كۆگاكانی كەركوك پڕن لە نەوتی سپی: وادەی دابەشكردنی نادیارە

كەركوك/ 2021/ دابەشكردنی نەوتی سپی بەپێی كۆبۆن بەسەر هاوڵاتیانی گەڕەكێكی ناوشار فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كەركوك ناو – كەركوك

كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان لە كەركوك ئاشكرایدەكات، كۆگاكانیان پڕە لە نەوتی سپی، بەڵام هێشتا وادەی دابەشكردنی بەسەر هاوڵاتیانی پارێزگاكەدا دیارینەكراوە.

بەپێی بەدواداچونی مەیدانی پەیامنێری (كەركوك ناو)، لە گۆڕەپانی دابەشكردنی نەوتی سپی ئامادەكاری كراوە و ئۆتۆمبێلەكانی گواستنەوەی نەوتیش بۆ ناوچەكانی دیكە ئامادەن، بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی بۆ وەرزی زستان.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە لقی كەركوكی كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان بۆ (كەركوك ناو) پشتڕاستیكردەوە ئامادەكاری تەواو بۆ دابەشكردنی نەوتی سپی كراوە، بەڵام چاوەڕێی دانانی وادەیەك و رێكارەكانی دابەشكردنی دەكەن، لەلایەن وەزارەتی نەوتی عیراقەوە دەربچێت.

ساڵانی رابردوو، لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمدا، پرۆسەی دابەشكردنی نەوت دەستیپێدەكرد.

سەرچاوەكە كە بەهۆی نەبونی مۆڵەتی لێدوانەوە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، ئاماژەی بەوەدا كۆگاكانی كەركوك پڕن لە نەوتی سپی، "14 ملیۆن لیتر نەوتی سپی عەمبار كراوە و هەركات وادەكە دانرا دەست بەدابەشكردنی دەكرێت".

نرخی ئێستای یەك بەرمیل نەوتی سپی لە بازاڕەكاندا، لە نێوان 200 تا 250 هەزار دینار، ئەو نرخەش بەپێی شارەكان و كوالێتی نەوتەكە دەگۆڕێت.

سەرچاوەكەی كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان دەڵێت لەسەرەتادا هەر خێزانێك، بەپێی كۆبۆن، بڕی 100 لیتر (نیو بەرمیل) نەوتی پێدەدرێت، دواتر بە سێ قۆناغ، تا كۆتایی وەرزی زستان، هەر جارە و بڕی 50 لیتری دیكە دابەشدەكرێت و كۆی گشتی دەگاتە 250 لیتر.

بەپێی رێكارەكانی ساڵانی رابردوو، بۆ هەر 50 لیترێك نەوتی سپی، بڕی 10 هەزار دینار وەردەگیرێت.

سەرچاوەكە وتی كۆبۆنی ساڵی رابردووی نەوت، هێشتا دوو ژمارەی ماوە و هاوڵاتیان دەتوانی نەوتی پێوەربگرن.

تەنیا لە ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 350 هەزار خێزانی كەركوك نەوتیان پێدراوە، بەپێی ئامارێكی كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان بۆ (كەركوك ناو).

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT