حكومەتی عیراق قەرزاری كەمپی ئاوارەكانە
170 ملیار دیناری پارەی كارەبا و سەدان ملیاری جوتیارانی لایە

دهۆك/ 8ی تشرینی یەكەمی 2021/ دەنگدانی ئاوارەكان لە كەمپی شاریا بۆهەڵبژتردنی پەرلەمانی عیراق. فۆتۆ: عەمار عەزیز

عەمار عەزیز – نەینەوا

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی حكومەتی عیراق بڕی 170 ملیار دینار پارەی كارەبای كەمپی ئاوارەكانی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان نەناردووە، لەگەڵ سەدان ملیار دیناری پێنج ساڵی رابردوی جوتیاران كە كەمپەكانیان لەسەر زەویوزارەكانیان دروستكراون.

بەپێی رێككەوتنی نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان، كە مێژووەكەی بۆ سەرەتای هاتنی لێشاوی ئاوارەكان لە سەردەمی شەڕی داعش-دا دەگەڕێتەوە، هەرێم كارەبای كەمپی ئاوارەكان دابیندەكات، بەڵام لەسەر حكومەتی عیراقە پارەی كارەبا و ئاو و پێداویستییەكانی تر بدات.

دیان جەعفەر، بەڕێوەبەرى نوسینگەی دهۆكی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان سەر بە وەزارەتی ناوخۆ– سەرپەرشتی كەمپی ئاوارەكان دەكەن-، بە (كەركوك ناو)ی وت "وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم ئاگاداریانكردوینەتەوە كە پارەی كارەبای كەمپەكانی دهۆك گەیشتۆتە 170 ملیار دینار و داوایانكرد ئێمە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق ئاگاداربكەینەوە بۆ ئەوەی پارەكە بنێرن".

وتیشی "ماوەیەك لەمەوبەر ئیدارەى پارێزگاى دهۆك و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە نێویاندا وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراقمان لەو داوایە ئاگاداركردەوە، بەڵام هیچ وەڵامێكمان دەستنەكەوت".

دیان جەعفەر، جەختیكردەوە "هەر پارەی كارەبا نییە كە نەدراوە، بەڵكو پێنج ساڵە پارەی ئەو جوتیارانەش نەدراوە كە كەمپەكان لەسەر زەویوزارەكانیان دروستكراوە و بڕەكەی سەدان ملیار دینارە، هەروەها پارەی ئاویش". بەڵام بڕی پارەی ئاوی لانەبوو.

هەر پارەی كارەبا نییە كە نەدراوە، بەڵكو پێنج ساڵە پارەی ئەو جوتیارانەش نەدراوە كە كەمپەكان لەسەر زەویوزارەكانیان دروستكراوە و بڕەكەی سەدان ملیار دینارە

لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) لە حوزەیرانی 2014ەوە زیاتر لە شەش ملیۆن هاوڵاتی عیراقی ئاوارەی ناوچە جیاجیاكانی عیراق و دەرەوەی عیراق بون.

لە ئێستادا لە كۆی زیاتر لە ملیۆنێك و 100 هەزار ئاوارە، زیاتر لە 600 هەزاریان لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان جێگیربون و پشكی شێریش بەر پارێزگای دهۆك كەوتووە، ئەوەش بەپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێم و رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ.

دیان جەعفەر جەختیكردەوە "وەزیفەی حكومەتی عیراقە پارەی كارەبا و جوتیاران و پێداویستییەكانی تری ئاوارەكان بدات... ئێمەش توشی ئیحراجی بوین و جوتیاران بەردەوام لەسەر خەتن و داوای پارەی ئەو پێنج ساڵە دەكەن".

بەپێی وتەی دیان جەعفەر، وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمی كوردستان بۆ ئەو پرسە هاتۆتەسەر خەت.

ئەسکەندەر محەمەد ئەمین، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى کۆچ و کۆچبەرانی عیراق لە پارێزگاى دهۆک، بە (كەركوك ناو)ی وت "نوسراومان بۆ وەزارەتی دارایی عیراق كردووە، بۆ پارەی جوتیاران و پارەی كارەبا و تەنانەت ئاویش، ئەوەی لەسەر وەزارەتی كۆچ بووە كردویەتی، بەڵام وەزارەتی دارایی پارەكەی خەرجنەكردووە".

ئاماژەی بەوەشدا كە لەسەرەتای دانانی كەمپەكانەوە تەنیا پارەی دوو ساڵی جوتیاران دراوە.

هاوكات شەریف سلێمان، سەرۆکى لیژنەى کۆچ و کۆچبەران لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عیراق، كە وەك خۆی دەڵێت بەدواداچونی بۆ ئەو پرسە كردووە و ئاگادارە، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەگەڵ وەزارەتى دارایى قسەمان کردووە و داوامانكردووە پەلەبكرێت لە خەرجكردنی پارەیی كارەبا، ئاو و پارەی جوتیاران... لەڕاستیدا ئەم بابەتە پەیوەستە بە هەردوو حکومەتى هەرێم و فیدراڵ، دەبێت ئەوان پێکەوە رێککەوتن بکەن، چونکە بڕى پارەکە یەکجار زۆرە، باوەڕناکەم حکومەت لەمکاتەدا ئەو بڕە پارەیە خەرجبکات".

باوەڕناکەم حکومەت لەمکاتەدا ئەو بڕە پارەیە خەرجبکات

جەختیشیكردەوە "پەسەندنەکردنى بودجە و چارەسەرنەکردنى کۆمەڵێک کێشە لە مەلەفى ئاوارەکانة هۆکارى سەرەکین کە تائێستا ئەو بڕە پارەیە نەدراوە"، بەڵام وتی "ئێمە بەردەوام دەبین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان تا بەزوترین کات کێشەکە چارەسەربکرێت، ئەمە مافێکى شەرعى جۆتیاران و حکومەتى هەرێمە  دەبێت خەرجبکرێت".

حكومەتی عیراق بەپێی پلانێك تەواوی كەمپەكانی ئاوارەیی لە عیراق داخست، جگە لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان و یەك دوو كەمپی پارێزگاكانی تر نەبێت. ئەوەش بەهۆی زیانگەیاندن بە خانووەكانیان و ئاوادەننەكردنەوەی ناوچەكانیان، لەگەڵ خراپی دۆخی ئەمنی.

هێشتا 26 كەمپی ئاوارەیی لە هەرسێ پارێزگای دهۆك، هەولێر و سلێمانی دانەخراون.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT