ئەفراح؛ تەحەدای بەربەستەكان دەكات

ئەفراح ئیبراهیم لەكاتی نمایشی دوو تابلۆیدا فۆتۆ: ناوبراو بۆ (كەركوك ناو)ـی ناردووە

لەیلا ئەحمەد – كەركوك ناو

ئەفراح هەرچەندە ناتوانێت لەسەر قاچەكانی خۆی بڕوات، بەڵام رێگەنادات ئەو هۆكارە لە هەنگاونانی بخات و لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجەكانیدا، تەحەدای هەموو بەربەستەكانی بەردەمی دەكات.

لە تەمەنی نۆ مانگییەوە تا شەش ساڵی، زیاتر لە حەوت نەشتەرگەری بۆ قاچەكانی ئەفراح دەكرێت و هیچ یەكێكیان ناگاتە ئەم ئەنجامەی خێزانەكەی چاوەڕێی دەكەن.

"نەشتەرگەرییەكان بێ سود بون و من قاچەكانم لەدەستدا، دواتر كەوتمە سەر عەرەبانە و بەوهۆیەوە نەمتوانی بڕۆمە قوتابخانە".

ئەفراح ئیبراهیم (45 ساڵ)، خاوەن پێداویستییەكی تایبەتی خەڵكی قەزای كەلارە لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان (باشوری خۆرئاوای پارێزگای سلێمانی) نیشتەجێیە.

"لەگەڵ خوشك و براكانكدا، لە ماڵەوە دەستكرد بە خوێندن و دواتر بەشداری خوێندنی قورئانم كرد، بۆیە فێری خوێندنەوە و نوسین بوم".

afrah (2)
ئەفراح سەرقاڵی وێنەكێشانە فۆتۆ: ناوبراو بۆ (كەركوك ناو)ـی ناردووە

لە تەمەنی هەرزەكاریدا دەرفەتی بۆ دەڕەخسێت لە باخچەیەكی منداڵاندا ببێتە فەرمانبەری خۆبەخش و هاوكاری منداڵان بكات بۆ فێربون، چونكە ئەوكاتە ئەفراح سەرەتای خولیا و دەركەوتنی بەهرەكانی بووە لە هونەری وێنەكێشان و شێوەكاری.

"لە 16 ساڵیدا بەڕێوەبەری باخچەكە داوای لە پەروەردەی گەرمیان كرد دابمەزرێنرێم و بوم بە فەرمانبەری هەمیشەیی و موچەم وەرگرت، ئەوەش زۆر دڵخۆشی كردم".

ئەفراح بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامە و شارەزایی زیاتر لە هونەری شێوەكاریدا هەوڵیدا، سەرباری بەربەستەكانی هاتوچۆ، بەڵام كۆڵی نەدا و لەڕێی بەشداری لە چالاكییەكاندا، توانی ناو و ناوبانگ پەیدا بكات.

لە ساڵی 2003ـدا بڕیاریدا مۆڵەتی شۆفێری بەدەستبهێنێت و بە كۆكردنەوەی پارەی مانگانە ئۆتۆمبێلێكی هەرزانی كڕی، "بۆ یەكەمجار وەك ئافرەتێكی خاوەن پێداویستی تایبەت لەو ناوچەیە ئۆتۆمبێلم لێخوڕی و هاتوچۆی بە هاوڕێكانیشم دەكرد".

afrah (6)
ئەفراح لە باخچەیەكی منداڵاندا فەرمانبەرە فۆتۆ: ناوبراو بۆ (كەركوك ناو)ـی ناردووە

ئەفراح دەگەڕێتەوە بۆ خوێندن؛ شەشی سەرەتایی و دوایی بڕوانامەی نۆ بەدەستدەهێنێت، تا بگات بە خەونە گەورەكەی، ئەویش شێوەكاری بوو.

"تاقیكردنەوەم بۆ خوێندن لە بەشی شێوەكاری كرد و ئەنجامی باشم بەدەستهێنا، بەڵام ڕێگرییم لێكرا بە پاساوی ئەوەی خاوەن پێداویستی تایبەت بوم و وتیان دەتوانی لە پەیمانگەی هونەر جوانەكان درێژە بە خوێندن بدەم، تەنیا بەشی شانۆ نەبێت كە رێگەم پێنادرێت".

ئەفراح بەهۆی ئەو رێگرییەوە خواستی خوێندنی دەگۆڕێت و خۆی دەڵێت بە ناچاری چۆتە پەیمانگەی كۆمپیوتەر و ئێستا خوێندكاری دواقۆناغە، بەیانیانیش لە باخچەی منداڵان فەرمانبەرە.

"بەشداری زیاتر لە 40 پێشەنگای نێودەوڵەتی شێوەكاریم كردوە، چەندین خەڵاتم لەسەر ئاستی وڵاتانی قەتەر، توركیا و هەرێمی كوردستانیش وەرگرتووە" ئەفراح وای وت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT