دانیشتوانی (تەل بەنات) 49 ساڵە ئاو دەكڕن

نەینەوا/ 2024/ شەقامێكی ناوەندی كۆمەڵگەی تەل بەنات لە قەزای شنگال فۆتۆ: لەیس حسێن

لەیس حسێن – نەینەوا

تەواوی دانیشتوانی كۆمەڵگەی تەل بەنات، 49 ساڵە ئاوی پاك بە تانكەر دەكڕن، چونكە هیچ پرۆژەیەكی دابینكردنی ئاو لە ناوچەكەیاندا نییە.

بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، تەنیا سەرچاوە بۆ دابینكردنی ئاوی پاك و شیاو بۆ خواردنەوە و چێشتلێنان و كاروبارەكانی دیكەی ناوماڵ، لە ناوچەكانی دیكەوە بە تانكەر رەوانەی كۆمەڵگەی تەل بەنات-ـی قەزای شنگال دەكرێت.

"هەموو سێ بۆ چوار رۆژێك جارێك بایی 10 هەزار دینار ئاوی پاك دەكڕین" هەدیە موراد (38 ساڵ) وای وت، ئەو دەڵێت چەندین خێزان هەن لە بارودۆخێكی خراپی داراییدان و ئەو بڕە پارەیە بارگرانی بۆ ژیانیان دروستدەكات.

خێزانەكەی هەدیە لە هەشت كەس پێكهاتون و بەو 10 هەزار دینارە بڕی دوو هەزار و 500 لیتر ئاو دەكڕن بۆ خواردنەوە و كاروباری دیكەی ناوماڵ.

بەشێك لە دانیشتوانی كۆمەڵگەكەی بیری ئاویان لێداوە بەڵام ئاوەكەی سوێر و تاڵە، "ئاوی بیر یان زۆر بە كەمی بەكاردەهێنرێت یان هەر بە كارناهێنرێت چونكە بە كەڵك نایەت" بەوتەی هەدیە بۆ (كەركوك ناو).

tal banat snjar 2024 (2)
نەینەوا/ 2024/ پرۆژەیەكی بەجێهێڵدراوی ئاو لە كۆمەڵگەی تەل بەنات-ـی شنگال فۆتۆ: لەیس حسێن

ژمارەی دانیشتوانی ئێستای تەل بەنات نزیكەی هەزار خێزانن، هێشتا زۆرینە لە ئاوارەییدا دەژین، بەوپێیەی پێش هێرشەكانی شەڕی داعش چوار هەزار خێزان بون و لە 22 هەزار پێكهاتبوون.

حەبیب ساڵح، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاو لە ناحیەی قەیرەوان بە (كەركوك ناو)ـی وت "پرۆژەیەكی فراوانمان بۆ دابینكردنی ئاوی پاك بۆ تەل بەنات و ناوچەكانی دیكەی دەوروبەری هەیە كە 14 بیری ئاو لەخۆدەگرێت".

ئەو پرۆژەیە كە هێشتا نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە، لەلایەن بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان (UNDP)ـەوەیە و بڕیارە بە چوار قۆناغ تەواو بكرێت، تا ئاوی پاك بۆ كۆمەڵگەی تەل بەنات و ناوچەكانی كۆچۆ و قنێ لە شنگال دابینبكات.

ئەو پرۆژەیە لە كاتێكدایە عیراق لە بەردەم مەترسی كەمئاوی و وشكەساڵیی و تێكچونی ژینگەكەیدایە، بەوپێیەی لە ریزبەندی پێنجەمی ئەو وڵاتانەدایە كە دەكەونە ژێر كاریگەری لێكەوتەكانی گۆڕانی كەشوهەوا لە جیهاندا، بەپێی نەتەوە یەكگرتووەكان.

هەدیە موراد وتى "لە زستان و هاوینیشیدا ئێمە بەدەست نەبونی ئاوەوە دەناڵێنین، لە كۆنەوە هەر ئاوا لە نەهامەتیدا بوین و كەسیش تائێستا نەیتوانیووە ئەو كێشەیە چارەسەر بكات".

كۆمەڵگەی تەل بەنات لە ڕوی ئیدارییەوە سەر بە ناحیەی قەیرەوان-ـە، بە دوری 30 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشوری خۆرهەڵاتی ناوەندی شنگال لە خۆرئاوای پارێزگای نەینەوا، لە ساڵی 1975ـەوە بنیاتنراوە و هاوڵاتیانی ئێزیدی لە گوندەكانی چیای شنگالەوە بە زۆرەملێ لەلایەن رژێمی ئەوكاتی عیراقەوە بۆ كۆمەڵگەكە گواستراونەتەوە و تیایدا نیشتەجێكراون.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT