كوردیش لێی نزیكە
كوتلەی نەینەوا موەحەدە؛ نیوەی دەنگی پارێزگاكەی هەیە

موسڵ / 2024/ سەركردە و نوێنەری لایەنەكانی پێكهێنەری كوتلەی نەینەوا موەحەدە بۆ ئەنجومەنی پارێزگا فۆتۆ: پەیجی نەجم جبوری لە فەیسبوك

عەمار عەزیز – نەینەوا

حزبە كوردییەكانی نەینەوا، چاویان لەوەیە بەشداری ئەو كوتلەیە بكەن كە زۆرینەی حزب و هاوپەیمانێتییە عەرەبەكانی سونەی تێدایە، تا بە 19 كورسی و نوێنەرایەتی نزیكەی لە سەدا 66ـی دەنگی دەنگدەرانی پارێزگاكەوە حكومەتی خۆجێیی پێكبهێنن.

شەش حزب و هاوپەیمانێتی بە سەرۆكایەتی موهەنەد نەجم جبوری، خاوەنی زۆرترین دەنگی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا (57448 دەنگ) و سەرۆكی لیستی نەینەوا لیئەهلیها، پێنجشەممەی رابردوو 25ـی كانونی دوەمی 2024، (كوتلەی نەینەوا موەحەدە)ـیان راگەیاند.

پێكهێنەرانی ئەو كوتلەیەی ئەنجومەنی نوێی پارێزگای نەینەوا، جگە لە لیستی (نەینەوا لیئەهلیها پێنج كورسی هەیە)، كە سەرۆكی قەوارەكە نەجم جبوری، پارێزگاری پێشووی نەینەوا و سەرۆكی لیستەكەش موهەنەد-ـی كوڕیەتی، هەریەك لە هاوپەیمانی حەسم وەتەنی و سەیادە و تەقەدوم-ـی تێدایە یەكی بە دوو كورسی لەگەڵ هاوپەیمانێتی عەزم و حزبی تەجدید یەكی بە یەك كورسی.

ئەو حزبانە هەموویان عەرەبی سوننەن و لەلایەن سیاسییەكانی وەك ئوسامە نوجەیفی، سابت عەباسی وەزیری بەرگری عیراق، خەمیس خەنجەر و محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پێشوی پەرلەمانەوە سەرۆكایەتی دەكرێن.

موهەنەد جبوری، سەرۆكی كوتلەی نەینەوا موەحەد لە كۆنگرەی راگەیاندنی كوتلەكەدا وتی "ئەم كوتلەیەمان بۆ پێكهێنانی ئیدارەی نوێی پارێزگاكە دروستكردووە و دەرگا كراوەیە بۆ لایەنەكانی دیكە تا بەشداربن".

musil ayman 18.12.2023 (2)
نەینەوا/ 2023/ دەنگدان بۆ ئەنجومەنی پارێزگا لە بنكەیەكی شاری موسڵ فۆتۆ: ئەحمەد بلە

(كەركوك ناو) پەیوەندی بە ژمارەیەك ئەندام و لێپرسراوی حزبەكانی بەشداربوی ئەو كوتلەیەوە كرد بەڵام ئامادەنەبون لێدوان بدەن بە پاساوی ئەوەی رێككەوتون لەسەر ئەو هەڵوێستە هاوبەشەی لە كۆنگرەی راگەیاندنی كوتلەكەدا بڵاویانكردەوە.

كوتلەی نەینەوا موەحەدە خاوەنی نیوەی دەنگی دەنگدەرانی پارێزگاكە (449 هەزار و 980 دەنگ لە كۆی 906 هەزار و 269 دەنگدەر كە دەنگیانداوە) و 13 كورسییە، بەڵام هێشتا پێویستی بە دوو كورسی دیكە هەیە تا بتوانێت حكومەتی خۆجێیی پێكبهێنێت، بەپێ یاسا هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن پێویستی یە 50+1 هەیە، واتە 15 كورسی لە كۆی 29 كورسی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا.

مەناف حەسەن، لێپرسراوی بەشی هەڵبژاردنی لقی نەینەوای پارتی دیموكراتی كوردستان بە (كەركوك ناو)ـی وت "بەدڵنیاییەوە پێمان باشە لەگەڵ ئەو كوتلەیەدا رێككەوتن بكەین تا لەكاتێكی زۆر كەمدا ئیدارەیەكی تازە دابنرێت"، هەروەها رونیكردەوە ئەو كوتلەیەی پێكهێنراوە پێویستیان بە دوو كورسی دیكە هەیە و هەوڵی رێككەوتن لەگەڵ پارتی دەدەن.

پارتی چوار كورسی و یەكێتی دوو كورسی لە نەینەوا بەدەستهێناوە، ئەگەر بچنە چوارچێوەی كوتلەی نەینەوا موەحەدە، ئەوا دەبنە خاوەنی 19 كورسی و رێژەی نزیكەی سەدا 66ـی دەنگدەرانی پارێزگاكەیان لادەبێت (پێكەوە دەبنە خاوەنی 596 هەزار و 638 دەنگ لە كۆی 906 هەزار و 269 كەس كە دەنگیانداوە).

dangdan 2023 (6)
دهۆك / 2023/ بنكەیەكی جیاكردنەوەی دەنگدانی ئاوارە بۆ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا فۆتۆ: عەمار عەزیز

عەبدوڵلا گۆران، لێپرسراوی بەشی هەڵبژاردن لەمەڵبەندی نەینەوای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە (كەركوك ناو)ـی وت "پێمان باشە لەگەڵ پارتی پێكەوە بەشداری ئەو كوتلەیە بین"، دەشڵێت بڕیارنییە ببنە ئۆپۆزسیۆن لە ئەنجومەنی نوێی نەینەوا و سەرەتا لەگەڵ پارتی گفتوگۆ دەكەن، تا پێكەوە بە شەش كورسی وەكو لایەنی كوردی بچنە ناو دانوستانەكانەوە.

"هەر لایەنێك مافەكانی كورد پێشێل نەكات لەگەڵ ئەوداین" بەوتەی گۆران.

كورد لە ئەنجومەنی پێشووی نەینەوا، لە 39 كورسی خاوەنی 11 كورسی بون و بەوهۆیەوە لایەنێكی سەرەكی بون لە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی، جگە لە سەرۆكی ئەنجومەن، جێگری پارێزگار و چەندین پۆستی دیكەی باڵای بەدەستەوەبوو.

بەپێی یاسا دەبێت ئەنجومەنی پارێزگا لە 15 رۆژدا دوای پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن (ئەنجامەكان 21ـی كانونی دوەم پەسەندكرا) یەكەم كۆبونەوە بكات و سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكەی هەڵبژێرن، دواتر و لە ماوەی 30 رۆژدا، پارێزگار و هەردوو جێگرەكەی هەڵبژێرن.

نەجم جبوری، سەرۆكی قەوارەی نەینەوا لیئەهلیها لە راگەیەندراوێكدا جەختیكردۆتەوە دەرگای كوتلەی نەینەوا موەحەدە كراوەیە بۆ هەر لایەنێك تا پێكەوە حكومەتێكی بەهێز پێكبهێنن.

لیست و هاوپەیمانی لایەنەكانی شیعە، یان ئەوانەی لایەنێكی شیعە پێكهێنەری سەرەكییەتی، لە ئەنجومەنی پارێزگا خاوەنی حەوت كورسی و زیاتر لە 200 هەزار دەنگن، لەوانە عەقدی وەتەنی، هاوپەیمانێتی حەدبا و هەویەی وەتەنی، سێ كورسیش لە كۆی 29 كورسییەكەی ئەنجومەن بۆ كۆتای پێكهاتەكانی كریستیان، ئێزیدی و شەبەك تەرخانكراوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT