سێ روداو لە كەركوك... پێنج مردن و ژمارەیەك برینداری لێدەكەوێتەوە

كەركوك/ ئابی 2022/ بڵاوەپێكردنی هێزی ئەمنی لە شەقامێكی سەرەكیی ناوشار فۆتۆ: راگەیاندنی فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك

كەركوك ناو – كەركوك

پێنج هاوڵاتی گیانیانلەدەستدا و ژمارەیەكی دیكەش برینداربون، بەهۆی چەند روداوێكیی جیاوازەوە لە پارێزگای كەركوك، ئەوەش تەنیا لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا.

دوایین روداو، درەنگانی شەوی رابردوو 4ـی ئابی 2022، لە شەقامی حەولیی دۆمیز رویداوە، لە ناوشاری كەركوك.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بنكەی پۆلیسی دۆمیز بە (كەركوك ناو)ـی وت "فەرمانبەرێكی تەمەن 53 ساڵ لەو شەقامە بە چەقۆ كوژراوە و بەوهۆیەوە چوار هاوڕێی دەستگیركراون، بۆ لێكۆڵینەوە".

ئەو فەرمانبەرە لە یەكەی چواری بەشی نەهێشتنی زیادەڕەوی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی كەركوك دەوامی كردووە، وەك سەرچاوەكە دەڵێت، "هەفتەی سێ بۆ چوار رۆژ لەگەڵ هاوڕێیەكانی چۆتە ئەو شەقامە بۆ كاتبەسەربردن بۆیە هاوڕێیەكانی دەستگیركراون".

هەر شەوی رابردوو ژنێك لەلایەن هاوسەرەكەیەوە كوژرا، ئەوەش بەوتەی سەرچاوەیەكی دیكەی ئەمنی لە پۆلیسی كەركوك بۆ (كەركوك ناو)، كە دەڵێت روداوەكە لە گوندی سەقزلی بووە.

سەرچاوەكە وتی "ئەو ژن و مێردە كێشە لە نێوانیاندا هەبووە، بەوهۆیەوە پیاوەكە فیشەكی بە هاوسەرەكەیەوە ناوە و كوشتویەتی، دواتر فیشەكی بە برای هاوسەرەكەیەوە ناوە و برینداری كردووە، هەر لەبەردەم ماڵی خۆیاندا فیشەكی بەسەری خۆیەوە ناوە، لەكاتی گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانیلەدەستداوە".

بارودۆخی تەندروستی بریندارەكە ناجێگیرە.

شایەتحاڵێكیش لەو روداوە بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەو خێزانە ئاوارەی تەلەعفەرن، پیاوەكە ئەوە دوەم هاوسەریەتی و پێكەوە پێنج منداڵیان هەیە".

لە روداوێكی دیكەدا، بەهۆی پێكدادانی دوو ئۆتۆمبێل لە ناحیەی شوانی پارێزگای كەركوك، شەوی رابردوو باوك و كوڕێك گیانیانلەدەستدا، كە باوكەكە پێشمەرگەیە.

سەرچاوەكەی پۆلیسی كەركوك وتی روداوەكە لەسەر پردی شەهید لیوا شێركۆ شوانی بووە لە نێوان ناوچەی شیوەسوری ناحیەی شوان و ناحیەی تەقتەق، بەهۆیەوە هاوسەری ئەو پیاوە و منداڵێكیی دیكەشیان برینداربون.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT