ریـحـاب؛ لـە شارێكی یــاری دڵگیرەوە بۆ زبـڵدان

كەركوك/ ئەیلولی 2022/ چەرخ و فەلەكی ناو شاری یاری ریحاب كە چەندین ساڵە لەكاركردن كەوتووە و بەجێهێڵراوە فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو – كەركوك

"ئێستاش كە بە تەنیشتی (ریحاب)ـدا تێدەپەڕم، ئەو جۆش و خرۆشەی كاتی منداڵیم وەك تەزوییەك بە جەستەمدا دێت و دەچێت" دلێر نوری (35 ساڵ)، وای وت.

ئەو باسی یادەوەرییەكانی نزیكەی سێ دەیە لەمەوبەر دەكات؛ كاتێك بۆ بەسەربردنی كاتەكانی منداڵی لەگەڵ خێزانەكەیدا، بە تایبەت لە رۆژانی هەینی، چۆتە باخچە و شاری یاری ریحاب لە شاری كەركوك؛ ئەو باخچەیەی ئێستا بۆتە وێرانە و جێی كەڵەكەبونی خۆڵ و خاشاك.

لە شەقامی سەرەكی ئۆرزدی كەركوكەوە شاری یاری ریحاب بە رونی دەردەكەوێت؛ لەسەر چەمی خاسەی نزیكی قەڵا و پردی خەباتە، لە ناوەڕاستی شارەكەدایە.

پەیامنێری (كەركوك ناو) سەردانی ریحاب-ـی كرد، جگە لە وێرانە و كاولكاری هیچی دیكەی نەبینی، هەرچی یاری منداڵان هەیە شكاون، خۆڵی چەندین ساڵیان لەسەر نیشتووە، بە جۆلانە و كەشتی نوح و پەیكەری ئاژەڵەكانیشەوە، چەرخ و فەلەكە گەورەكەی ناو شاری یارییەكەش جاربەجار بەدەم رەشەباوە دەخولێتەوە.

خۆزگە ریحاب نۆژەندەكرایەوە تا ئێمەش منداڵەكانمان بۆ یاری ببەین

دلێر نوری شۆفێری تاكسییە لە كەركوك، زۆركات رێی دەكەوێتە شەقامەكانی نزیكی ریحاب، "هەركاتێك شاری یارییەكە دەبینم دەگەڕێمەوە بۆ سەرەتای ساڵانی نەوەدەكان، كە هاوینان لەوێ یاریمان دەكرد، دەڕۆیشتین بۆ جۆلانە و سواری چەرخ و فەلەك دەبوین".

هەر لەوێ، دلێر دوای ماندوێتی یاریكردن پارەی لە باوكی وەردەگرت بۆ كڕینی لەفە و شەربەت و كالیار بەترشەوە.

"خۆزگە ریحاب نۆژەندەكرایەوە تا ئێمەش منداڵەكانمان بۆ یاری ببەین و وەك جارانی ئێمە كاتێكی خۆش بەسەرببەن" ئەوە داواكاری دلێرە لەڕێی (كەركوك ناو)ـەوە، كە خێزاندارە و باوكی دوو منداڵە.

ریحاب نەك هەر یارییەكانی، ئێستا سەوزاییەكانیشی وشك بون و روبەرێكی فراوانیی پڕ بووە لە زبڵ، تەنانەت كورسییەكی تیا نەماوە بتوانی دابنیشیت و پشوویەك بدەیت، بە شەوانیش هیچ روناكییەكی تێدا نییە.

rihab shari yari kirkuk 2022 (10)
كەركوك/ ئەیلولی 2022/ یارییەكی تێكشاوی شاری یاری ریحاب فۆتۆ: كەركوك ناو

"بیرمە ساڵی 1998 چوین بۆ ریحاب، تەرحیل كرابوین بۆ هەولێر و بەسەردان هاتبوینەوە بۆ كەركوك، لە ماڵی میمكم (پورم) بوین كە هاوسەرەكەی وتی ئەگەر عاقڵ بن دەتانبەم بۆ ریحاب" چرۆ ئەحمەد (32 ساڵ) دەڵێت ئەوكات بە بڕە پارەیەكی كەم بلیتی چونە ژورەوەیان دەبڕی.

هەموو خزمەتگوزارییەك لە شاری یاری ریحاب هەبوو، تەنانەت تیمی تەندروستی تیا بوو، چرۆ بە (كەركوك ناو)ـی وت "ژورێك هەبوو پێیاندەوت ژوری دكتۆرەكان، برایەكم لەكاتی یاریكردندا كەوت و سەری شكا، لەو ژورە چارەسەریان بۆ كرد".

ریحاب لە سەرەتای هەشتەكاندا، لەسەر روبەری نزیكەی چوار دۆنم زەوی دروستكراوە، جگە لە باخچە و سەوزایی، دواتر باخچەیەكی ئاژەڵانیشی تیادا كراوەتەوە.

ستار جەباری، شارەزا لە مێژوی كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "بەوپێیەی شوێنەكە لەسەر خاسە بوو، كەشوهەوایەكی تاڕادەیەك فێنكی هەبوو، خەڵكێكی زۆر سەردانیان دەكرد، بۆ یاریكردن و تەماشاكردنی ئاژەڵان"، جەباری دەڵێت هەر لە باخچەكەدا دواتر جێگەی تایبەت بە شانۆ بنیاتنراوە.

هەر كەسێك بیەوێت ریحاب نۆژەنبكاتەوە دەتوانێت لە شارەوانی وەربگرێت

"شانۆیان نمایش دەكرد و رۆژانی پێنجشەممە لایڤ موزیك هەبوو، خەڵك بە خێزانی دەڕۆیشتن بۆ گوێگرتن لە گۆرانی و هەندێكجار خەڵكی دەرەوەی كەركوكیش دەهاتن" بەوتەی ستار جەباری.

باخچەكە ئێستا تەلبەندێكی ناجێگیر بە بەشێكیەوە ماوە، هیچ پاسەوان و تەنانەت كرێكار و چاودێرێكیشی نییە، هەر كەسێك بیەوێت دەتوانێت بچێتە ناو باخچەكەوە، هەندێكجار بە تایبەت بەرۆژ، دەبێتە شوێنی حەوانەوەی كەسانی بێسەرپەرشت و بێ لانە.

لە بەشێكی باخچەكەدا كە دەكەوێتە سەر شەقامی سەرەكی هەندێك كەس سەرقاڵی پیشەی دروستكردنی چادری ئۆتۆمبێل و كاسبی دیكەن.

"ریحاب جاران تاكە شوێن هەبوو كە هەم یاری هەبوو هەم باخچەی ئاژەڵانیش بوو، ورچ و مەیمون و رێوی لێ بوو، زۆر شوێنێكی قەرەباڵغ بوو، یادەوەری زۆر خۆشمان لەوێ هەیە" شەعبان محەمەد (38 ساڵ) وای وت، ئەو لە بەرانبەر شاری یاری ریحاب دوكانی فرۆشتنی كەلوپەلی كارەبایی هەیە.

rihab shari yari kirkuk 2022 (2)
كەركوك/ ئەیلولی 2022/ شاری یاری ریحاب 17 ساڵە دەرگای بەڕوی هاوڵاتیاندا داخراوە فۆتۆ: كەركوك ناو

ریحاب لەسەر زەوی شارەوانی لەلایەن وەبەرهێنەرەوە دروستكراوە و تا ساڵی 2005ـیش دەرگای كراوە بووە.

لێپرسراوێك لە شارەوانی كەركوك كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بە (كەركوك ناو)ـی وت "هەر كەسێك بیەوێت شاری یاری ریحاب نۆژەنبكاتەوە، دەتوانێت بەپێی رێكارە یاسایی و كارگێڕییەكان بە كرێ و بۆ ماوەی یەك تا سێ ساڵ لە شارەوانی وەربگرێت، بەڵام كەس تائێستا ئەو داواكارییەی پێشكەش نەكردووە".

دار و سەوزاییەكەی ناو باخچەی ریحاب وشكبون، خەریكە بە تەواوی لەناودەچن، كرێكار و تیمەكانی شارەوانیش هیچ كاتێك خۆڵ و خاشاكی ئەوێ پاكناكەنەوە.

سەرچاوەكەی شارەوانی دەڵێت پاككردنەوەی باخچەكە لە ئەستۆی شارەوانیدا نییە، ئەو پرۆسەیە دەبێتە بەرپرسیارێتی هەر كەسێك بیەوێت پرۆژەكە بۆ نۆژەنكردنەوە و بەڕێوەبردنی، لە زیادکردنێکی ئاشکرادا وەربگرێت.

لەشاری کەرکوک؛ ئێستا سێ باخچەی دیكە كە شاری یارییان تێدایە دەرگایان بەڕوی هاوڵاتیاندا كرایەوە و سەر بە كەرتی تایبەتن، جگەلەوەش نزیكەی 200 باخچەی حكومی لە شارەكەدا هەن، كە تەنیا چەند دانەیەكی كەمیان روبەرەكەیان زیاترە لە چەند دۆنمێك، ئەوانیتر بچوكن، بە گشتی رێژەی سەوزایی لە سەدا 2 تێپەڕناكات لەكاتێكدا بەپێی ستانداردی جیهانیی پێویستە روبەری سەوزایی لە سەروی سەدا 15ـەوە بێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT