تۆمەتباری سەرەكی بوو
باوكی دوو خوشكە كوژراوەكەی چەمچەماڵ ئازاد دەكرێت

چەمچەماڵ/ 9ی ئەیلولی 2020/ پۆلیس لەكاتی هەڵدانەوەی گۆڕی دوو كچەكە، دوای شەش رۆژ لە دیارنەمانیان فۆتۆ: هێمن ئەحمەد

كەركوك ناو

دادگای تاوانەكانی سلێمانی یەك، بڕیاریدا بە ئازادكردنی تۆمەتباری سەرەكی بكوژی دوو خوشكەكەی قەزای چەمچەماڵ كە باوكیانە. ئەوەش لە دانیشتنێكیدا دادگاكەدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە 11ی ئەیلول بەڕێوەچوو.

لە نۆی ئەیلولی 2020، پۆلیسی چەمچەماڵ تەرمی دوو خوشك (ئاوارە 19 ساڵ و هێلین 17ساڵ)، لە چاڵێکى نیو مەتر قوڵدا لە نزیك گۆڕستانی گوندی برایم ئاغا لە نێوان هەردوو قەزای چەمچەماڵ - ناحیەی شوان دەرهێنایەوە. ئەوەش دوای نزیكەی هەفتەیەك لە ونبونیان. هەر ئەوكات دادگا بڕیاری دەستگیركردنی بۆ باوكیان دەركرد و وەكو تۆمەتباری سەرەكی ناساندی.

پارێزەرێك لە دادگای سلێمانی كە ئاگاداری دانیشتنەكەیە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەمڕۆ دواین رۆژی دانیشتنی دادگا بوو لەسەر ئەو كەیسە و دادوەری دانیشتنەكە بڕیاریدا بە بێتاوانی تۆمەتباری سەرەكی روداوەكە و ئازادی كرد كە باوكیانە".

ئەو سەرچاوەیە جەختیكردەوە "دادوەر لە دانیشتنەكەدا وتی راستە بەڵگەكان كافی نین لەبارەی تاوانباركردنی تۆوە بە كوشتنی كچەكانت، بەڵام ئەمە دادگای مرۆڤایەتییە و تۆ بە دادگای خوا دەسپێرین".

دادوەر لە دانیشتنەكەدا وتی راستە بەڵگەكان كافی نین لەبارەی تۆمەتباركردنی تۆوە بە كوشتنی كچەكانت، بەڵام ئەمە دادگای مرۆڤایەتییە و تۆ بە دادگای خوا دەسپێرین

تۆمەتباری سەرەكی كە دەكاتە باوكیان، لە 30ی ئاداری 2021 خۆی رادەستی پۆلیسی چەمچەماڵ كرد، ئەوەش دوای شەش مانگ لە دۆزینەوەی تەرمی كچەكانی.

كاتی خۆرادەستكردنی باوكی ئەو دوو خوشكە بە پۆلیس، سەرچاوەیەك لە ئیداری قەزای چەمچەماڵ بە (كەركوك ناو)ی وت "لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە، بەڵام دانیبەتاوانەكەیدا نەناوە".

ئەوەش لەكاتێكدابوو هەمان رۆژ، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنراوێكیدا لەبارەی خۆ رادەستكردنی تۆمەتباری سەرەكی، دەڵێت "(ف، ح، ش) لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانی بەتاوانەکەیدا ناوە و ئێستا بە بڕیاری دادوەر راگیراوە و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامە".

gorr-5-1
چەمچەماڵ/ 9ی ئەیلولی 2020/ ساتی بەخاكسپاردنی دوو خوشك (ئاوارە و هێلین) دوای كوشتنیان فۆتۆ: سۆران محەمەد

شوێنەواری فیشەك بە جەستەی ئەو دوو خوشكەوە بوو، دوای توێكاری بۆ تەرمەكانیان لەلایەن ئیدارەی قەزای چەمچەماڵ و بە ئامادەبونی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ چالاكوانانی ژنان لە گۆڕستانێكی چەمچەماڵدا بە خاكسپێردران.

چەند رۆژێك دوای بە خاكسپاردنیان، (كەركوك ناو)، لەگەڵ ژمارەیەك لە كەسوكاری ئەو دوو كچەدا قسەی كرد و ئامۆزایەكی باوكیان وتی "ئەو دوو خوشكە زۆر بێنازبون، گوێڕایەڵ و زۆر گونجاو بون لەگەڵ یەكتر.... نانە رەقیان پێبدرایە نوزەیان لێوە نەدەهات". هەروەها جەختیكردەوە "بێوەی و بێدەنگ بون و بە كولەمەرگی ژیاون لە خێزانێكی هەڵوەشاوەدا".

باوكی ئەو دوو كچە، كە ئێسا بە بڕیاری دادوەر لەو كەیسەدا ئازادكراوە، دوو ژنی هێناوە و لە هەردوكیان جیابۆتەوە. تەنانەت دایكی دوو كچەكە ئامادەی بە خاكسپاردنیان نەبوو.

رمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ لەكاتی بەخاكسپاردنیان، وتی "پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی كردۆتەوە... لە راپۆرتی پزیشکیش دەرکەوتووە كە ئەو دوو خوشکە پێش کوشتنیان ئەشکەنجە دراون، پاشان بە فیشەک کوژراون، رون نییە بکوژ کێیە، بەڵام باوکیان فەرمانی دەستگیركردنیان هەیە، پێویستە باوک وەک سەرۆک خێزان لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت".

"ئێمە وەك برا، مام، خاڵ و كەسوكاری ئەو دوو خوشكە، بە ئەركی خۆمان هەستاین لە ناشتنیان"، رمك رەمەزان وایوت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT