خاشاك لە نێو كەمپەكانی ئاوارەییدا كەڵەكە دەبێت

دهۆك/ 9ی ئابی 2023/ كۆبونەوەی خۆڵ و خاشاك لە كەمپی كەبەرتووی یەك. فۆتۆ: لەیس حسێن

لەیس حسێن

خۆڵ و خاشاك لە بەشێك لە كەمپەكانی ئاوارەییدا لە پارێزگای دهۆك بڵاودەبێتەوە و كۆناكرێتەوە، ئەوەش ئاوارەكانی هەراسانكردووە و داوای هاوكاریی دەكەن بۆ پاككردنەوەی كەمپەكان.

بەپێی وتەی ئاوارەكان، دوو مانگە بەپێی پێویست كۆمپانیاكانی تایبەت بە پاككردنەوەی زبڵ و خاشاك، نایەنە ناو كەمپەكان، لە هەندێك كەمپ مێش و مەگەز لە خۆڵ و خاشاكەكان نیشتووە و بۆنێكی ناخۆشی لەناو كەمپەكاندا بڵاوكردۆتەوە.

حەمۆ قاسم، ئاوارەیەكی نیشتەجێی كەمپی كەبەرتوو لە سنوری قەزای سێمێل لە پارێزگای دهۆك، وتی "لەبەر بۆنی ناخۆشی کەمپەکە ناچاردەبین لەماڵەوە بمێنینەوە و نەیەنە دەرەوە، هیچكات وەكو ئەم ماوەیە كەمپەكەمان پشتگوێنەخراوە".

لەبەر بۆنی ناخۆشی کەمپەکە ناچاردەبین لەماڵەوە بمێنینەوە

كەمپی ئاوارەكان لە ئێستادا لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەڕێوەدەبرێن، هەرسێ بواری ئاو، كارەبا و پاككردنەوە راستەوخۆ لە چوارچێوەی كارەكانی بەرێوەبەرایەتی شارەوانی دهۆكە.

دەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەران و وڵامدانەوەی قەیرانەکان سەر بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، بە (كەركوك ناو)ی وت "هاوكاریی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بۆ كەمپەكان زۆر كەمبۆتەوە، بەتایبەت لە دوای دەستپێكردنی شەڕی روسیا و ئۆكرانیا، بەشێك لە رێكخراوەكان هاوكاریی و كارەكانیان بۆ ئاوارەكانی ئەو شەڕە گواستۆتەوە و عیراقیان بەجێهێشتووە، ئەوە كاریگەری هەیە لەسەر دابینكردنی خزمەتگوزاریی بۆ كەمپەكان".

"حكومەتی هەرێم فشارێكی زۆری لەسەر دروستبووە، شارەوانی دهۆك بەو خزمەتگوزارییانە هەڵدەستێت و تا ئاوارەکان بمێنن بەپێی تواناکانمان خزمەتییان دەکەین".

awara. cumpp
دهۆك/ 9ی ئابی 2023/ كۆبونەوەی خۆڵ و خاشاك لە كەمپی كەبەرتووی یەك. فۆتۆ: لەیس حسێن

بەڵام بۆ حەمۆ قاسم ئەوەی رودەدات جێی نیگەرانییە، "زۆرجار تا دوو هەفتە ئۆتۆمبێلی شارەوانی نایەتە ناو كەمپەكانەوە".

تیمی (كەركوك ناو) هەردوو كەمپی كەبەرتوی یەك و دووی بەسەركردەوە و تێبینی كرد خۆڵ و خاشاك لەناو كەمپەكدا كەڵەكە بووە، هەروەها لە كەمپی چەمشكۆ-ش لە زاخۆ هەمان گرفت هەبوو. چەند كەمپێكی تریش جەختیانكردەوە لەوەی ئەو گرفتەیان هەیە.

دیار سەعید، لێپرسراوی بەشی ژینگە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی پارێزگای دهۆک، بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئیستا شارەوانی لەبری حكومەتی عیراق و رێكخراوەكان ئەركی پاككردنەوەی كەمپەكانمان لە ئەستۆگرتووە، بۆ ئەوەش گرێبەستمان لەگەڵ كۆمپانیاكاندا كردووە  وا دیارە ئەمەی دروستبووە كەمتەرخەمی كۆمپانیاكانە".

"ئێمە لەڕێی ئێوەوە دەزانین كە خۆڵ و خاشاك لە كەمپەكان كەڵەكە بووە، دەبوایە بەڕێوەبەرایەتی کەمپەكان ئەو زانیارییانەمان پێبدەن... لەگەڵ کۆمپانیاكان و ئەو شارەوانییانەن قسە دەكەین كە لە كەمپەكانەوە نزیك و كێشەكە چارەسەر دەكەین".

ئێمە لەڕێی ئێوەوە دەزانین كە خۆڵ و خاشاك لە كەمپەكان كەڵەكە بووە، دەبوایە بەڕێوەبەرایەتی کەمپەكان ئەو زانیارییانەمان پێبدەن

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هێشتا 16 كەمپی ئاوارە لە پارێزگای دهۆكدا هەن و زیاتر لە 26 هەزار خێزان تیایدا دەژین كە زۆرینەی هەرە زۆریان لە پێكهاتەی ئایینی ئێزیدین.

حكومەتی فیدراڵی عیراق، لە چوارچێوەی كارنامەكەیدا دەیەوێت هەرچی كەمپی ئاوارەیی هەیە دایبخات، بە هەرێمی كوردستانیشەوە، بەوهۆیەوە زیاد لەجارێك لێپرسراوانی بەغداد و هەولێر دەربارەی ئەو پرۆسەیە تۆمەتی جیاوازیان روبەڕوی یەكتریی كردۆتەوە.

نێچیرڤان کۆچەر، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئەرتوش كە گرێبەستی پاككردنەوەی كەمپەكانیان هەیە، بە (كەركوك ناو)ی وت "هەندێک کەموکورتی هەیە لەبارەی پاككردنەوەی خۆڵ و خاشاكی كەمپەكان، كەموكورتییەكە لای ئێمە نەبووە وەكو كۆمپانیا، بەڵكو لەو شۆفێر و تیمانەوە بووە كە خۆڵ و خاشاكەكە پاكدەكەنەوە، ئێمە رێكاریی پێویست دەگرینەبەر و ئەوانە سزادەدەین كە كەمتەرخەم بون".

وتیشی "كێشەكە چارەسەر دەكەین و داواش لە هاوڵاتیانی كەمپەكان دەكەین ئەگەر هەر تێبینییەكیان هەیە ئاگادارمان بكەنەوە، چونكە ئێمە نامانەوێت خۆڵ و خاشاك لە هیچ ناوچەیەك كەڵەكە بێت و ژینگەكە پیس بێت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT