ئەڵوەند سەرڕێژ بووە، بەڵام هەواڵەكە دڵخۆشكەر نییە

دیالە/ 30ی ئاداری 2023/ دیمەنێك لە بەنداوی ئەڵوەند. فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

لەیلا ئەحمەد

بەنداوی ئەڵوەند لە قەزای خانەقین سەرڕێژ بووە، بەڵام هەواڵەكە تەواو دڵخۆشكەر نییە، چونكە بەشی پێداویستی رۆژانەی هاوڵاتیان و كشتوكاڵی قەزاكە ناكات بۆ تەواوی ساڵەكە.

بەنداوەكە كە توانای گلدانەوەی 38 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە و لە سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵەوە سەرڕێژ بووە، ئەوەش بە وتەی ئەحمەد وسین، بەڕێوەبەرى بەنداوى ئەڵوەند.

ئەو جەختیكردەوە "دوو مانگە بە تەواوى بەنداوەکە سەرڕێژ بووە، ئێستا 38 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تیایە، ئەو ئاوە بۆ پێداویستی رۆژانەی خەڵكی خانەقین و دوو هەزار 500 باخ و 40 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی بەكاردێت".

ئەو ئاوە بۆ پێداویستی رۆژانەی خەڵكی خانەقین و دوو هەزار 500 باخ و 40 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی بەكاردێت

لەگەڵ سەرڕێژبونی بەنداوەكەدا كە سەرچاوەی سەرەكی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە و كشتوكاڵە لە قەزای خانەقین، بەڵام ئەحمەد وسین وتی "ناتوانین بە تەنیا پشت بەو ئاوە ببەستین، چونكە كەمە، پێویستە بەنداوی ئەڵوەند 38 ملیۆن مەتر چوارجا ئاو بگرێت ئینجا بەشی خانەقین دەكات، نەك 38 ملیۆن مەتر سێجا".

ئەمە مانای وایە ئەو سەرڕێژبونە بەشی تەواوی پێداویستی خەڵك و كشتوكاڵ و باخداریی نایات، وەك ئەحمەد وسین وتی "ساڵانە لە مانگی ئایار تاوەكو مانگی تشرینی یەكەم كێشەی كەمئاوی لە خانەقین دروستدەبێت، تەنانەت ئەگەر بەنداوەكەش سەرڕێژبێت، چونكە ئاوەكە زوو كەمدەكات و ئێرانیش ئاوەكەی گلداوەتەوە و بەو هۆیەوە بە بەردەوامی ئاو بۆ بەنداوەكە نایات".

ئاماژەی بەوەشدا كە كێشەیەكی تر ئەوەیە هیچ پلانێكی گلدانەوەی ئاو نییە بۆ وەرزی هاوین.

بەپێی بەدواداچونێكی پێشوی (كەركوك ناو)، دانیشتووانی خانەقین لە كاتژمێرێكدا پێویستیان بە 2000 مەتر سێجا ئاو هەیە، بەڵام لە كاتژمێرێكدا 800 مەتر سێجا ئاویان لە پڕۆژەی ئاوی قه‌زاكه‌وە پێدەگات.

ئەو گرفتە سەرچاوەكەی بۆ كەمی رێژەی باران، كەمبونەوەی ئاوی بەنداوی ئەڵوەند و كێشەی گەیشتنی ئاوی روباری سیروان بۆ پڕۆژەكە دەگەڕێتەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT