170 خوێندكاری ئاوارەی شنگال وازیان لە خوێندن هێناوە

نەینەوا/ سێ خوێندكاری قۆناغی سەرەتایی لە یەكێك لە خوێندنگەكانی شنگال فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

عەمار عەزیز – نەینەوا

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی شنگال سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان وازهێنانی 170 خوێندكاری لە ساڵی خوێندنی 2021 – 2022 ئاشكراكردووە و هۆكارەكەشی بەپێی بەدواداچونیان بەهۆی كاركردن و هەژارییەوە بووە.

شەهاب ئەحمەد، لێپرسراوی بەشی کارگێڕی لە بەڕێوەبەرایەتى گشتی پەروەردەى شنگال بە (کەرکوک ناو)ى وت "ئەو 170 خوێندکارە تەنیا لە سنوری پەروەردەی شنگال و سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستانن، هەموشیان ئاوارەن، بەشێكیان لەناو كەمپ و بەشێكی تریان لە دەرەوەی كەمپن".

"ئەوانەى وازیان لە خوێندن هێناوە زۆرینەیان بەهۆى ئیشکردن و پەیداکردنى بژێوی ژیانەوەیە، هەموو لایەک ئاگادارن کە دۆخى ئاوارەکان لەکەمپدا وەكو هاوڵاتیانی ئاسایی نییە و لە ئێستاشدا هاوكاری رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان كەمتر بۆتەوە، بۆیە بەشێكیان ناچارن كاربكەن تا بتوانن بژێوی خێزانەكانیان پەیدابكەن"، شەهاب ئەحمەد وایوت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی شنگال 27 هەزار خوێندكاری هەیە لە وەرزی خوێندنی 2021 – 2022دا و لەو ژمارەیە 14 هەزاریان لە كەمپەكانی ئاوارەیین بەتایبەت لە پارێزگای دهۆك، 13 هەزار خوێندكارەكەی تر لە دەرەوەی كەمپ دەخوێنن.

لەناو كەمپەكاندا 90 خوێندنگەی بنەڕەتیی و ئامادەیی هەن.

فەیسەڵ دەخیل (21ساڵ)، یەكێك لەو خوێندكارانەی وازی لە خوێندن هێناوە. وتی "باوکم فەرمانبەرە و موچەکەى بەشمان ناكات، ئێستا كرێكاری دەكەم بۆ ئەوەی هاوكاریی باوكم بكەم لە پەیداكردنی بژێوی رۆژانە".

موچەكەی باوكم بەشی ئێمە ناكات، بۆیە كرێكاری دەكەم بۆ ئەوەی هاوكاریی باوكم بكەم  لە پەیداكردنی بژێوی رۆژانە

فەیسەڵ دوو براو سێ خوشكی هەیە و دەیەوێت لەگەڵ باوكی كاربكات، بۆ ئەوەی لانیكەم براو خوشكەكانی بەردەوامبن لە خوێندن.

"زۆرم پێناخۆشە كە وازم لە خوێندن هێناوە، بەڵام بەناچاریی ئەو بڕیارەمداوە، هانی خوشك و براكانم دەدەن بەردەوامبن و بەپێی توانای خۆم هاوكارییان دەكەم"، فەیسەڵ وایوت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی شنگال بیری لەوە كردۆتەوە ئەمساڵ خوێندنگەی خێرا بكاتەوە بۆ ئەوانەی وازیان لە خوێندن هێناوە. سیستمی خوێندنی خێرا زیاتر بۆ ئەوانەیە تەمەنیان گەورەترە و وازیان لە خوێندن هێناوە. خوێندنەكە بەشێوەیەكە كە دوو ساڵی خوێندن بە ساڵێك دەبڕدرێت.

شەهاب ئەحمەد، وتی "ساڵێك لەمەوبەر خوێندنی خێرامان هەبوو، تایبەت بۆ ئەوانەی تەمەنیان گەورە بوو و وازیان لە خوێندن هێنابوو، بەڵام ئەمساڵ هیچ خوێندنگەیەكمان نەبوو".

وتیشی "بۆ ساڵی داهاتوو لە بەرنامەماندایە چەند خوێندگەیەك تایبەت بۆ خوێندنی خێرا بكەینەوە، بە ئامانجى کەمکردنەوەى رێژى نەخوێندەواریى و گەڕانەوەی ئەوانەی وازیان لە خوێندن هێناوە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT