نزیكەی 50 دوكان و كەپری كاسبكاران لە كەركوك دەڕوخێنرێت

كەركوك/ 27ـی ئەیلولی 2022/ پاشماوەی دوكان و كەپری روخاوی ماسی فرۆشێك لە شەقامی حیسابات فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو – كەركوك

ئیدارەی كەركوك، نزیكەی 50 كەپر و دوكانی شەقامێكی ناوەندی شار بە پاساوی زیادەڕۆیی دەڕوخێنێت، لەكاتێكدا بەوتەی كاسبكاران پێشوەختە ئاگادارنەكراونەتەوە و گرێبەستی كاركردنیشیان هەیە.

بەپێی بەدواداچونی مەیدانی پەیامنێری (كەركوك ناو)، ئەمڕۆ سێشەممە 27ـی ئەیلولی 2022، تیمێكی هاوبەشی قایمقامیەتی قەزای ناوەندی و شارەوانی، لە هەڵمەتێكدا كەپری كاسبكاران و بەشێك لە دوكانەكانی شەقامی حیسابات-ـیان روخاند.

kirkuk 27.9.2022 zydaro (11)
كەركوك/ 27ـی ئەیلولی 2022/ روخاندنی دوكان و كەپرەكانی شەقامی حیسابات فۆتۆ: كەركوك ناو

رەئوف حەسەن، دوكاندار لە شەقامی حیساباتی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ـی وت لەكاتی گەیشتنی تیمەكەدا بۆ روخاندنی دوكانەكانیان، زیاد لە جارێك گرێبەستی كاركردن و بەكرێگرتنی ئەو شوێنانەیان نیشانداوە، بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبووە و دوكانەكانیان روخێنراوە.

ناوبراو كە لە دوكانەكەیدا شوتی دەفرۆشێت، دەڵێت هەر دوكاندار و كاسبكارێكی ئەو شەقامە، زیانی دوو تا چوار ملیۆن دیناریان بەركەوتووە.

بەوتەی ژمارەیەك لە كاسبكارانی شەقامەكە، لەگەڵ ئیدارەی كەركوك گرێبەستی كاركردن و بەكرێگرتنی شوێنەكانیان بۆ سێ ساڵ هەیە، كە كرێی هەر شوێنێكیش لە نێوان یەك ملیۆن بۆ چوار ملیۆن دیناردایە، زۆرینەیان گرێبەستەكانیان ساڵێكی ماوە بەسەربچێت.

kirkuk 27.9.2022 zydaro (3)
كەركوك/ 27ـی ئەیلولی 2022/ نزیكەی 50 كەپر و دوكانی شەقامی حیسابات روخێنراون فۆتۆ: كەركوك ناو

فەرەیدون عادل، بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "راستە ئەوان گرێبەستیان هەیە، بەڵام لەروی روبەرەوە زیادەڕۆییان كردووە، چونكە هەر دوكاندارێك پێشتر رێگەی پێدراوە شمەكەكانی لە سێ مەتردا دابنێت و ئێستا دوكان و شوێنی كاركردنی كردووە بە شەش مەتر".

زۆرینەی دوكاندار و كەپرەكانی شەقامی حیسابات ماسی دەفرۆشن و بەشێكیشیان میوە و سەوزەیان داناوە.

بەڕێوەبەری شارەوانی دەڵێت، هەبونی زیادەڕۆیی لەو شەقامەدا دەبێتە هۆی ناشیرینكردنی سیمای شار، "ئێمەش گلەیی زۆری هاوڵاتیانمان لەسەرە كە بۆچی لە جوان راگرتنی سیمای شار كەمتەرخەمین، بۆیە بەپێی گرێبەستەكانیان رێگەی كاركردن و بەكارهێنانی شەقامەكەیان پێدەدرێت"، ئەوەشی خستەڕوو كە رۆڵی سەرەكی لەو هەڵمەتەدا لای قایمقامیەتە و شارەوانی بەشداری لاوەكی هەیە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT