رۆژانە 59 حاڵەتی توندوتیژی لە پارێزگاكانی عێراق تۆمار دەكرێت

فۆتۆ: Melanie Wasser، ئەم وێنەیە لە ماڵپەڕی unsplash وەرگیراوە لە 16ـی نیسانی 2020

كەركوك ناو

زیاتر لە 21 هەزار حاڵەتی توندوتیژی خێزانی لە پارێزگاكانی عیراق تۆماركراوە، لە نێویاندا دژ بە ژنان و منداڵان، ئەوەش تەنیا لە ماوەی یەك ساڵدا كە هەر رۆژێك 59 حاڵەتی بەردەكەوێت.

بەپێی ئامارێكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، لە ساڵی 2022ـدا لە پارێزگاكانی عیراق (بەبێ هەرێمی كوردستان)، 21 هەزار و 595 حاڵەتی توندوتیژی خێزانی دژی منداڵ، ژنان و كەسانی بە تەمەن لە دادگاكاندا تۆماركراوە.

لەو ژمارە 963 حاڵەتی توندوتیژی دژ بە منداڵان بووە، لەگەڵ 17 هەزار و 438 حاڵەتی توندوتیژی دژی ژنان كە زۆرترین لە رەسافەی بەغدا بووە، بەدوای ئەویشدا كەربەلا لە پلەی دوەمدا دێت.

مستەفا عەبدولقادر، دادوەری دادگای باری كەسێتی لە تكریت دەڵێت لە هۆكارەكانی بەردەوامی توندوتیژی خێزانی، "نەزانی و نەبونی زانیارییە دەربارەی ماف و ئەرك لەلایەن ئەو كەسانەی توندوتیژییان بەرانبەر كراوە یان توندوتیژی دەكەن، لەگەڵ نزمی ئاستی رۆشنبیری .. هەندێكیش لە خێزانێكدا پەروەردە بون كە پێیانوایە توندوتیژی خێزانی ئاساییە و هیچ زیانێكی نییە".

هەروەها رونیكردەوە هۆكارەكانی ژینگە و كەشوهەوا و كێشەكانی دیكەش كاریگەرییان هەیە، بەوپێیەی تاك روبەڕوی قەرەباڵغی و كەمی ئاستی خزمەتگوزاری و كێشەی شوێنی نیشتەجێبون دەبێتەوە، كاتێكیش دەستی بە هەموو شتێك ناگات و ناتوانێت هەلیكاری دەستبكەوێت و بە ئامانجەكانی بگات، هانا بۆ توندوتیژی دەبات.

مستەفا عەبدولقادر بۆ سایتی ئەنجومەنی دادوەری قسەی كردووە و دەڵێت، كاریگەری توندوتیژی بە تایبەت لەسەر منداڵان و ژنان دەردەكەوێت و دەبێت هۆی زیانی دەرونی و جەستەیی.

لە ساڵی 2021ـیشدا هەر بەپێی ئامارەكانی ئەنجومەنی دادوەری، لە عیراق (بەبێ هەرێمی كوردستان) 22 هەزار و 365 حاڵەتی توندوتیژی لە دادگاكاندا تۆماركرابوون، لە نێویاندا هەزار و 141 حاڵەتی توندوتیژی دژ بە منداڵان، 18 هەزار و 602 حاڵەتی توندوتیژی دژ بە ژنان و دوو هەزار و 622 حاڵەتی توندوتیژی دژ بە كەسانی بە تەمەن.

رەفا حسێن، شارەزای كاروباری خێزان دەڵێت "ئەو بارودۆخەی ئێستا خێزانی پێدا تێدەپەڕێت هۆكارە بۆ زیادبونی خەمۆكی و توڕەیی لای زۆر كەس بە تایبەت ئەو پیاوانەی بێكارن یان داهاتیان سنوردارە، ئەوەش كاردانەوەی توندوتیژی لێدەكەوێتەوە دژ بە ژنان"، هەروەها جەختیكردەوە "كاریگەری هاوسەرگیری پێشوەختە و هاوسەرگیری لەسەر بنەمای هەندێك سیفەت بەبێ رێككەوتن و پێكەوەگونجان هۆكارن بۆ كێشە و دەمەقاڵی".

رەفا ئاماژەی بەوەدا، هەرچەندە لە یاسای سزاداندا چارەسەر بۆ حاڵەتەكانی توندوتیژی دژ بە ژنان هەیە، بەڵام پێویست بە یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی دەكات بۆ پارێزگاری لە مافی ژنان و منداڵان.

یاسای منداڵان و بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی لە پەرلەمانی عیراقە و تائێستا پەسەند نەكراوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT