هەوڵدراوە مەوادی بەسەرچوو بدرێت بە ئاوارەكان

دهۆك/ 2021/ كەمپی ئاوارەكانی شاریا كە دانیشتوانەكەی ئێزیدین فۆتۆ: عەمار عەزیز

عەمار عەزیز

هەوڵی دابەشكردنی 31 تۆن مەوادی بەسەرچوو بەسەر سێ كەمپی ئاوارەكاندا ئاشكرابوو و هەموو مەوادەكان لەناوبران، كەیسەكە لە ئێستادا لە دادگایە و بڕیاردراوە قەرەبوی ئاوارەكان بكرێتەوە.

ئەو 31 تۆنە پێكهاتبوو لە مەوادی پاككەرەوە و لە 26ی ئەم مانگە بڕیاربوو وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق لەڕێی نوسینگەی دهۆكەوە بەسەر سێ كەمپی قەزای شێخاندا دابەشی بكات. بەڵام لەلایەن ئاسایشی دهۆكەوە دەستیبەسەرداگیرا و لیژنەكانی قایمقامیەتی شێخان لەناویان برد.

عسمەت مەحمود، لێپرسراوی چاودێری بازرگانی لە قەزای شێخان، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەرلەوەی مەوادەكان بەسەر ئاوارەكاندا دابەشبكرێت ئاسایش پشكنینی بۆ مەوادەكان كرد، دەركەوت هەمویان ماوەكەیان بەسەرچووە... ئاسایش ئێمەیان ئاگاداركردەوە و لەناومانبرد".

"هەموو جارێک ئاسایش و لیژنەکانی قایمقامیەت بەدواداچونی ورد بۆ هاوکارییانە دەکەن كە بەسەر ئاوارەكاندا دابەشدەكرێت و چاودێریی دۆخەكە دەكەین"، عیسمەت وایوت.

photo1701257222
شێخان/ 26ی تشرینی دووەمی 2023/ لەناوبردنی مەوادی بەسەرچوو، كە بڕیاربوو بەسەر ئاوارەكاندا دابەشكرێت. فۆتۆ: راگەیاندنی قایمقامیەتی شێخان

ئەسکەندەر محەمەد ئەمین، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق لە دهۆک بە (کەرکوک ناو)ی وت "لیژنەیەکی باڵا بۆ ئەم بابەتە پێکهێنراوە، لیژنەکە بەدواداچون دەکات تا بزانین هۆکاری سەرەکی چییە، کەیسەکە لە ئێستادا لە دادگایە و جارێ ناتوانین هیچ کەسێک تۆمەتبار بکەین تاوەکو ئەنجامەکان ئاشکرانەکرێن".

"ئەو ماددانە هەمویان مەوادی پاککەرەوە بون، بەدڵنیاییەوە ئاوارەکانی ئەو سێ کەمپە قەرەبودەكرێنەوە و هەندێک مەوادی كواڵیتی باشیان بەسەردا دابەشدەكرێت".

لە هەرێمی كوردستاندا زیاتر لە 600 هەزار ئاوارە هەن؛ سەدا 54ـیان خەڵكی نەینەوان و زۆرینەش لە عەرەبی سونە و ئێزیدیین، كە بەشێكیان لە 26 كەمپدا دەژین، ئەوانیتر كە زیاتر لە 490 هەزار كەسن لە دەرەوەی كەمپن، بەپێی ئامارەكانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT