بۆ یەكەمجار... دەرمانخانەی ئێشكگر لە داقوق دادەنرێت

كەركوك/ 2024/ دەرمانخانەیەكی ناوەندی قەزای داقوق فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو – كەركوك

ئيدارەی خۆجێیی داقوق، بۆ یەكەمجار لە قەزاكەدا، دەرمانخانەكان ناچاردەكات هەر شەوێك تا بەیانی یەكێكیان ئێشكگر بێت.

ئەو بڕیارەی ئیدارەی قەزاكە، چەند رۆژێك لەمەوبەر بە هەماهەنگی لەگەڵ سەندیكای دەرمانسازانی كەركوك دەركراوە، لەسەر داواكاری هاوڵاتیان.

"پێشتر دەبوو لە حاڵەتی پێویست و لە نیوە شەودا بە ناچاری بڕۆین بۆ ناوشاری كەركوك چونكە هیچ دەرمانخانەیەكی ئێشكگر نەبوو" حەسەن عەبدولرەزاق، هاوڵاتی نیشتەجێی داقوق بۆ (كەركوك ناو) وای وت، دوای ئەوەی ستایشی بڕیاری دانانی دەرمانخانەی ئێشكگری كرد.

لە سنوری داقوق 14 دەرمانخانە هەیە، پێشتر لە ئێوارەوە دادەخران و لەمەودوا هەر یەكێكیان لە مانگێكدا دوو رۆژ ئێشكگری بەردەكەوێت، كە لە ئێوارەوە تا كاتژمێر 6ـی بەیانی دەبێت دەرمانخانەكەی كراوەبێت.

سەمیر خەلیل، خاوەنی یەكێك لە دەرمانخانەكانی داقوق بە (كەركوك ناو)ـی وت "كێشەمان لەگەڵ ئێشكگریدا نییە، بەڵام پێویستمان بە هێزی ئەمنی هەیە بمانپارێزێت".

داقوق بە دوری 44 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشوری كەركوك و ژمارەی دانیشتوانی بە زیاتر لە 97 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت.

ئومێد موحسین، سەرۆكی سەندیكای دەرمانسازانی كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "داواكاری زۆرمان لە داقوقەوە بۆهات تا دەرمانخانەی ئێشكگر هەبێت ... هەموو دەرمانخانەكانمان ئاگاداركردەوە و دەبێت هەر شەوێك یەكێكیان بەپێی خشتەیەك كە دادەنرێت ئێشكگربن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT