"پۆستە باڵاكان لەنێو نەتەوەكاندا ئاڵوگۆڕ بكرێت"
وردەكاریی یەكەم دەستپێشخەری بۆ پێكهێنانی ئیدارەی كەركوك

وێنەیەكی دەستكاریكراوی حەسەن تۆران، سەرۆكی بەرەی توركمانی و قەڵای كەركوك. لەلایەن (كەركوك ناو)ەوە دروستكراوە

كەركوك ناو

بەرەی توركمانی عیراقی دەستپێشخەری دیدگای كەركوكی بۆ چوار ساڵی داهاتوی ئیدارەدانی پارێزگای كەركوك راگەیاند، تیایدا داوادەكات پۆستە باڵاكان لەنێو نەتەوەكاندا ئاڵوگۆڕیان پێبكرێت.

ئەو دەستپێشخەرییە چوارشەممە 10ی كانونی دووەم لەلایەن حەسەن تۆران، سەرۆكی بەرەی توركمانی و سەرۆكی لیستی بەرەی توركمانی عیراقی یەكگرتوو راگەیەنرا، بە ناونیشانی "كەركوك نمونەی پێكەوەژیان و هاوبەشی و فرەیی كلتوری 2024 – 2028". دەستپێشخەرییەكە لە شەش میحوەر پێكهاتووە.

میحوەری دابەشكردنی دەسەڵات

ئەم میحوەرە لەشەش خاڵ پێكهاتووە، تیایدا داوادەكات هێزەكانی بەشداربوو لە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی پابەندن بە ئاڵوگۆڕی پۆستە باڵاكان بە هاوبەشی، ئەوەش بەپێی كاتێكی دیاریكراو كە دواتر دیاریدەكرێت.

هەروەها هاتووە كە پۆستە ئەمنی و ئیدارییەكانی كەركوك بە لەبەرچاوگرتنی لێهاتویی، شارەزایی، گشتیگری و بەشداری پێكهاتەكانی كەركوك دابەشدەكرێت و هاوسەنگی لە نێوان هەرسێ پێكهاتە سەرەكییەكە (عەرەب، كورد و توركمان) لەبەرچاوبگیرێت.

"لەو پۆستە ئیداریی و ئەمنیانە، دەبێت رێژەی نوێنەراتی پێكهاتەكانی هیچ پێكهاتەیەك لەوەی تر كەمتر نەبێت"، زیاتر هاتووە "بنەما و رێكارەكانی خاڵەكانی سەرەوە پێویستە لە وەزیفە گشتییەكاندا رەنگبداتەوە بۆ ئەمەش دەبێت لە دامەزراندن و هەلی كاردا سەدا 12ی تەرخانبكرێت، بۆ ئەوەی ئەو لەسەدا 12یە هاوسەنگی نێوان پێكهاتەكانی پێ هاوسەنگ بكرێت".

لەبارەی كریستیان و هەر پێكهاتەیەكی تر، دەستپێشخەرییەكە تیشكدەخاتەسەر ئەوەی دەبێت بەشداربن لەو لەو رێككەوتنە، ئەوەش بە رێژەی لەسەدا 4 بۆ پۆستە ئەمنی و ئیدارییەكان.

لە خاڵێكی تری ئەو میحوەرەدا هاتووە "پێویستە پێكهاتەكان كەسانی لێهاتوو بۆ پۆستە ئیدارییەكانی پارێزگاكە دیاری بكەن كە نوێنەرایەتی هەموو پیكهاتەكان بكات... نابێت تەنیا بۆ یەك نەتەوە قۆرخ بكرێت... دەبێت سەرۆك وەزیران فەرمانێكی دیوانی دەربكات بۆ پابەندبون بە بەندەكانی ئەم رێككەوتنە".

میحوەری ئەمنی و عەسكەری

ئەم میحوەرە بەپێی دەستپێشخەرییەكە لە دوو خاڵ پێكدێت، لە خاڵی یەكەمدا داوا لە فەرماندە سەربازییەكانی عیراق دەكات پاڵپشت بە كارنامەی حكومەت فیرقەیەكی سەربازیی سەر بە وەزارەتی بەرگری، یان پۆلیسی فیدراڵی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ لە خەڵكی كەركوك پێكبهێنێت بۆ ئەوەی لەگەڵ پۆلیسی ناوخۆیی دۆسییەی ئەمنی وەربگرن.

لە خاڵی دووەمیشدا جەختدەكاتەوە لەوەی "پێویستە دۆسییەی ئەمنی لەژێر دەستی هێزەكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵ بمێنێتەوە، بەپێی ئەو رێكارەی لە پارێزگاكانی تر كاری پێدەكرێت".

میحوەری زەوییە كشتوكاڵییەكان

لە دەستپێشخەرییەكەدا هاتووە كە پێویستە حكومەتی ناوخۆی و نوێنەرایەتی پێكهاتەكان پاڵپشتی ئەو پڕۆژە یاسایە بكەن كە حكومەت ناردویەتی بۆ پەرلەمانی عیراق بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی سەركردایەتی شۆڕش تایبەت بە كەركوك و لە نێویاندا گەڕانەوەی زەوی بۆ خاوەنە رەسەنەكانیان و قەرەبوكردنەوەی خاوەنی گرێبەست، بە مەرجێك هەر تاپۆكردنێك قەدەغە بكرێت كە ببێتەهۆی گۆڕانگاریی دیمۆگرافی.

لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی هەموو بڕیارەكانی لیژنەی كاروباری باكوری هەڵوەشاوە. هەروەها دانانی دروستكردنی سندوقێك لە بودجەی گشتی پارەی پترۆدۆلار بۆ ئەو قەرەبووانەی ئەم دۆسییانەی پێ یەكلاییدەكرێتەوە، كە لە هەندێك شوێن "ئاسایشی گشتی خستۆتە مەترسییەوە".

دەستپێشخەرییەكە داوا دەكات پارێزگاری لە موڵك و ماڵی دەوڵەت بكرێت، لەگەڵ گرتنەبەری رێكاری توند دژی ئەوانەی دەستدرێژی دەكەنە سەر موڵك و ماڵی حكومەت.

هەروەها راگرتنی وەبەرهینان تا یەكلاییكردنەوەی دۆسییەی ناكۆكی موڵكایەتی و گەڕانەوەی ئەو موڵك و ماڵە گشتییانەی بەرێگای نایاسایی بەدەستیان هێناون. لەگەڵ پارێزگاری لە روبەری سەوزایی لە پارێزگاكە و رێگەنەدان بە زیادەڕۆیی بۆ سەری.

میحوەری ئابوری و وەبەرهێنان

دەستپێشخەرییەكە داوا دەكات چاوخشاندنەوە بە سیاسەتی گشتی وەبەرهێنان بكرێت و سندوقێك پێكبهێنرێت بۆ ئاسایش و وەبەرهێنان. لەگەڵ رەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجان و پەرەپێدانی پڕۆژی ئاوی كەركوك و چاوخشاندنەوە بە پڕۆژەی نەخشەسازی شارەكە و گەشەپێدانی باخ و شوێنە گشتییەكان و دوبارە نۆژەنكردنەوەی پڕۆژەی خاسە.

میحوەری وەز و نەوت و گواستنەوە

بەرەی توركمانی داوادەكات كۆمپانیای نەوتی كەركوك پێكبێت بۆ بەڕێوەبردنی كێڵگەی نەوتی كەركوك و تەرخانكردنی پارەی نەوتی پترۆدۆلار بۆ خزمەت و ئاوەدانی كەركوك. لەگەڵ نۆژەنكردنەوەی وێستگەكانی كارەبا  و لێپرسینەوە لەوانەی زیادەڕۆیی دەكەنە سەر كارەبا و دەركردنی رێنمایی كاركردنی مۆلیدە ئەهلییەكان و رێكخستنەوەیان.

دەستپێشخەرییەكە داوا دەكات هانی كەرتی گشتی و تایبەت بدرێت بۆ بەكارهێنانی وزەی خۆر و دروستكردنی پاڵاوگەی نەوتی كەركوك، لەو رێیەوە پترۆدۆلاری پارێزگاكە زیادبكرێت و بخرێتە خزمەتی گشتییەوە.

هەر لەم میحوەردا داوای چارەسەری كێشەی پیسبونی ژینگە و تەندروستی دەكات و جەختدەكاتەوە لەوەی پارێزگاكە بەدەستییەوە دەناڵێنێت، بەهۆی ئەو غازەی لەكاتی كاركردنی كارگە و پاڵاوگەكان دەردەچێت.

لە پرسی گواستنەوەدا داوای پاڵپشتی و گەشەپێدانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كەركوك دەكات، لەگەڵ دوبارە نۆژەنكردنەوە و بەكارخستنەوەی هێڵی شەمەندەفەری كەركوك.

میحوەری كلتوری و گەشتیاریی و پێكەوەژیان

دەستپێشخەرییەكە داوای نۆژەنكردنەوەی قەڵای كەركوك و تەواوی شوێنەوارە مێژوییەكان دەكات لەوانەش قشڵەی كەركوك، هەروەها داوادەكات ساڵانە دیداری كەركوك سازبكرێت بە بەشداری بڕیار بەدەستانی كەركوك و خاوەن فكر. ئەوەش بۆ باسكردنی كێشە و ئاڵنگارییەكانی بەردەم پارێزگاكە بە ئامانجی چارەسەركردن.

گرنتی جێبەجێكردن

بۆ گرەنتی جێبەجێكردنی ئەم دەستپێشخەرییە، حەسەن تۆران داوا دەكات لیژنەیەك بە ئەمری دیوانی لە نوێنەرایەتی كەركوك لە ئەنجومەنی پارێزگا پێكبهێنرێت و ئەو لیژنەیە گفتۆگۆی كاندیدی پۆستە باڵاكان بكات و كەسەكان بۆ ئەو پۆستانە دیاری بكات. "ئەوەش بە بەشداری نوێنەری سەرۆك وەزیران تا دڵنیاببنەوە لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە و نەهێشتنی بەربەستەكانی بەردەمی".

هەروەها هاتووە كە دواتر لیژنەكە راپۆرتێك بۆ هێزە سیاسییەكان و سەرۆك وەزیران بەرزدەكاتەوە و هەر تەحەدییەك بێتە پێشەوە چارەسەری بكات".

لە بەشیكی تری دەستپێشخەرییەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە دەتوانین پشت بە ئەزمونی نیشتیمانی و نێودەوڵەتی ببەستین بۆ سەرخستنی رێككەوتنەكە.

لە كۆتایی دەستپێشخەرییەكەدا هاتووە "هاوپەیمانی دەوڵەت – ئەو لایەنانەی لە ئێستادا حكومەتی عیراقیان پێكهێناوە- رێككەوتنەكە پەسەند بكەن و ئەم رێككەوتنە بە چاودێری هەر چوار سەرۆكایەتییەكەیی عیراق پەسەند بكرێت".

راگەیاندنی ئەم دەستپێشخەرییە دوای یەك رۆژ دێت لە پەیوەندییەكی تەلەفونی نێوان حەسەن تۆران، سەرۆكی بەرەی توركمانی و لەتیف رەشید، سەرۆك كۆماری عیراق، كە تیایدا هەردولا جەختیانكردەوە لە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك بە شێوەیەك هەموو پێكهاتەكانی پارێزگاكە تیایدا بەشداربن.

بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، جیاواز له‌ هه‌موو پارێزگاكانی تری عیراق، كه‌ركوك به‌ یاسا ئه‌و مافه‌ی لێسه‌ندراوه‌ته‌وه‌ له‌ڕێی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ گۆڕانكاریی دروستبكات و له‌ بازنه‌ی پشكپشكێنه‌ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌، چونكە یاساكە جەختدەكاتەوە دەبێت لە دابەشكردنی پۆستەكاندا هەموان بەشداربن.

لیستی بەرەی توركمانی عیراقی یەكگرتوو لە هەڵبژاردنی 18ی كانونی یەكەمی 2023ی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا دوو كورسی لەكۆی 16 كورسی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەدەستهێنا.

هەروەها دەستپێشخەرییەكە دوای هەفتەیەك دێت لە سەردانی حەسەن تۆران بۆ توركیا و كۆبونەوەی لەگەڵ هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، كە بەپێی راگەیەنراوی نوسینگەی حەسەن تۆران باسیان لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی عیراق و مافی توركمان كردووە لە عیراق و ئەو پێكهاتە نەتەوەییان وەكو "پردی" نێوان هەردوو وڵاتەكە وێنا كردووە.

لەدواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق كە هێشتا كۆمسیۆنی هەڵبژاردن پەسەندی نەكردووە، كورد حەوت كورسی بەدەستهێناوە، عەرەب شەش كورسی و توركمان دوو كورسی، لەگەڵ كورسییەكی كۆتا بۆ پێكهاتەی كریستیان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT