دادگا بڕیاریدا:
هەزار و 113 دۆنم زەوی بۆ كورد گەڕێنرایەوە

فۆتۆ: كەركوك/ تشرینی دووەمی 2021/ جوتیارێكی كورد لە گوندی شەناغە لە ناحیەی سەرگەڕان. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

دادگای داقوق بڕیاریدا بە سڕكردنی 21 سكاڵای جوتیارانی عەرەب لەبارەی زەوییە كشتوكاڵییەكانی ناوچەكە، بەو پێیەش هەزار و 113 دۆنم زەوی لە بەرژەوەندی جوتیارانی كورد یەكلاییكردەوە.

ئەو بڕیارەی دادگا سێشەممە 29ی تشرینی دووەم دەرچوو، ئەوەش دوای چەند دانیشتنێك لە دادگای داقوق لەسەر پرسی زەوییە كشتوكاڵییەكان.

شكار مەردان، پارێزەری جوتیارانی كورد لە دۆسییەی ئەو زەوییە كشتوكاڵییانەی كێشەی لەسەر بوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "بڕیارەكەی دادگا لە بەرژەوەندی جوتیارانی كوردە، بەو پێیەی سكاڵای  جوتیارانی عەرەبی سڕكرد كە دەیانەویست بە پاڵپشتی دادگا و یاسا بەردەوامی بدەن بە بەكارهێنانی ئەو زەوییە كشتوكاڵییانەی كە لەسەردەمی رژێمی بەعسدا گرێبەستی كشتوكاڵییان بۆ كرابوو".

وتیشی "ئەو جوتیارانە گرێبەستی كشتوكاڵی هەزار و 113 دۆنم زەوییان هەیە و 21 سكاڵایان لە دادگا بۆ بەكارهێنانی زەوییەكان تۆماركردبوو، بەڵام دادگا تەواوی سكاڵاكانی سڕكرد و بەو پێیەش جوتیارانی كورد دەتوانن زەوییە كشتوكاڵییەكانیان بەكاربهێنن".

زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەركوك و چەند پارێزگایەكی تر، لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی حزبی بەعس، بەشێوەی گرێبەست بەسەر عەرەبی خواروو و ناوەڕاستی عیراقدا دابەشكران، تا روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 مامەڵەیان پێوەدەكرا و دواتر بەجێیانهێشت.

لەو ساڵەوە (2003) جوتیارانی كورد زەوییەكان بەكاردەهێننەوە، تا دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، كاتێك دەسەڵاتی حكومەتی ناوەند بۆ كەركوك گەڕایەوە و هێزە ئەمنییەكانی هەرێم لەناوچەكە كشانەوە، ناوبەناو ناكۆكی و كێشمەكێش لەسەر زەوییە كشتوكاڵییەكان دروستدەبێتەوە.

وەزارەتی دادی عیراق، لە 23ی ئەیلول بڕیارێكی ئاراستەی حەوت پارێزگای عیراق كرد لەنێویاندا كەركوك، تیایدا جەختدەكاتەوە لە راگرتنی كاركردن بە گرێبەستە كستوكاڵییەكانی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی حزبی بەعس.بەڵام فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركوك رەتیكردەوە پێوەی پابەندبێت.

تەنیا لە كەرتی 45ی سنوری قەزای داقوق سێ هەزار و 500 دۆنم زەوی كشتوكاڵیی كێشەی لەسەرە و بە رەتكردنەوەی ئەو 21 سكاڵایە، هەزار و 113 دۆنم زەوی لە بەرژەوەندی جوتیارانی كورد یەكلاییكرایەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT