نرخی كیلۆیەك دەگاتە 18000 دینار
لە كەركوك رۆژانە 18 تۆن گۆشتی سور دەخورێت

كەركوك/ نیسانی 2022/ بڕینی و پارچەكردنی گۆشتی گوێرەكە و ئاژەڵی گەورە لە كوشتارگەی مۆدێرنەی كەركوك فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كەركوك

كوشتارگەی كەركوك رۆژانە 18 تۆن گۆشتی سور دەخاتە بازاڕەكانی شارەكەوە، بەڵام تادێت نرخەكەی زیاتر دەبێت و یەك كیلۆی دەگاتە 18 هەزار دینار، ئەوەش بەهۆی وشكەساڵی و رێگری لە هاوردەكردنی ئاژەڵ و زۆربونی خواستی هاوڵاتیان لە رەمەزاندا.

بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، لە بازاڕەكانی شاری كەركوك نرخی یەك كیلۆ گۆشتی نەرمەی گوێرەكە بە 18 هەزار دینارە، لەكاتێكدا پێشتر بە 14 هەزار دینار بووە و نرخی كیلۆیەك گۆشتی ئاژەڵی بچوك، لە كار و بەرخ دوو هەزار دینار زیادیكردووە و بۆتە 15 هەزار دینار.

"ئەگەر نرخی گۆشت بەرزببێتەوە ئەوا بازاڕی ئێمە لاواز دەبێت و چەندێك نرخەكەی كەمبێتەوە لە قازانجی ئێمەدایە و بازاڕمان باشترە" بەوتەی عەلی قەساب، یەكێك لە گۆشتفرۆشەكانی كەركوك بۆ (كەركوك ناو)، ئەو دەڵێت نرخی كیلۆیەك گۆشتی بەرخ لە 13 هەزار دینارەوە بۆتە 15 هەزار و گۆشتی گوێرەكەش تەنیا نەرمە بە 18 هەزار و بە ئێسقانەوە 15 هەزار دینارە.

ئەو نرخە لە هەموو كەركوك وەك یەكتری نییە و ناجێگیرە؛ بەپێی شوێن و گەڕەك و قەسابخانەكانی ناوشار یەك دوو هەزار دینار نرخەكە دەگۆڕێت.

mar w malat (1)
كەركوك/ نیسانی 2022/ مەیدانی فرۆشتنی ئاژەڵ فۆتۆ: كاروان ساڵحی

ئامینە نوری، لە نێو بازاڕی قۆریە گۆشتی سوری دەكڕی كاتێك (كەركوك ناو) پرسیاری نرخەكەی لێكرد، ئەویش بە نیگەرانییەوە وتی "شەو بخەوە و بەیانی هەستە نرخی خۆراكێك بەرزبۆتەوە، پێشتر زەیت و برنج گران بوو، ئێستا گۆشتی سوریشی هاتەسەر، .. هەموو كەسێك دژی میللەتە و میللەتیش بێدەنگە.. دڵنیام بگاتە 25 هەزار دیناریش هەر دەیكڕن".

لە رەمەزان و مانگەكانی پێشتریشدا نرخی بەشێك لە خۆراكی جۆراجۆری وشكە لە بازاڕەكانی كەركوك و پارێزگاكانی دیكەی عیراق بەرزبونەوە بەهۆی شەڕی نێوان ئۆكرانیا و روسیا.

"هۆكارێكی بەرزبونەوەی نرخی گۆشت ئەوەیە رێگەنادەن لە بازگەكانەوە مەڕ و ماڵات لە هەرێمی كوردستانەوە بهێنینە ناو كەركوكەوە، هاوردەكردنی قەدەغە كراوە، بۆ نمونە لە بازگەی شەقامی بازنەیی (حەولی – لە خۆرهەڵات و باكوری خۆرهەڵاتی كەركوكەوە) تەنیا رێگە بە هێنانی سێ سەر ئاژەڵ دەدرێت" كازم ئەحمەد كە لە مەیدانی فرۆشتنی ئاژەڵاندا كاریدەكرد، وای وت.

كازم ئەحمەد بە (كەركوك ناو)ـی وت "بەهۆی رێگری بازگەكانەوە خەڵك بەڕێگای قاچاغ ئاژەڵ دەهێننە مەیدانی ئاژەڵفرۆشان، ئەوەش زۆر دەكەوێت، بۆ هێنانی یەك بارهەڵگری گەورە ئاژەڵ هەشت ملیۆن دینار وەردەگیرێت، بۆیە ئەو پارەیەش دەخرێتە سەر نرخی ئاژەڵەكە و بە گرانتر دەفرۆشرێت".

ژمارەیەك ئاژەڵفرۆشی دیكە هەبونی "رێگەی قاچاغ"ـیان بۆ هاوردەكردنی ئاژەڵ پشتڕاستكردەوە، بەبێ ئەوەی وردەكارییەكەی ئاشكرابكەن.

qasab (7)
كەركوك/ نیسانی 2022/ قۆناغی كەوڵكردنی ئاژەڵ لە كوشتارگەی مۆدێرنەی كەركوك فۆتۆ: كاروان ساڵحی

حیكمەت نیعمەت سلێمان، بەڕێوەبەری كوشتارگەی مودێرنەی كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "كەمی بارانبارین و وشكەساڵی وایكردووە نرخی ئاژەڵ بەرزبێتەوە، چونكە لەوەڕ نەماوە و نرخی عەلەف زیادیكردووە، یەك تۆن عەلەف بۆتە 750 هەزار دینار لەكاتێكدا پێشتر بە 150 هەزار دینار بوو"، هۆكارێكی دیكەش وەك ئەو دەڵێت رێگرییە لە هاوردەكردنی ئاژەڵ لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ كەركوك.

هەروەها رونیكردەوە لە كوشتارگەی كەركوك رۆژانە نزیكەی 250 بەرخ و 120 سەر گوێرەكە سەردەبڕن، دوای پشكنینی پزیشكی و رێكارەكانی دیكە نزیكەی 18 تۆن گۆشت دەخەنە بازاڕكانی شاری كەركوكەوە.

نرخی گۆشتی ئەو ئاژەڵانەی بەبێ پشكنینی تەندروستی و لە دەرەوەی كوشتارگە سەردەبڕدرێن چەند هەزار دینارێك هەرزانترن.

هاوڕێ زەنگەنە، لێپرسراوی لیژنەكانی قایمقامیەتی كەركوك –چاودێری بارودۆخی بازاڕ دەكەن- بە (كەركوك ناو)ـی وت "راستە نرخی گۆشت بەرزبۆتەوە، بەڵام تەندروستی خۆت گرنگترە و پێویست ناكات لەبەر جیاوازی دوو هەزار دینار هاوڵاتیان گۆشتی سوری سەر شەقامەكان بكڕن"، جەختیشیكردەوە هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی گۆشتی سەر شەقام بەردەوام دەبێت.

جگە لە نەوتی خاو؛ ئاژەڵداری و كشتوكاڵ دوو سەرچاوەی دیكەی داهاتی پارێزگای كەركوكە كە ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە ملیۆنێك و 726 هەزار كەسن، بەپێی خەمڵاندنی وەزارەتی پلاندانان بۆ ساڵی 2021.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT