"هاواریكرد: باوكە فریام بكەوە مامۆستا كوشتمی"
لە چەمچەماڵ بەتوندی ئەشكەنجەی خوێندكارێك دەدرێت

شوێنەواری ئەشكەنجە بە جەستەی خوێندكارەكەوە.

لەیلا ئەحمەد

باوكی قوتابییەك لە چەمچەماڵ سكاڵا لە دژی مامۆستایەك تۆماردەكات بە تۆمەتی ئەشكەنجەدانی كوڕەكەی، بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاكەش دەڵێت "بەدار لێیداوە و شوێنەواری ئەشكەنجە بەجەستەی خوێندكارەكەوە بووە".

روداوەكە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی ئادار لە قوتابخانەی بەدرخانی بنەڕەتی تێكەڵ لە ناحیەی شۆڕش لە قەزای چەمچەماڵ رویداوە.

محەمەد عومەر، باوكی قوتابییەكە بە (كەركوك ناو)ی وت "كاتژمێر 11 كوڕەكەم بە گریان و هاوار بۆ ماڵ گەڕایەوە، وتی باوكە فریام بكەوە مامۆستا كوشتمی... شوێنەواری لێدان بەهەموو جەستەی لەوانەش قاچ و دەموچاوییەوە بوو، زۆریش ترسابوو".

قوتابییەكە پۆلی چواری بنەڕەتییە و هەرئەوكات باوكی لەگەڵ خۆی دەیبات بۆ قوتابخانە تا بزانیت بۆچی لە منداڵەكەیان داوە.

بەپێی وتەی باوكی قوتابییەكە، مامۆستاكە وتویەتی "لەگەڵ هاوڕێیەكی شەڕیان كردووە، منیش بە دار لێمداوە".

"پێموت ئەمە شوێنی دوو دار نییە، ئەگەر كوڕەكەم هەر بێ ئەدەبییەكی كردووە منتان ئاگادار بكردایەتەوە، نەك لێی بدەن"، محەمەد عومەر وایوت.

پێموت ئەمە شوێنی دوو دار نییە، ئەگەر كوڕەكەم هەر بێ ئەدەبییەكی كردووە منتان ئاگادار بكردایەتەوە

دوای ئەو گفتوگۆیە، باوكی و قوتابییەكە راستەوخۆ دەچنە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی چەمچەماڵ و دواتر پۆلیس و سكاڵا تۆمار دەكەن "دەمەوێت یاسا ئەم كێشەیە یەكلایی بكاتەوە".

عەبدوڵا حەمە كاكەڕەش، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ بە (كەركوك ناو)ی وت "لە كێشەكە ئاگاركرداومەتەوە، ئەوەی رویداوە ئەوەیە مامۆستاكە بەدار لە قوتابییەكی پۆلی چواری بنەڕەتی داوە و شوێنەواری لێدان بە چەند شوێنێكی جەستەوەیەتی، بەڵام جارێ نازانین كێشەكە چۆن بووە".

وتیشی "لە بەشی یاسایی پەروەردەكەمان لیژنەیەكمان پێكهێناوە و هەر ئەمڕۆ وتەمان لە منداڵەكە و باوكی وەرگرتووە... پێنجشەممەش 28ی ئادار، دەبێت مامۆستاكە و بەڕێوەبەری قوتابخانەكەش وتەیان لێوەردەگرین، ئەگەر دەركەوت هەڵەی كردبێت مامۆستاكە سزا دەدەین".

بەڕێوەبەری پەروەدەی چەمچەماڵ وتیشی "توندوتیژی دژی قوتابی بەیاسا قەدەغەكراوە و لێدان و توندوتیژی چارەسەری هیچ كێشەیەك ناكات، مامۆستا دەتوانێت بەشێوەیەكی تر سزای قوتابی بدات، لەوانە سزای لێبڕینی نمرە، یان فەسڵكردن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT