تەندروستی كەركوك: ژیانی 700 كەسمان لە خنكان رزگاركرد

زیقار/ 15ی ئایاری 2022/ گەنجێك لەكاتی وەرگرتنی چارەسەردا كە بەهۆی كاریگەریی خۆڵبارینەوە توشی تەنگەنەفەسی بووە. فۆتۆ: راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی عیراق

كەركوك ناو

فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، سەركەوتنی پلانی خۆپارێزیی لە خۆڵبارین رادەگەیەنێت و جەختدەكاتەوە لە رزگاركردنی ژیانی 700 كەس لە خنكان، كە بەهۆی كاریگەری خۆڵبارینەكەوە سەردانی نەخۆشخانەكانیان كردبوو.

لە دوو رۆژی رابردودا، شەپۆلێكی چڕی خۆڵبارین پارێزگاكانی عیراقی گرتەوە و بەهۆیەوە لە زۆرینەی پارێزگاكان پشوی فەرمی راگەیەنراو تاقیكردنەوەكانی خوێندكاران لە ناوەندە جیاوازەكانی خوێندن دواخران، لەوانەش پارێزگای كەركوك.

بەشی ئۆپەراسیۆن و خزمەتگوزاری پزیشكی خێرا سەر بە فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، ئەمڕۆ سێشەممە 17ی ئایار، سەركەوتنی پلانەكانیان بۆ خۆپارێزیی لە خۆڵبارین بڵاوكردەوە و جەختیكردەوە لەو دوو رۆژەدا ژیانی 700 كەسیان لە خنكان رزگاركردووە، كە بەهۆی خۆڵبارین و تەنگەنەفەسییەوە سەردانی نەخۆشخانەكانیان كردووە، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێك كە لە پەیجی رەسمی فەرمانگەی تەندروستی كەركوك لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوكراوەتەوە.

بەپێی پلانەكە، نەبیل حەمدی بوشناق، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی، تەواوی تیمە تەندروستییەكانی راسپاردووە، سەردانی نەخۆشخانەكان بكەن، بەتایبەت بەشەكانی خزمەتگوزاری تەندروستی، لەوانەش دەرمان و دابەشكردنی پێداویستییەكانی خۆپارێزیی و بەشەكانی فریاگوزاریی خێرا، ئەوەش بۆ بەهاناوەچونی هاوڵاتیان لە خنكان و تەنگەنەفەسی.

IMG_7135
دیالە/ 15ی ئایاری 2022/ دیمەنێك لە قەزای خانەقین لەكاتی خۆڵباریندا. فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

بەپێی وتەی دكتۆر عەلی حەسەن سەقی، لە فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، زیاتر لە 700 كەس بەهۆی ئەو شەپۆلەوە توشی تەنگەنەفسی بون و سەردانی نەخۆشخانەكانیان كردووە و توانراوە بە هەوڵی تیمە تەندروستییەكان ژیانیان لە خنكان رزگاربكرێت، هەر بەپێی راگەیەنراوەكە.

بەهۆی كاریگەریی خۆڵبارینەكەوە، ئیدارەی كەركوك، هەردوو رۆژی دووشەممە و سێشەممەی كردە پشوی رەسمی لە تەواوی فەرمانگەكانی كەركوك، بەڵام ئەو پشووە ناوەندە تەندروستییەكانی نەگرتەوە لە پێناو بەهاناوەچونی هاوڵاتیان.

تائێستا ئیدارەی كەركوك هیچ حاڵەتێكی خنكانی بەهۆی خۆڵبارینەوە رانەگەیاندووە و بەردەوام لەڕێی سۆسیال میدیاوە رێنماییەكانی خۆپارێزی بڵاودەكاتەوە.

تەندروستی كەركوك لە رێنماییەكانیاندا بۆ خۆپارێزی، داوا لە هاوڵاتیان دەكات دەمامك بەكاربهێنن كاتێك لە ماڵەكانیان دەچنە دەرەوە، بەردەوام چاویان بە ئاو بشۆن، ئاوی زیاتر بخۆنەوە و پەنجەرە و دەرگاكانیان دابخەن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT