دوای سێ ساڵ؛ نەوتی گەیارە دەچێتەوە بازاڕ

نەینەوا/ 2023/ گواستنەوەی نەوتی خاوی كێڵگەی گەیارە لەڕێی هێڵی ئاسنینی تایبەت بە گواستنەوەی سوتەمەنی تا هەناردەی دەرەوە بكرێت فۆتۆ: وەزارەتی نەوت

عەمار عەزیز – نەینەوا

بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی خاو لە گێڵكەكانی گەیارە، دوای سێ ساڵ لە راگرتنی، جارێكیتر دەستیپێكردۆتەوە و لە بازاڕەكانی جیهاندا دەفرۆشرێت.

وەزارەتی نەوتی عیراق لە ئایاری 2023ـدا دەستپێكردنەوەی كارەكانی بەرهەمهێنان و هەناردەی لە گەیارە راگەیاند، كە لە چارەكی یەكەمی 2020ـەوە راوەستابوو.

فەرهاد حەمزە، سەرۆكی ئەندازیارانی كۆمپانیای نەوتی باكور بە (كەركوك ناو)ـی وت "وەزارەتی نەوت بەپێی گرێبەستێك نەوتی گەیارە دەنێرێتە باشوری عیراق، لەوێەوە دەچێتە بازاڕەكانی جیهان و دەفرۆشرێت".

رۆژانە 30 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە گەیارەوە، بە ئۆتۆمبێلی تانكەر و هێڵی ئاسنینی تایبەت بە گواستنەوەی سوتەمەنی، رەوانەی بەسرە دەكرێت تا هەناردە بكرێت.

nawti gayara (1)
نەینەوا/ 2017/ كوژاندنەوەی ئاگری بیرە نەوتێكی گەیارە كە داعش تەقاندیەوە فۆتۆ: وەزارەتی نەوت

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت لە بەیاننامەیەكدا وتی جگە لە هەناردەكردن، بڕی سێ هەزار بەرمیلی نەوتی خاو رۆژانە دەدرێت بە پاڵاوگەی گەیارە، "دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی گەیارە داهاتی باشی دارایی بۆ دەوڵەت دەهێنێت و وادەكات پاڵاوگەی گەیارەش لە كاركردن بەردەوامبێت".

دوایین هەناردەكردنی نەوتی گەیارە پێش ئەوەی رابگیرێت، -كە تائێستاش هۆكاری سەرەكی راگرتنەكەی روننەكراوەتەوە-، لە مانگی ئاداری 2020ـدا زیاتر لە 129 هەزار بەرمیل بوو، لەكاتێكدا مانگی پێشتر و لە شوباتی ئەو ساڵەدا نزیكەی 490 هەزار بەرمیل هەناردەی دەرەوە كرابوو.

فەرهاد حەمزە وتى "پێش شەڕی داعش، حكومەتی عیراق زۆر گرنگی بە نەوتی گەیارە نەدەدا، چونكە جۆرەكەی قورس بوو، نەیدەزانی چی لێبكات"، هەروەها رونیكردەوە ئێستا گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیای (سۆنانگۆل) كراوە بۆ گەشەپێدان و بەرهەمهێنانی نەوتی لە گەیارە.

كێڵگەی نەوتی گەیارە 50 بیرە نەوتی تێدایە، 34 بیرە نەوتیان روبەڕوی وێرانكاری بونەوە لەلایەن "چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە داعش"، لەو ژمارەیەش 18 بیرە نەوتیان لە كۆتاییەكانی ئابی 2016ـدا داعش تەقاندیەوە و گڕیان گرت، لەكاتی بەجێهێشتنی گەیارە دوای دوو ساڵ لە حوكمڕانی ئەو قەزایە.

پرۆسەی كوژاندنەوەی ئاگری بیرە نەوتییەكانی گەیارە تا كۆتایی ئاداری 2017 بەردەوام بوو.

سەرۆكی ئەندازیارانی كۆمپانیای نەوتی باكور دەڵێت پێشتر لەڕێی بۆرییەوە نەوتی گەیارە رەوانەی بەندەری جیهانی توركیا دەكرا بەڵام ئێستا دەچێتە بەسرە و ئەوەی دەمێنێتەوە دەدرێت بە پاڵاوگەی گەیارە بۆ بەرهەمهێنانی قیر.

توركیا نزیكەی سێ مانگە هەناردەكردنی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان و عیراقی لەڕێی بۆرییەوە بۆ بەندەری جیهان راگرتووە.

بركان حەسەن، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای نەوتی باكور لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت هەوڵدەدەن بۆ زیادكردنی بڕی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی خاوی گەیارە، ئەوەش قۆناغ بە قۆناغ دەكەن.

یەدەگی نەوتی گەیارە بە نزیكەی ملیارێك بەرمیل دەخەمڵێنرێت و یەكێكە لە كێڵگە گەورەكانی نەینەوا، لەگەڵ كێڵگە نەوتییەكانی دیكەی پارێزگاكە وەك عەین زالە، نەجمە، بەتمە و سەفیە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT