نرخی كیلۆیەك گەیشتە 23 هەزار دینار
(كەركوك ناو) هۆكارەكانی بەرزبونەوەی نرخی گۆشتی سور بڵاودەكاتەوە

كەركوك/ 19ی شوباتی 2024/ گۆشتفرۆشێك لە قەزای داقوق. فۆتۆ: محەمەد ئەڵماس

محەمەد ئەڵماس

حكومەت و بازرگانان  شەش هۆكار دیاریدەكەن كە بۆتەهۆی بەرزبونەوەی نرخی گۆشتی سور. لە كەركوك كیلۆیەك گۆشت گەیشتە 23 هەزار دینار و لە پارێزگای سلێمانی بۆ 25 هەزار بەرزبۆوە.

ئەو بەرزبونەوەیە لە نرخی گۆشت كە پێشتر لە نێوان 16 بۆ 17 هەزار دینار بوو، لە هەفتەی رابردووەوە دەستیپێكرد، بەڵام حكومەت رێكاری بە پەلەی بۆ دابەزاندنی نرخەكەی گرتۆتەبەر.

ئەحمەد هجران، گۆشتفرۆش لە قەزای داقوق لە پارێزگای كەركوك، وتی "نرخی هەر كیلۆیەك لای من گەیشتە 23 هەزار دینار، ئەگەر بەو نرخەم نەفرۆشتایە زەرەرم دەكرد، منیش حەزدەكەم ئاژەڵمان بە هەزران بكڕیایە، ئەوكات گۆشتمان بە هەرزان دەفرۆشت".

"نرخی ئاژەڵ بەرزە، ئاژەڵی خۆماڵی كەم بۆتەوە و گوندنشینان كەمتر ئاژەڵداریی دەكەن و رویان لە شارەكان كردووە بۆ ژیانكردن"، ئەحمەد وایوت.

نرخی ئاژەڵ بەرزە، ئاژەڵی خۆماڵی كەمبۆتەوە و گوندنشینان كەمتر ئاژەڵداریی دەكەن

جواد محەمەد، لێپرسراوی ھۆبەی سامانی ئاژەڵ لە فەرمانگەی کشتوکاڵی داقوق، هەمان ئەو هۆكارانەی باسكرد كە ئەحمەد هجران ئاماژەی پێدا و وتی "هۆكاری سەرەكی نەبونی ئاژەڵی خۆماڵییە، هۆكارێكی تر ئەوەیە بازاڕ لەژێر كۆنترۆڵدا نییە و هەر كەسە و بە نرخێك دەیفرۆشێت".

بەپێی ئامارێكی فەرمانگەی كشتوكاڵی داقوق، 10 ساڵ لەمەوبەر 80 هەزار سەر مەڕ لە سنوری قەزاكەدا بەخێودەكران، بەڵام لە نوێترین ئاماردا بۆتە كەمتر لە 40 هەزار سەر مەڕ. هەروەها لە 13 هەزار سەر بزن-ەوە بۆ دوو هەزار سەر كەمبۆتەوە.

جواد جەختیكردەوە كە ئەو ئامارانە بۆ زۆرینەی پارێزگاكانی عیراق هەر راستە.

گرانبونی نرخی گۆشت، هاوكاتە لەگەڵ نزیكبونەوەی وەرزی بەهار و چونی هاوڵاتیان بۆ گەشت و سەیران، لەو حاڵەتەدا خواست لەسەر گۆشت زیاد دەبێت، هەروەها هاوكاتە لەگەڵ نزیكبونەوەی مانگی رەمەزان - هەفتەی دووەمی مانگی ئازار-، كە ئەویش جارێكی تر دەبیتەهۆی زیادبونی خواست لەسەر گۆشتی سور.

Goshtfrosh
كەركوك/ 19ی شوباتی 2024/ دوكانێكی گۆشت فرۆشتن. فۆتۆ: محەمەد ئەڵماس

فەرمانگەی ڤێتێرنەری سەر بە وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق، دووشەممە 19ی شوبات لە راگەیەنراوێكدا چەند هۆكارێكی تری دیاریكرد كە بونەتەهۆی بەرزبونەوەی نرخی گۆشتی سور لە بازاڕەكاندا، لەسەروی هەمویانەوە زۆربونی خواستی خستنەبازاڕ و داواكاریی هاوڵاتیان بۆ كڕینی.

"چاوچنۆكی بازرگانەكان هۆكارێكی تری بەرزبونەوەی نرخە و دەیانەوێت دۆخەكە بقۆزنەوە، لەگەڵ بەرزبونەوەی نرخی ئالیك"، بەپێی راگەیەنراوەكەی وەزارەت.

هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە "نرخی گۆشتی هاوردە بەرزبۆتەوە، بەهۆی ئاڵۆزیی و ناجێگیری بارودۆخی جیهانییەوە، بەتایبەت لە دوای روداوەكانی 7ی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردووەوە، كە بووەهۆی كەمكردنەوەی هاودەكردنی گۆشت".

وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق پلانی هەیە لە زوترین كاتدا، "ژمارەیەكی زۆر" گوێرەكە هاوردەی عیراق بكات بۆ ئەوەی سەرببڕدرێن و ببێتەهۆی دابەزینی نرخی گۆشت لە ماوەكانی داهاتودا و هاتووە "وەزارەت رەزامەندی دەربڕیوە بۆ هاوردەكردنی گوێرەكەی زیاتریش".

"داوا لە بازرگانان و وەبەرهێنەران دەكەین بارودۆخی هاوڵاتیان لە نرخدا لەبەرچاوبگرن، بەو پێیەی لەبەردەم هاتنی مانگی رەمەزانداین".

بێستون مەحمود، هاوڵاتییەكی كەركوكە، دەڵێت "هەموو سەرەتای مانگی رەمەزانێك بۆ درێژایی مانگەكە گۆشت دەكڕم، زۆركات بەرخێك یان مەڕێك دەكڕم، بەڵام ئەمساڵ وابڕوات ناتوانم، چونكە نرخەكە خەریكە دەبێتە دوو هێندە بەراورد بە ساڵی رابردوو".

نەجاح ئەحمەد، گۆشت فرۆشێكی تری كەركوكە، وتی "ئێمەش پێمانباشە نرخەکان دابەزێت، چونكە كڕیارمان زۆر زۆر كەمبۆتەوە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT