كەركوك لە مانگی رابردوودا بایی 186 ملیۆن دۆلار نەوتی خاوی فرۆشتووە

كه‌ركوك/ 2014/ كۆمپانیای نه‌وتی باكور كه‌ سه‌رپه‌رشتی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوك ده‌كات فۆتۆ: كەركوك ناو

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

هەناردەی نەوتی خاوی كەركوك بۆ توركیا و ئەردەن، مانگی رابردوو زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل بووە و داهاتەكەی بەپێی نرخی فرۆشتنی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا، زیاتر لە 186 ملیۆن دۆلارە.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی نەوتی عیراق، لە ئەیلولی 2022ـدا هه‌نارده‌ی نه‌وتی خاو له‌ ته‌واوی كێڵگه‌كانی وڵاتدا گه‌یشتۆته 98 ملیۆن و 765 هەزار و 153 به‌رمیل، به‌ داهاتی هەشت ملیار و 773 ملیۆن دۆلار.

هەر بەرمیلێك نەوتی خاوی عیراق لەو مانگەدا بە زیاتر لە 88 دۆلار مامەڵەی پێوەكراوە.

مانگی ئەیلول، له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوكه‌وه‌ دوو ملیۆن و 169 هەزار و 180 به‌رمیل نه‌وتی خاو هه‌نارده‌ی به‌نده‌ری جیهان كراوه‌ له‌ توركیا، داهاتەكەی دەگاتە زیاتر لە 175 ملیۆن دۆلار.

هەناردەكراوی نەوتی كەركوك بۆ ئوردن بە تانكەر لەو مانگەدا 150 هەزار و 552 بەرمیل بووە و بە داهاتی 11 ملیۆن دۆلار، بەوپێیەی هەر بەرمیلێكی بە نزیكەی 74 دۆلار فرۆشراوە.

بڕی هەناردە و داهاتی نەوتی كەركوك بۆ نزیكەی دوو هێندە بەرزبۆتەوە، بەراورد بە مانگی ئاب، كە یەك ملیۆن و 109 هەزار و 528 به‌رمیل نه‌وتی خاو هه‌نارده‌ی توركیا كرا و داهاتەكەی زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار بوو.

بەڵام لە مانگی تەمموزی ئەمساڵ هەناردەی نەوت دوو ملیۆن و 344 هەزار و 536 به‌رمیل بووە بە داهاتی زیاتر لە 249 ملیۆن دۆلار.

هەناردەی نەوتی كەركوك لە مانگی حوزەیراندا نزیكەی دوو ملیۆن و 911 هەزار بەرمیل بوو بە داهاتی نزیكەی 346 ملیۆن دۆلار، جگە لە هەناردەی نزیكەی 300 هەزار بەرمیل بە تانكەر بۆ ئوردن بە داهاتی زیاتر لە 32 ملیۆن دۆلار.

لە مانگی ئایاریشدا هەناردە زیاتر بوو كە گەیشتە زیاتر لە سێ ملیۆن و داهاتەكەی 335 ملیۆن دۆلار بوو لەگەڵ نزیكەی 354 هەزار بەرمیلی هەناردەكراو بۆ ئوردن و بە داهاتی 34 ملیۆن دۆلار.

ئەوەش لەكاتێكدایە هەناردە بۆ بەندەری جیهان لە مانگی نیسانی 2022ـدا زیاتر لە دوو ملیۆن و 991 هەزار بەرمیل بوو، بە داهاتی زیاتر لە 304 ملیۆن دۆلار، هەر لەو مانگەدا زیاتر لە 299 هەزار بەرمیل بە تانكەر هەناردەی ئوردن كرا بە داهاتی زیاتر لە 26 ملیۆن دۆلار.

بەڵام هەناردەی مانگی ئادار ملیۆنێك و 448 هەزار بەرمیل بوو، لە شوباتدا زیاتر لە ملیۆنێك و 475 هه‌زار بەرمیل و لە كانونی دوەمی ئەمساڵ زیاتر لە دوو ملیۆن و 545 هەزار بەرمیل نەوت رەوانەی توركیا كرابوو.

لە سنوری پارێزگای كەركوك پێنج كێڵگه‌ی سه‌ره‌كی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاو هه‌یه‌؛ ئاڤانا، بای حەسەن، قوبەی بابا، جمبور ‌و خەبازە كه‌ لەژێر دەسەڵاتی كۆمپانیای نه‌وت باكور سه‌ر به‌ حكومەتی عیراقیدان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT