شرێدئەپ هەڵەبجە
تروسکایی ئومێد لەنێو بۆمبارانی پلاستیکدا

هەڵەبجە/ 30ـی ئاداری 2023/ وێنەیەكی كێشراو لەسەر دیواری سەنتەری ریسایكلینی هەڵەبجە فۆتۆ: سەلام عومەر

سەلام عومەر - هەڵەبجە

لەکاتێکدا بۆمبارانی پاشماوەی پلاستیکی بۆ سەر شارەکە بەردەوامە، ژمارەیەک کچ و کوڕی هەڵەبجە خوازیارن لەڕێی کارگەیەکی دوبارە بەرهەمهێنانەوە کەمێک باری لاری پیسبوونی ژینگە راستبکەنەوە.

رۆژانە زیاتر لە (150) تۆن لە زبڵ و خاشاک لە پارێزگای هەڵەبجە کۆدەکرێتەوە و دەکرێتە ژێر خاکەوە. بەگوێرەی خشتەیەکی پەسەندکراوی سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە، تەنیا لە رۆژی 23ـى تشرینی یەکەمی 2022ـدا، نزیکەی (153) تۆن زبڵ و خاشاک لە سنوری پێنج شارەوانییەکەی پارێزگاکە کۆکراوەتەوە، لەو بڕە نزیکەی (13) تۆنى پاشماوەی پلاستیکییە؛ بڕی پاشماوەی پلاستیکی ناوشاری هەڵەبجەش زیاتر لە حەوت تۆن و نیو بووە.

دواجار، زۆرینەی ئەو زبڵ و خاشاکە دەکرێتە ژێر زەوییەوە و کاریگەریی بۆ چەندین دەیە بەجێدەهێڵێت. زۆرینەی زبڵ و خاشاکی هەڵەبجە چەند کیلۆمەترێک لە دەرەوەی شارەکە، لە نزیک گوندی دڵگیریی تەپە کوڕە، دەکرێتە خەرەندێکەوە.

شنیار یادگار مەولود، ئەندازیاری کارەبا و سەرپەرشتیاری سەنتەری (شرێد ئەپ هەڵەبجە) بۆ دوبارە بەرهەمهێنانەوە، دەڵێت، مەبەستی دەستپێشخەرییەکە خۆی لە دوو ئامانجی سەرەکییدا دەبینێتەوە؛ یەکەم، بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی دەربارەی زیانی ماددە پلاستیکییەکان و هاندانی خەڵک ماددە پلاستیکییەکان هەر بەکارنەهێنن، ئەگەر بەکاریشیان هێنان، بینێرنەوە بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوە. دووەمیش، پاککردنەوەی ژینگەی هەڵەبجەیە لە پاشماوەی پلاستیکی.

data
هەڵەبجە/ 24ـی تشرینی یەكەمی 2022/ بڕ و جۆرەكانی زبڵ و خاشاك بە تۆن لە سنوری شارەوانییەكانی هەڵەبجە لە رۆژێكدا سەرچاوە: سەرۆكایەتی شارەوانی هەڵەبجە

پێدەچێت هەڵەبجە ببێتە نوێترین پارێزگای عیراق. ئەمساڵ (2023)، لە ساڵیادی کیمیابارانی شارەکە لە لایەن ڕژێمی پێشووی عیراقەوە لە 16ـی ئاداری ساڵی 1988دا کە تیایدا پێنج هەزار هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و (10) هەزاری تریش برینداربوون، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق پڕۆژە یاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەى پەسەندکردووە  و  بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی ناردووە تا هەڵەبجە بکاتە نۆزدەیەمین پارێزگای ووڵات.

کیمیابارانکردنی هەڵەبجە کارەساتێکی مرۆیی و ژینگەیی خستۆتەوە کە هێشتا کاریگەرییەکەی دیارە. عیماد فەیرۆز، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی چارەسەری بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە، وتی، "لە کۆی ئەو (2300) بریندارەی چەکی کیمیایی کە بە بەردەوامی بۆ چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەکە دەکەن، (2000) کەسیان خەڵکی ناو شاری هەڵەبجەن".

ژمارەی دانیشتوانی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە 68 هەزار و 958 كەسە، بەپێی خەمڵاندنی دەزگای ناوەندی ئامار سەر بە وەزارەتی پلاندانانی عیراق بۆ ساڵی 2019، بەڵام بەپێی ئۆفیسی هەڵەبجەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم، ژمارەی دانیشتووانی ناوەندی پارێزگاکە 80 هەزار و 940 کەسە کە دابەشبووە بەسەر 17 هەزار و 221 خێزاندا.

شنیار لە کاتی بۆمبارانی کیمیایی هەڵەبجەدا لە دایک نەبووە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت لە ڕێی دایک و باوکییەوە یادەوەرییەکی زۆری بۆ دروستبووە، دەربارەی ئەو کارەساتە ژینگەییە، سەرەڕای زیانە مرۆییەکەی. "بەڵێ، بەڵی! بۆمدەگێڕنەوە، زۆربەی ئەو ئاژەڵانەی هەبوون، بە ماڵی و کێوییەوە لە ناوچوون؛ بینیویانە چۆن کەلاکیان بەسەر زەوییدا بڵاوبونەتەوە. ئەوەش دەڵێن، زۆربەی نەمام و درەختی شارەکە ووشک بوون و لەناو چوون".

سەرەتایەکی لێڵ، ڕێگایەکی روون

سەرەتای رۆژێکی نوێی کۆتایی ئادارە. شنیار جوان خۆی گۆڕیوە و ئامادەیە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی ئەو پڕۆژەیەی بە دڵ کاری تیادا دەکات. کارمەندانی تر کارگەکەیان پڕکردووە لە ووزەی ئەرێنی؛ شەش کارمەند رۆژانە لە کارگەکەدا کاردەکەن کە رووبەرەکەی تەنیا (250) مەترێک دەبێت.

دەستپێشخەری کارگەی دوبارە بەرهەمهێنانەوەەی (شرێد ئەپ) لە هەڵەبجە بە دوو قۆناغدا تێپەڕیووە؛ یەکەم قۆناغی هۆشیارکردنەوەی ژینگەیی، سەرەتا بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە قوتابخانەکان و دابەشکردنی سەبەتەی تایبەت بۆ کۆکردنەوەی پلاستیک دەستیپێکردوە. لە هەر خوێندنگەیەک، قوتابیانی قوتابخانەکە کراون بە چەند دەستەیەک و سیمیناریان پێ وتراوەتەوە.

هەنگاوی دووەمیش، دامەزراندن و خستنەکاری ئامێرەکانی کارگە بووە کە نزیکەی (10) هەزار دۆلاری ئەمریکی تێچووە. شنیار دەگێڕێتەوە، "زۆربەی ئامێرەکانیش" لە ناوخۆدا دروستکراون. ئامانجیش لە دروستکردنی ئامێرەکان لە ناوخۆدا ئەوەیە ئەگەر کەسێک یان لایەنێکی تر ویستی پڕۆژەی هاوشێوەی هەبێت بتوانن ڕێنمایی پێویستی پێبدەن و هاریکاریی بکەن.

لە 16ـى ئادارى 2022ـدا پڕۆژەی سەنتەری ڕیسایکلینی هەڵەبجە کراوەتەوە؛ ڕێکخراوی وادی، کە رێکخراوێکی قازانج نەویستی ئەڵمانییە، ڕێکخراوی نوێ لە هەڵەبجە، ڕێکخراوی (Shred Up) لەم پڕۆژەیەدا هاوبەشن. پڕۆژەی ڕیسایکلینی هەڵەبجەش یەکێکە لەو پڕۆژانەی ڕێکخراوی وادی کۆمەکی دارایی دەکات.

دوای سەرکەوتنی ئەزمونی ڕیسایکلینی هەڵەبجە بە باشمان زانی پڕۆژەکە ببەین بۆ شوێنەکانی تر کە زیانی زۆری ژینگەیيان بەرکەوتووە

باخان جەمال، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکانی رێکخراوی وادی وتی، پڕۆژەکەی هەڵەبجە وەک تاقیکردنەوەیەک بوو تا بزانن پڕۆژەی لەو جۆرە دەتوانرێت لە سەر ئاستی ناوخۆ جێبەجێبکرێت. وتیشی "لە دوای سەرکەوتنی ئەزمونی ڕیسایکلینی هەڵەبجە بە باشمان زانی پڕۆژەکە ببەین بۆ شوێنەکانی تر کە زیانی زۆری ژینگەیيان بەرکەوتووە، لەوانە کفری و کامپی کەپەرتوو لە دهۆک". 

لە قوتابخانە، ماڵان و لە شوێنەکانی ترەوە، پاشماوە پلاستیکییەکان کۆدەکرێنەوە و بۆ کارگەکە دەگوازرێنەوە. هەرچەندە پلاستیک چەندین سوودی هەیە، بەڵام خەڵک خویان بەو جۆرەوە گرتووە کە جارێک بەکاردەهێنرێت و فڕێدەدرێت. ئەوەش دەرئەنجامی ناجۆری ژینگەیی، تەندروستی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی لێدەکەوێتەوە.

ساڵانە نزیکەی (400) ملیۆن تۆن پاشماوەی پلاستیکی لە سەرتاسەری جیهاندا بەرهەمدەهێنرێت. بەگوێرەی ئامارەکانی بەرنامەی ژینگەیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNEP)، لە هەر خولەکێکدا یەک ملیۆن بوتڵی پلاستیکی دەکڕدرێت؛ هاوکات ساڵانە نزیکەی پێنج ترلیۆن کیسی نایلۆن لە سەرتاسەری جیهاندا بەکاردەهێنرێت. بە گشتی، نیوەی هەموو پلاستیکی بەرهەمهێنراو بۆ یەکجار بەکارهێنان دیزاینکراون – تەنیا جارێک بەکاردەهێنرێن و دواتر فڕێدەدرێن.

سەروەر قەرەداغی، بەڕێوەبەری رێکخراوی سروشتی کوردستان کە ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنییە، رایگەیاند "ڕێگای یاسایی زامنی سنوردارکردنی بەکارهێنانی پلاستیک دەکات". رێکخراوەکە لە مانگی نیسانی 2021ـدا، پێشنیازی پرۆژەی یاسای سنوردارکردنی هاوردەکردن و بەرهەمهێنانی پلاستیکی پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان کردووە و دەنگی پێویستی بۆ کۆکراوەتەوە. پەرلەمان پێشنیازەکەی ناردووە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی هەڵوێست بەڵام "کارەکە لەوێدا وەستاوە".

لە ماددەی سێیەمی پێشنیازە یاساکەدا، داوای زیادکرنی باجی سەر هاوردەکردنی کەرەستە پلاستیکییەکان دەکات بە ڕێژەی لە سەدا (100) و بۆ بەرهەمی پلاستیکی ناوخۆش بەرێژەی لە سەدا (75). هاوکات لە مادەی چوارەمدا، باس لە قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ماددەی پلاستیکی دەکات.

حەوت جۆر پلاستیک هەن و کارگەکە هەموو جۆرەکان وەردەگرێت. هەندێکیان بۆ بەکارهێنانەوە ناشێن، لەبەرئەوەی لە کاتی کوڵان یان گەرمکردنیاندا گازی زیانبەخشیان لێدەردەچێت. جۆری یەکەم پرێس دەکرێت و بۆ کارگە گەورەکانی سلێمانی دەگوازرێتەوە؛ جۆری دووەم (HDPE) و جۆری پێنجەم (PP) دووبارە بەکارهێنانەوەیان بۆ دەکرێت.

ڤیدیۆ: شنیار یادگار، دەربارەی ئەو جۆرانەی پلاستیك دەدوێت كە لە كارگەكەدا بەرهەمدەنێرێنەوە/ سەلام عومەر

میلاد محەمەد مەحمود، هێشتا خوێندکاری ئامادەیی پیشەسازییە و لە پرۆژەکەشدا کاردەکات. ئەرکی میلاد گواستنەوەی پاشماوەی پلاستیکییە لە کافتریا، قوتابخانە و شوێنە گشتییەکانەوە بۆ سەنتەری ریسایکلینەکە.

میلاد دەڵێت، هەموو یەکشەممەیەک پاشماوەی پلاستیکی قوتابخانەکان بۆ کارگەکە دەگوازێتەوە و هەموو دووشەممەیەکیش پاشماوەی پلاستیکی چایخانە و کافتریای و شوێنانی تر کۆدەکاتەوە.

بەرهەمەکانی کارگەکە کە لە پاشماوەی پلاستیکی دروستدەکرێن بریتین لە کورسی و مێز، ئینجانە، سەبەتە، شوێن قەڵەم و بابەتی لەو شێوەیە.  "ئەو بەرهەمانە لە پلەیەکی گەرمی بەرزدا دەکوڵێنرێن و دواتر لە کاتی بەکارهێناندا زیانی تەندروستیان نییە."

بە ووتەی شنیار، کارگەکە سەرەتا پێشوازییەکی گەرمی لێکراوە، بەڵام پێشوازییەکەی ئەمساڵ "زۆر زۆر لەوە زیاتر بووە". دواجار، مامۆستا و قوتابییەکان بەرهەمی کارگەکەیان بینی، بۆیە زیاتر بە پەرۆش بوون بۆ پشتگیریکردن. خوازیاریشە، لە داهاتوودا دوو یان سێ شوێنی تری هاوشێوە لە هەڵەبجەدا بکرێنەوە.

 سێڵفی شانازیی

سەنتەری ریسایکلینی هەڵەبجە لە چەن ئاستێکدا کاریگەریی دروستکردووە. لە ماوەی ساڵێکی تەمەنی پڕۆژەکەدا، 50 قوتابخانە سودیان لە هەڵمەتی هۆشیاریی پرۆژەکە بینیووە.  (141) ناوەندی خوێندن لە هەڵەبجە هەن بە باخچەی ساوایان، قۆناغی بنەڕەتیی و ئامادەییشەوە.

شنیار دەڵێت، "لە هەمووی گرنگتر لایەنە پەروەردەییەکەیەتی، ئەوەی منداڵێکی بچووک فێردەبێت دوبارە بەکارهێنانەوە چییە و بە چاوی خۆی دەیبینێت. خۆم کاتێک کە قوتابی بووم، ئەم پڕۆژەیەم ببینیایە لەوانە بوو  حەزمبکردایە لەو بوارەدا بخوێنم و کار بکەم."

بەڕێوەبەری قوتابخانەی شەهید ئازاد هەورامی بنەڕەتی، هەوار مستەفا حەمە عەلی وتی، دیدی قوتابخانەکەمان و ئامانجی سەنتەری ریسایکلینەکە یەکدەگرنەوە، بۆیە "کاریگەرە".

سەبارەت بە روودانی گۆڕانکاریی لە هەڵسوکەوتی قوتابیاندا سەبارەت بە پاشماوەی پلاستیکی، ووتی، "ئەی چۆن، ئەی چۆن، ئەوە کاریگەریی زۆر بوو کە بەرهەمی ریسایكڵینەکەیان بینی کاتێک سەنتەرەکە بەرهەمی خۆیان بۆ ناردین."

لە هەفتەیەکدا نزیکەی (600) بوتڵی ئاو کۆدەکەمەوە و دواتر کارمەندی کارگەکە دەیگوازنەوە

هەوار مستەفا بەڕێوەبەری (367)  قوتابییە و هەموویان بە هەڵمەتەکە ئاشنابوون. باسی لەوەشکرد، پێویستە بابەتی ژینگە بکرێت بە ئامانجی قوتابخانەکان، "دەبێت بکرێتە ئیشێکی بەکۆمەڵ".

لایەنێکی تری پڕۆژەکە بابەتە ژینگەییەکەیەتی چونکە رێدەگرێت لەوەی ئەو هەموو پلاستیکە بکرێتە ژینگەی هەڵەبجەوە. شرام جەمیل لەتیف، خاوەنی کافتریایەکە کە سەبەتەی پاشماوەی پلاستیکی لەبەردەمیدا دانراوە، دەڵێت، "سەبەتەکە زوو زوو پڕدەبێت، لە هەفتەیەکدا نزیکەی (600) بوتڵی ئاو کۆدەکەمەوە و دواتر کارمەندی کارگەکە دەیگوازنەوە؛ دوای ئەو هەنگاوە زبڵ و خاشاکمان زۆر کەمبۆتەوە."

هاوکات، دەرئەنجامێکی تر، دروستکردنی ڕایەڵەیەکی پەیوەندییە لە نێوان قوتابخانە، شوێنە گشتییەکان و رێستۆرانتەکاندا. "کەم شوێن هەیە بە حکومەتیشەوە، ئەو شوێنانە پێکەوە گرێبدات. دەمانەوێت ببینە خاڵی کۆکەرەوەی ئەو لایەنانە،" شنیار وای ووت. "سەرەتا کە دەستمانپێکرد هیچمان لێ دیار نەبوو، دیدگایەکی روونمان نەبوو، تەنیا ئامێرمان هەبوو. کاتێک یەکەم پارچەی یەکەم بەرهەممان دروستکرد، بەدەستمەوە گرتبوو و وێنەم لەگەڵدا گرت و لە سۆشیال میدیایدا بڵاومکردەوە، زۆر شانازیم پێوەدەکرد."

بە تێڕوانینی باخان جەمال، "تا ڕادەیەکی زۆر پڕۆژەکە سەرکەتوو بووە، یەکەمجارە نمونەیەکی سەرکەوتوی سیستمی کۆکردنەوەی پلاستیکمان هەیە لە هەڵەبجە؛ یەکەمجارە بەرهەمی خۆماڵیمان لە پلاستیکی بەکارهاتوو هەیە."

 "هاوکارن و هاوکاریش نین."

کارەکە هەر وا ئاسانیش نییە. لە ماوەی ساڵێکی تەمەنی دەستپێشخەرییەکەدا، بەربەستی جیاواز هاتونەتە بەردەم تیمی سەنتەرەکە، لەوانە لایەنی ماددی، هێشتا کارگەکە نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی قازانج بکات، خەرجی لە کۆی داهات زیاترە.

سەرپەرشتیاری پڕۆژەکانی رێکخراوی وادی دەڵێت، یەكێك لە بەربەستەكان، دۆزینەوەی کڕیارە، بە نرخێکی باش بۆ ئەو پلاستیکانەی کۆدەکرێنەوە و دوبارە بەکارنایەنەوە، ... هەنگاوی داهاتوو ئەوەیە کە بتوانین سەنتەرەکە بەبێ هاوکاری و کۆمەکی دارایی خۆی بەڕێوەبەرێت."

هەرچەندە لێپرسراوانی پرۆژەکە باس لە پشتیوانی شارەوانی و  پەروەردە دەکەن، بەڵام دەڵێن حکومەت دەبێت بە پەرۆشتر بێت بۆ پرۆژەی لەو شێوەیە. شنیار دەڵێت، "ناتوانم بڵێم هیچ هاوکارنین؛ بەڵام ناتوانم بڵێم هاوکاریشن، لەو ناوەندەیان. ئەزانن ئێمە هەین؛ پێیان خۆشە، بەڵام دەستپێشخەریی گەورە نییە لەلایەن ئەوانەوە."

photo1680515943 (7)
هەڵەبجە/ 30ـی ئاداری 2023/ كارمەندێكی سەنتەری ریسایكلین سەرقاڵی پارچەكردن و جیاكردنەوەی پلاستیكە فۆتۆ: سەلام عومەر

لەو بارەیەوە، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە، سەرهەنگ عەبدولرەحمان، ووتی، "پڕۆژەکەمان زۆر بە لاوە باشە و پێشوازیمان لە تیمەکە کردووە و ئاسانکارییشمان بۆ کردوون. کاریگەرییشی زیاتر دەبێت ئەگەر فراوانتر و گەورەتر بکرێت."

ووتیشی، "پێشنیازێکم هەیە کە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە قسەبکەین کە خۆڵ و خاشاکی هەڵەبجە کۆدەکاتەوە تا ئەوان پلاستیکەکە کۆبکەنەوە و تێکەڵاوی خۆڵ و خاشاکی تر نەکرێت."

رەهەندێکی تر ئەوەیە، پێویستە بابەتی ژینگەیی بکرێتە بابەتێکی بەردەوام لە قوتابخانەکاندا. پێویستە مامۆستاکان لەگەڵ قوتابیاندا باسی بکەن و بیریان بخەنەوە. شنیار وتی، "ناتوانین هەموو سێ مانگ جارێک سەردانی قوتابخانەکان بکەین و بیریان بخەینەوە. بەڵام ئەگەر بابەتی ژینگەیی هەبێت، بە هاریکاریی مامۆستای ژینگە دەتوانین کارەکە ئاسانتر بکەین."

ئیتر دوای ساڵێك، کارگەکە دەستیکردووە بە فرۆشتنی بەرهەمەکانی و زۆرینەی کڕیاران گەنج و خوێندکاری زانکۆن.

هۆکاری کەوتنە سەر پێی پڕۆژەکە بۆ فەراهەمکردنی ژینگەیەکی ئازاد بۆ داهێنان دەگەڕێتەوە. شنیار دەڵێت، "ئازادین تا بیروڕای خۆمان دەرببڕین و داهێنان بکەین، لە هەر شوێنێکدا، ئەو کەسانەی کاردەکەن، بواریان بدرێت توانای خۆیان بخەنە گەڕ، شتی زۆر جوان روو دەدات."

"هەندێک جار، لەوانەیە بچووک بیت، بەڵام کاریگەری گەورە دروست بکەیت،" ئەمە دوا ووتەی شنیار بوو، بەر لەوەی کۆتایی بە گێڕانەوەی چیرۆکەکەی بهێنێت و بەرەو ئەرکی داهاتووی ئەو رۆژە لە دەرەوەی کارگەکە بکەوێتە رێ.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT