كازمی: گروپە چەكدارەكان بەبێ شەڕ دەردەكەین
ناوەڕۆكی كۆبونەوەی شاندی شنگال و سەرۆك وەزیرانی عیراق

بەغدا/ 9ـی ئایاری 2022/ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق پێشوازی لە شاندێكی خەڵكی شنگال دەكات فۆتۆ: راگەیاندنی نوسینگەی سەرۆك وەزیران

عەمار عەزیز – نەینەوا

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق بەڵێندەدات بەبێ شەڕ و بە ئاشتی، گروپە چەكدارەكانی دەرەوەی حكومەتی فیدراڵی لە قەزای شنگال بكاتە دەرەوە.

ئەو بەڵێنەی كازمی، لە كۆبونەوەیەكدا هات لەگەڵ شاندێكی ئێزیدیی بە نوێنەرایەتی بەشێك لە خەڵكی شنگال، كە 9ـی ئایار لە بەغدا بەڕێوەچوو بۆ تاوتوێكردنی بارودۆخی ئەمنی و ئەو بارگرژییانەی هەفتەی رابردوو لە قەزاكەدا رویدا.

"سەرۆك وەزیران وتی گروپە چەکدارەکان لە شنگال دەردەکەین، بەڵام نامانەوێت بە شەڕ ئەو گروپانە دەربکەین، بەڵكو دەمانەوێت بە ئاشتی و بەبێ شەڕ و کەمترین زیان بە خەڵکی مەدەنی ئەو كێشەیە چارەسەر بكەین" بەوتەی فەرحان ئیبراهیم، بەشداربوی كۆبونەوەكەی شاندی شنگال و كازمی بۆ (كەركوك ناو).

ئیبراهیم كە وەك نوێنەری رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لەو شاندەدا بووە، دەڵێت لە كۆبونەوەكەدا بۆ ماوەی كاتژمێرێك بە وردی باسی بارودۆخی شنگال و روداوەكانی چەند رۆژی رابردوو كراون.

شاندەكەی شنگال لە 20 كەس پێكهاتبون، لە نێویاندا ژمارەیەك سەرۆك عەشیرەت، كەسایەتیی شنگال، نوێنەری گەنجان و چالاكوان و رێكخراوەكان هەبون.

كازمی وتی بەمنزیکانە کەسێکی سەربەخۆ وەک قایمقامی شنگال دادەنێن

فەرحان ئیبراهیم وتی "كازمی وتی لە نزیكەوە چاودێری بارودۆنی شنگال دەكات و هەوڵی زۆر بۆ چارەسەری كێشەكان دەدەن، ئەوەش لەڕێی جێبەجێكردنی رێككەوتنی بەغدا و هەولێر، كە لە ئایندەیەكی نزیكدا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە".

"داوامان لە سەرۆك وەزیران كرد پێداچونەوە بە خاڵەكانی رێككەوتنەكەدا بكرێت و راوبۆچونی هاوڵاتیانی ئێزیدی قەزاكە وەربگیرێت، ئەوەش بەڵێنیدا جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە بە دڵی شنگالییەكان بێت و لەو چوارچێوەیەشدا بەمنزیکانە کەسێکی سەربەخۆ وەک قایمقامی شنگال دابنێن".

لە ئێستادا تاكە رێگا كە حكومەتی عیراق بەردەوام جەخت لە جێبەجێكردنی دەكاتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی شنگال، جێبەجێكردنی رێككەتننامەی شنگالی 2020ـە لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم بۆ پێكهێنانی ئیدارەی نوێ و رێكخستنەوەی دۆسیەی ئەمنی و ئاوەدانكردنەوە، بەپێی ئەو رێككەوتنەش دەبێت هێزەكانی نزیك لە پەكەكە شنگال بەجێبهێڵن، بەڵام ئەو رێككەوتنە تائێستا جێبەجێنەكراوە و له‌ قه‌زای شنگال زیاتر له‌ هه‌شت هێزی چه‌كداری جیاواز هه‌ن.

حەسو ئیبراهیم، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری لە شنگال بە (كەركوك ناو)ـی وت "نوێنەری ئێمە و گەنجانی سەربەخۆ لەو شاندەدا نەبون، ئێمە سەردانی شاندەكە رەتدەكەینەوە چونكە كەسانی حزبی و زۆرینە لە حزبێكی دیاریكراو بون، ... تەنیا ئامانج لێی جێبەجێکردنی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بوو لەكاتێكدا کێشەیی شنگال بەوشێوەیە چارەسەر ناکرێت".

ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری لە 2015  بەدواوە هێزەكانی نزیك لە پەكەكە بۆ ئیدارەدانی شنگال پێكیانهێنا، بەڵام بەغدا دانی پێدانەنا و لە ئێستادا شنگال بێجگە لەو ئەنجومەنە دوو ئیدارەی دیكەی هەیە، یەكێكیان لە ئۆكتۆبەری 2017ـەوە دامەزراوە و لە ناوەندی قەزاكەدایە و ئەویتر پێكهێنراوی دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانە و لە سنوری دهۆك دەوامدەكەن.

سەردانی شاندەكە رەتدەكەینەوە چونكە كەسانی حزبی و زۆرینە لە حزبێكی دیاریكراو بون

سەردانی شاندەكەی شنگال بۆ بەغدا دوای ئەوەهات؛ یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) و سوپای عیراق لە 2ـی ئایارەوە بۆ چەند رۆژێك روبەڕوی یەكتری بونەوە و بەهۆیەوە جگە لە زیانی گیانی، نزیكەی دوو هەزار خێزان لە ناوچە جیاوازەكانی شنگالەوە ئاوارەی كەمپەكانی پارێزگای دهۆك بون، تا دواتر بەپێی لێكتێگەیشتنی هەردوولا ئاگربەستی كاتی راگەیەندرا.

یەبەشە بە نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ناودەبرێن و لە ژێر ركێفی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریدا كاردەكەن.

"بەبڕوای من سەرۆك وەزیران جددییە لە چارەسەركردنی كێشەكانی شنگال و دەیەوێت ئیدارەیەكی نوێ دابنرێت" فەرحان ئیبراهیم وای وت، سەرسوڕمانی خۆشی لە ناڕەزایییەكان بەرانبەر سەردانی شاندەكە نیشاندا لەكاتێكدا پێیانوایە هەوڵەكانیان لە بەرژەوەندی هەموولایەكدایە.

بەپێی بەیاننامەیەكی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران، مستەفا كازمی لە كۆبونەوەكەدا بە ئامادەبونی لێپرسراوانی باڵای سەربازی عیراقیی جەختی لە گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ شنگال و جێبەجێكردنی رێككەوتنی بەغدا و هەولێر كردۆتەوە، كە ئامانج لێی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتی عیراقییە لە قەزاكەدا.

قه‌زای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ)، ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌ و له‌ڕوی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌، لە 3ـی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت ‌و لە 13ـی تشرینی دووەمی 2015 كۆنتڕۆڵكرایەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT