ئەحمەد عەبدوڵا جبوری بووە پارێزگار
لە سەڵاحەدین؛ براوەی یەكەمی هەڵبژاردن پارێزگاری هەڵبژارد

ئەحمەد عەبدوڵا جبوری ناسراو بە (ئەبو مازن)، پارێزگاری نوێی سەڵاحەدین

كەركوك ناو

ئەحمەد عەبدوڵا جبوری ناسراو بە (ئەبو مازن) كەسایەتی سوننی و ئەمینداری گشتی حزبی جەماهیر وەتەنییە، وەكو پارێزگاری نوێی سەڵاحەدین هەڵبژێردرا، هاوكات هەر ئەمڕۆ یەكشەممە 4ی شوبات سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاكەش هەڵبژێردرا.

حزبەكەی ئەحمەد جبوری، لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكدا لە هەڵبژاردنی 18ی كانونی یەكەمی رابردوو، توانی چوار كورسی لەكۆی 15 كورسی پارێزگاكە بەدەستبهێنێت و ببێتە براوەی یەكەم.

بەپێی فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، لەیەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێی پارێزگای سەڵاحەدین-دا، هەریەكە لە پارێزگار و دوو جێگرەكەی، هەروەها سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكەی هەڵبژێردراون.

 هاوپەیمانی جەماهیر وەتەنییە كە لە ژمارەیەك حزبی عەرەبی سوننی و كورد پێكهاتبون، توانی ببێتە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكە و لەگەڵ ژمارەیەك حزبی تری سوننی لە چوارچێوەی رێككەوتنێكدا حكومەتی خۆجێی سەڵاحەدینیان پێكهێنا، لە نێویاندا هاوپەیمانی سەیادە و حەسمی وەتەنی.

هەر لەو كۆبونەوەیەدا عەلی سەید عادل بووە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و محەمەد حەسەن عەتییە وەكو جێگری سەرۆكی ئەنجومەن هەڵبژێردرا.

هەر بەپێی رێككەوتنەكە پارێزگار دوو جێگری دەبێت، جێگری یەكەم بۆ كاروباری ئیداریی و جێگری دووەم بۆ كاروباری هونەری و ئەوانیش لەو كۆبونەوەیەدا بڕیاریان لەسەر درا و دیاریكران.

ئەبو مازن، پەرلەمانتاری عیراق و كەسایەتی سوننی ناوچەكەیە و یەكێكە لەو كەسایەتییانەی لە ماوەكانی رابردودا دژایەتی ئەو دەنگانەی دەكرد كە باسیان لە هەرێمی سوننی، یان دروستكردنی هەرێمێك بۆ پارێزگای سەڵاحەدین دەكرد.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT