"تا ئێرە و بەس"
سلێمانی؛ مامۆستایان لەژێر هەڕەشەی دەستگیركردن و نانبڕیندان

سلێمانی/ 21ی كانونی دووەمی 2024/ چەند دیمەنێك لە خۆپیشاندانی مامۆستایان فۆتۆ: كەركوك ناو

هەردی عەبدوڵا

هەڕەشەی نانبڕین و چاوسوركردنەوە لە توێژی مامۆستایان لە پارێزگای سلێمانی دەچێتە قۆناغێكی نوێوە، دوای ئەوەی لانیكەم 20 لە رێكخەرانی گردبونەوەكان بۆ ماوەی حەوت كاتژمێر لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە راگیران. هاوکات، وەزارەتی پەروەردەش رێوشوێنی نوێی بۆ فەسڵكردنیان دەستپێكرد.

ئەو دوو فشارە نوێیەی ڕۆژی شەممە 20ی كانونی دووەم، دوو ئامانجی سەرەكی هەبوو، یەكەمیان گەڕانەوەی مامۆستایانی پارێزگای سلێمانی بوو بۆ هۆڵەكانی خوێندن، دووەم رێکنەخستنی خۆپیشاندان بوو كە رێكخەران ئەمڕۆ یەكشەممەیان دیاریكردبوو وەك وەڵامێك بۆ هەڕەشەكانی حكومەت.

لانیكەم 60 هەزار مامۆستا لە ناوەڕاستی ئەیلولی ساڵی رابردووەوە كە یەكەم رۆژی دەستپێكی خوێندن بوو، نەچونەتەوە بۆ ناو هۆڵەكانی خوێندن و بایكۆتیان كردووە و 3000 خوێندنگە وانەیان نەخوێندووە، لەكاتێكدا وەرزی یەكەمی خوێندن تەواوبوو، بەو پێیەش 600 هەزار خوێندكار لە خوێندنی حكومی بێبەشبون.

داواكاریی سەرەكی مامۆستایان پێدانی موچەكانیانە لە وادەی خۆیدا، چونكە سێ موچەی ساڵی 2023یان وەرنەگرتووە، ئەوەشیان بەستۆتەوە بە شكاندنی بایكۆت و گەڕانەوە بۆ هۆڵەكانی خوێندن. بەڵام حكومەت وەڵامێكی باوەڕپێكراوی نەداونەتەوە.

شەممە 20ی كانونی دووەم لەكاتێكدا بڕیاربوو وادەی خۆپیشاندانێكی فراوان دیاریبكەن، لانیكەم 20 لە رێكخەرانی خۆپیشاندانەكان لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە بانگهێشت كران و بۆ ماوەی حەوت كاتژمێر راگیران.

عوسمان گوڵپی، یەكێك لەو رێكخەرانەی لە ئاسایش راگیرابوو،  بە (كەركوك ناو)ی وت "پێیانوتین تا ئێرە و بەس... چیتر رێگە بە خۆپیشاندان نادەین، دەبێت كۆتایی بە ناڕەزاییەكانتان بهێنن، چونكە مۆڵەتتان نییە، لەدوای ئەوە خۆتان بەرپرسن، ئەمە پەیامی ئەوان بوو". لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی مامەڵەیەكی ئاساییان لەگەڵدا كراوە و وتی "شتێكی ئەوتۆمان نەبینی جێگەی نیگەرانی بێت، تەنیا ئەوە بوو ماوەی راگرتنەكە زۆر بوو، گەیشتە شەش بۆ حەوت كاتژمێر".

پێیانوتین تا ئێرە و بەس... چیتر رێگە بە خۆپیشاندان نادەین، دەبێت كۆتایی بە ناڕەزاییەكانتان بهێنن

بەڵام رێكخەرانی خۆپیشاندانەكانی مامۆستایان، وەك عوسمان گوڵپی وتی "ئێمە وتمان بەیانی خۆپیشاندان دەكەین، سەرپەرشتی دەكەین و داوای قوتی خۆمان و مناڵەكانمان و قوتی ئێوەش دەكەین، بەڵام لەسەر رێچكەیەكی مەدەنی".

بەپێی یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان، كە پەرلەمانی كوردستان دەریكردووە، پێویستە پێشتر داواكاریی پێشكەش بكرێت بۆ خۆپیشاندان و حكومەت مۆڵەتی پێبدات. بەڵام عوسمان گوڵپی وتی "چەندین ساڵە خۆپیشاندان دەكەین و داوای مۆڵەتیشمان نەكردووە و هیچ پێشێلكارییەكشمان نەكردووە".

بەگشتی لە چوار مانگی رابردووی خۆپیشاندانی مامۆستایانی سلێمانی و قەزا و ناحییەكانی دەوروبەری، هیچ گرژیی و ئاڵۆزییەك دروست نەبووە، بە بەراورد بە خۆپیشاندانەكانی چەند ساڵی رابردوی چین و توێژەكانی تری هەمان پارێزگا كە بەهۆیەوە كوژراو برینداری لێدەكەوتەوە.

سەلام عەبدولخالق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم، شەوی رابردوو رایگەیاند كە رێكخەرانی خۆپیشاندانەكانی مامۆستایان لەسەر بڕیاری دادوەرو پاڵ پشت بە داواكاری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگیراون، ئەوەش بەپێی ماددەی 240 لە یاسای سزادانی عیراقی تایبەت بە سەرپێچی رێنماییەكان راگیراون. "چونكە ئەو مامۆستایانە لە وەزارەتی پەروەردەوە ناویان هاتووەو دەوامیان نەكردووە، ئەوەش كاریگەریی خستۆتە سەر مامۆستایانی تر تا پرۆسەی خوێندن پەكیبكەوێت".

عوسمان گوڵپی وتی "ئەوان (ئاسایش) وتیان بڕیاری دادوەر هەیە، بەڵام هیچ بڕیارێكیان پێنەداین و هیچمان نەبینی".

بەرهەم مستەفا، ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە دژایەتی خۆمان بۆ راگرتنی ئەو مامۆستایانە لە ئاسایش دەردەبڕین، دەبێت مامۆستایان داواكارییەكانیان جێبەجێ بكرێن و گوێیان لێ بگیرێت، نەك زمانی هەڕەشە لە دژیان بەكاربهێنرێت".

دەبێت مامۆستایان داواكارییەكانیان جێبەجێ بكرێن و گوێیان لێ بگیرێت، نەك زمانی هەڕەشە لە دژیان بەكاربهێنرێت

دوابەدوای فشاری هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی، وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا رێوشوێنی نوێ دژ بە مامۆستایانی سلێمانی بگرێتەبەر، بەپێی رێوشوێنەكان فەسڵكردنی تیایە.

وەزارەت بەڕێوەبەرەكانی ئاگاداركردۆتەوە كە لە یەكشەممە 21ی كانونی دووەمەوە غیابات وەربگرن و هەر مامۆستایەك دەوام نەكات تا 9ی شوبات فەسڵبكرێت. هەر مامۆستایەكی وانەبێژیش دەوام نەكات لە حەوتەم رۆژیدا فەسڵبكرێت.

شەوی رابردوو، نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی لەكاتێكدا دەیانویست دوپاتی بەردەوامیدان بە بایكۆت رابگەیەنن، هێزە ئەمنییەكان چاودێری توندیان دەكردن و لە چواردەوریان بڵاوە بە كارمەندەكانیان دەكرد.

سەرەڕای ئەو فشارانەش، خۆپیشاندانی فراوانی مامۆستایان لە سلێمانی و قەزا و ناحییەكانی بەڕێوەچوو و بەپێی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم دەوام تەنیا لە 700 خوێندنگە دەستیپێكردۆتەوە. بەو مانایەی هێشتا لە زیاتر لە 2 هەزار و 200 خوێندنگە بایكۆتە.

بەرهەم مستەفا وتی "هەڕەشەكان بەرامبەر بە مامۆستایان بەردەوامن، داوام لە وەزارەت هەیە زمانی لێتێگەیشتن بەكاربهێنن نەك زمانی هەڕەشە، دەبێت ئەوە بزانن مامۆستایان توێژێكی جوڵاون و بێدەنگ ناكرێن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT