نوێترین قۆڵبڕین بەچەكەوە لە بازاڕەكانی كەركوكدا: 10 هەزارم پێداویت كوا باقییەكەم؟

وێنەی ئەو كەسەی چۆتە سەر دەرمانخانە و دوكانەكان، وێنەكە لە گرتەڤیدیۆی ناو دەرمانخانە و دوكانەكان وەرگیراوە.

كەركوك ناو

پیاوێك قۆڵی دەیان دوكاندار و دەرمانخانە لە كەركوك دەبڕێت و بە چەك و فێڵ دەچێتە سەریان و پارەیان لێوەردەگرێت، ئەوەش لەكاتێكدایە پۆلیس دەڵێت هیچ سكاڵایەك تۆمارنەكراوە و بەدواداچونی بۆ دەكەن.

(كەركوك ناو)، لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا سێ گرتەی ڤیدیۆیی هەمان كەسی بینیوە و وێنەی گرتووە، كاتێك چۆتە دوكانەكان و داوای باقی لێكردون و وتویەتی "بایی هەزار دینار شتم لێكڕیون و 10 هەزارم پێداون، بەڵام باقییەكەم وەرنەگرتۆتەوە"، بەپێی وتەی دوكاندار و دەرمانخانەكان كە بۆ (كەركوك ناو) قسەیان كردووە.

رێکەوت ئەنوەر، کارمەندى دەرمانخانەى (فارما)، یەكێكە لەو كەسانەی ئەو حاڵەتەی روبەڕوبۆتەوە، وتی "كەسێك هاتە نیو دەرمانخانەكەوە، تیشێرتێکى رەشی لەبەربوو، کڵاوێکى رەشیشی لەسەر كردبوو، هەروەها كەمامەی بەستبوو، وتی پارچە حەبێكی ئەمۆکسیلین-م بردووە، 10 هەزار دینارم پێداون، ئێوە باقی پارەكەتان بۆ نەگەڕاندومەتەوە".

وتی پارچە حەبێكی ئەمۆکسیلین-م بردووە، 10 هەزار دینارم پێداون، ئێوە باقی پارەكەتان بۆ نەگەڕاندومەتەوە

رێكەوت وتی "منیش باوەڕم كرد، لەبەرئەوەی بڕی پارەكە زۆر نەبوو، وتم رەنگە راستبكات، كاتی ئەوەشم نەبوو سەیری كامێرای چاودێری بكەم، بۆیە نۆ هەزارم پێدایەوە".

دوای چەند رۆژێك ژمارەیەك لە هاوڕێ دوكاندارەكان و خەڵكی تر هەمان باسی بۆ دەكەن كە بەسەر ئەوانیشدا هاتووە.

رێكەوت وتی "ئەو کەسە دەمانچەیەکى بەستبوو، ئۆتۆمبێلێکى جۆرى ئەکسێنت تەکسی پێبوو".

عەزیز ئەحمەد، كارمەندێكە لە دەرمانخانەیەكی تر لە شەقامی پزیشكان لە كەركوك، هەمان چیرۆكی بەسەردا هاتووە و بە (كەركوك ناو)ی وت "كەسێك كە دەمانچەیەكی بە كەمەرەوە بوو، هاتە ژورەوە و وتی كوڕەكەم ناردووە پارچەیەك حەبی پاراسیتامۆڵتان پێی داوە، 10 هەزاری پێداون، بەڵام باقییەكەی وەرنەگرتۆتەوە".

زیاتر وتی "بەڕاستی پێمسەیر بوو، بەڵام دەرمانخانەكە ئەو رۆژە قەرەباڵغ بوو، وتم دیارە راستدەكات و بیرمچووە باقییەكەی پێبدەمەوە، بۆیە نۆ هەزار دینارم پێدا".

دەرمانخانەكە ئەو رۆژە قەرەباڵغ بوو، وتم دیارە راستدەكات و بیرمچووە باقییەكەی پێبدەمەوە

هاوشێوەی رێكەوت، عەزیز ئەحمەدیش دواتر لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی تریدا كە دەرمانخانەیان هەیە باسی ئەوەی كردووە، ئەوانیش وتویانە هەمان شتیان بەسەردا هاتووە.

"بەپێی وەسفی هاوڕێیەكانم بۆ ئەو كەسە و دوای سەیركردنەوەی كامێرای چاودێری، بۆمان دەركەوت یەك كەسە و قۆڵی هەمووانی بڕیوە"، عەزیز وایوت.

(كەركوك ناو) لەم هەفتەیەدا سێ ڤیدیۆی ئەو كەسەی بینیوە كە چۆتە دەرمانخانە و دوكانەكان و هەر سێ دوكاندارەكە جەختیانكردەوە لەوەی داوای باقی 10 هەزار دیناری كردووە.

بەڵام سۆران دزەیی، كە كارمەندێكی ترە لە دەرمانخانەیەكی شارەكە، وتی "هەمان كەس هاتە لای من و هەمان داوای هەبوو، من دڵنیابوم لەوەی شتی وا روینەداوە، بۆیە وتم رۆژ و سەعاتەكەم پێبڵێ، ئەوەبوو رۆژەكەی وت و وتی سەعات حەوتی ئێوارە بوو، لە كامێرای چاودێری پێكەوە سەیرمان كرد، دەركەوت راست نییە، ئەوە بوو وتی دیارە دەرمانخانەكەی تەنیشتم بووە، ئیتر رۆیشت".

سۆران وتی "چەند دوكاندار و مۆڵێك لە گەڕەكی حوریە روبەڕوی هەمان شت بونەتەوە، لەوێ كەسەكە وتویەتی بیبسی و كۆكاكۆلام بردووە و باقییەكەم وەرنەگرتۆتەوە".

(كەركوك ناو)، لەگەڵ ژمارەیەك دەرمانخانەی تر و دوكانداردا لە كەركوك قسەی كردووە كە هەمان چیرۆكیان بەسەرداهاتووە، هەر هەموشیان جەختیانكردەوە لە هەمان بڕی پارە.

پۆلیسی كەركوك لەڕێی سەرچاوەیەكی ئەمنییەوە بە (كەركوك ناو)ی وت كە ئاگاداری ئەو حاڵەتە نین و سەرچاوەكە جەختیكردەوە "هیچ كەسێكیش سكاڵای تۆمارنەكردووە، بەڵام ئێمە بەدواداچونی بۆ دەكەین".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT