC)، حاڵەتی مردنی پەیوەندیدار بە وەرگرتنی ڤاكسینی كۆڤید-١٩ زۆر دەگمەنە، دەزگای خواردن و دەرمانی ئەمریكی (FDA) كارمەندانی تەندروستی پابەند كردووە بەوەی سستمی ئاگاداركردنەوە لەروداوە پێچەوانەكانی ڤاكسین (VAERS) ئاگاداربكاتەوە لەبارەی هەر حاڵەتێكی مردن لەدوای وەرگرتنی ڤاكسینی كۆڤید-١٩، تەنانەت ئەگەر هێشتا روون نەبووبێتەوە ئایا مردنەكە بەهۆی ڤاكسینەكە بووە یان نا. ئەو ئاگاداركردنەوانەی گەیشتوونەتە سستمی (VAERS) لەدوای وەرگرتنی ڤاكسین، لەنێویاندا حاڵەتی مردن، مەرج نییە بەو مانایە بێت كە ڤاكسینەكە هۆكاری گرفتە تەندروستییەكە بووە.

ئەم دەنگۆیانە دەتوانن بەئاسانی ترس و دوودڵی و نائومێدی دروستبكەن

 

ئەمە بۆچی گرنگە؟

دەنگۆی سەرەكی پشت دەبەستێت بە زنجیرەیەك لێدوانی ناڕاست، سەرچاوەكەی گروپێك لە كەسانی دژ بە كوتانن لەچەند وڵاتێكی خۆرئاوا، لەگەڵ بەكارهێنانی چەمك و زاراوەی پزیشكی بۆ ئەوەی متمانە ببەخشرێت بە ناوەڕۆكی ڤیدیۆكە. ئەم دەنگۆیانە دەتوانن بەئاسانی ترس و دوودڵی و نائومێدی دروستبكەن وبڵاویشی بکەنەوە لە نێو ئەو كەسانەی پێکووتەیان وەرگرتووە و ئەوانەی هێشتا وەریاننەگرتووە.

ئەم دەنگۆیانە بەدیاریكراوی گەنجان و ژنانی دووگیان دەكەنە ئامانج، ئەو كۆمێنتانەی لەژێر ڤیدیۆكە نوسراون كاریگەری ئەم بیردۆزی پیلانگێڕییە نیشاندەدات، كاتێك دەبینیت یەكێك نوسیویەتی "بۆچی پێشتر مەترسییەكانی ڤاكسینەکەتان بڵاونەكردۆتەوە؟ ئێستا زۆر كەس ڤاكسینەكەی وەرگرتووە"، چەندین كەسیش لینكی ڤیدیۆكەیان لەئەكاونتی خۆیان و لە گروپەكاندا دووبارە بڵاوکردۆتەوە، ئەم جۆرە زانیارییە چەوتە بەئاشکرا كاریگەریی بەرچاوی هەیە لەسەر ساردكردنەوەی هاوڵاتیە عیراقییەكان بۆ بژاردە  تەندروستییە لەبارەکان.

internews 0

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT