250 خێزانی ئاوارە لە گوندەوە دەگوازرێنەوە بۆ كەمپ

دهۆك/ 2019/ كەمپی كەبەرتوو كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی ئێزیدین فۆتۆ: عەمار عەزیز

عەمار عەزیز – دهۆك

ئیدارەی پارێزگای دهۆك، 250 خێزانی ئاوارە لە گوندێكەوە دەگوازێتەوە بۆ ناو كەمپ، بەهۆی داواكاری هاوڵاتیان و خاوەنی ئەو خانوانەی تیایدا نیشتەجێ ببون.

ئەو 250 خێزانە لە دوای روداوەكانی ئابی 2014ـی شنگالەوە، لە گوندی سێجێ-ـی قەزای سێمێلی دهۆك جێگیربون و لەم مانگەدا شوێنی مانەوەیان لە كەمپی كەبەرتوو، بۆ دابینكراوە.

دیان جەعفەر، بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان لە دهۆك -سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان- بە (كەركوك ناو)ـی وت "بەشێك لەو خێزانانە ماوەی هەشت ساڵە لە خانوی هەیلكەلی و شوێنی هاوڵاتیانی گوندەكەدا نیشتەجێ بون، ئێستا خاوەنی ئەو خانوانە داوای چۆڵكردنی شوێنەكانیان دەكەن، بۆیە شوێنی دیكەمان بۆ ئاوارەكان تەرخانكرد".

ئەو سوپاسی خاوەنی خانوەكانی كرد و ئاماژەی بەوەدا ئاوارەكان لە كەمپی كەبەرتوو جێگیردەكرێن.

"250 شوێنی نوێ لە كەمپ تەرخانكراوە، وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراقی 250 خێوەتی دابینكردووە و رێكخراوی (Care)ـی ئەڵمانیش هاوكاریی خێزانەكانیان كردووە".

گواستنەوەی ئاوارەكان بە فشار نییە و ئارەزومەندانەیە

ديان جەعفەر دەڵێت گواستنەوەی ئاوارەكانی ئەو گوندە بۆ ناو كەمپ بە چەند قۆناغێك جێبەجێدەكرێت و "پرۆسەكە بە فشار نییە و ئارەزومەندانەیە".

كەمپەكانی كەبەرتووی یەك و دوو، لە قەزای سێمێل-ـن و نزیكەی پێنج هەزار خێزانی تێدایە، كە زیاتر لە 23 هەزار و 600 كەسن.

(كەركوك ناو) نەیتوانی لێدوانی ئەو خێزانانەی دەستبكەوێت كە دەگوازرێنەوە بۆ كەمپ.

خدر ئەلیاس، نزیكەی هەشت ساڵە لە كەمپی كەبەرتووە، بۆ (كەركوك ناو) ئاماژەی بەوەدا كە تائێستا نزیكەی 70 ماڵی نوێ لە كەمپەكەیاندا جێگیركراون و ئامادەكاری بۆ خێزانەكانی دیكەش دەكرێت.

لە پارێزگای دهۆك 325 هەزار ئاوارە هەن؛ لەو ژمارەیە 135 هەزار كەسیان لە 15 كەمپدا جێگیركراون و 189 هەزار كەسیشیان لە دەرەوەی كەمپ نیشتەجێن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT