تـازە زاوا بوون
چیرۆكی ئەو دوو ئاوارەیەی پێكەوە خنكان

دهۆك/ ئاداری 2024/ وێنەی مەحمود موهەنەد و عومەر مەحمود لەگەڵ دیمەنێكی لافاوەكەی ناوەندی شاری دهۆك فۆتۆ: عەمار عەزیز

عەمار عەزیز – دهۆك

مەحمود بە زویی دەگاتە لای عومەر بۆ ئەوەی رزگاری بكات، بەڵام تەوژمی بەهێزی لافاوەكە، لە چەند چركەیەدا هەردوكیان پێكەوە بەرەو شوێنێكی نادیار دەبات.

لافاوەكە لە ناوەندی شاری دهۆك بوو، بە دیاریكراوی لە نزیك گەڕەكی پیشەسازی، بەیانی رۆژی 19ـی ئاداری 2024 زۆربەی شەقامەكان بەهۆی بارانبارینی بەخوڕەوە ژێر ئاو كەوتبوون.

"وەك لە گرتە ڤیدیۆیەكی روداوەكەدا دەردەكەوێت، مەحمود و عومەر پێكەوە لافاوەكە دەیانبات، هەرچەندە پۆلیس هەوڵی رزگاركردنیان دەدات، بەڵام سودی نییە و دەخنكێن" مەعن غانم، باوكی هاوسەری مەحمود وای وت.

ئەو گرتە ڤیدیۆییە، كە هەرزوو بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵابۆوە، تیایدا مەحمود و عومەر دەردەكەون لەكاتێكدا پۆلیس هەوڵی رزگاركردنیان دەدات بەڵام سەركەوتوو نابن و هەردوكیان لافاویان دەیانبات.

مەحمود موهەند (22 ساڵ)، حەوت مانگ لەمەوبەر ژیانی هاوسەری پێكهێناوە و برازاى عومەر مەحمود (47 ساڵ)ـە، عومەریش هەر تازە زاوا بووە و 9 مانگ دەبێت هاوسەرگیری دووەمی كردووە.

هەردوكیان ئاوارەی نەینەوان، لە ساڵی 2017ـەوە رویانكردۆتە دهۆك و لە خانووی كرێ نیشتەجێن، ئەوان پێكەوە كاری دروستكردن و دانانی دكتـی موبەریدەیان دەكرد.

ڤیدیۆ: چركەساتی خنكانی مەحمود و عومەر بەهۆی لافاوەكەی دهۆكەوە 

مەعن غانم بە (كەركوك ناو)ـی وت سەرەتا ئەو رۆژە، عومەر و یەكێك لە كرێكارەكانی بەڕێكەوتوون بۆ سەركار، لە نزیكی گەڕەكی پیشەسازی و لەسەر پردێك گیر دەخۆن، بەهۆی لافاوەوە، "لەوكاتەدا تەلەفۆنی بۆ زاواكەی من (مەحمود) كردووە تا فریای بكەوێت، ئەویش بە ئۆتۆمبێل و بە زوویی گەیشتۆتە شوێنەكە، زۆر هەوڵی داوە لەگەڵ پۆلیس تا رزگاری بكات، بەڵام ئەویش كەوتۆتە ناو ئاوەكەوە".

لافاوەكەی دهۆك، جگە لە خنكانی مەحمود و عومەر و هاوڵاتییەكی دیكە، زیانی بە هەزار و 500 خانوو و 213 ئۆتۆمبێل گەیاند، بەپێی ئامارەكانی بەرگری شارستانی دهۆك، تەنیا تەرمێكی یەكێك لە خنكاوەكان ماوە بدۆزرێتەوە.

تەرمی یەكێك لە خنكاوەكان، 28ـی ئادار لە دهۆك دۆزرایەوە، بەڵام بەهۆی مانەوەی زۆری لەناو ئاو و قوڕ و لیتەدا، نەناسرایەوە و كەسوكاری مەحمود و عومەر چاوەڕێی ئەنجامی پشكنینەكان دەكەن یەكلاییبكاتەوە تەرمی كامیان بووە.

بێوار عەبدولعەزیز، لێپرسراوی راگەیاندنی بەرگری شارستانی دهۆك بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەو تەرمە بە بە دووری دوو كیلۆمەتر لەو شوێنەی لافاوەكە بردنی، دۆزرایەوە، كە دەكەوێتە بەرانبەر گەڕەكی شندوخا لە دەوروبەری چەمی هشكەڕوو"، وتیشی تەرمەكە پشكنینی لە پزیشكی دادوەری بۆ كراوە و چاوەڕێن ئەنجامەكان دەریبخات تەرمی مەحمود بووە یان عومەر "هیچ ناسنامەیەك لەگەڵ تەرمەكاندا نەدۆزراوەتەوە و هێندە لەژر ئاو و قوڕ ماونەتەوە، لاشەكە ئاوساوە و ناناسرێتەوە".

لە دوای روداوەكەوە تائێستا رۆژانە تیمەكانی بەرگری شارستانی لە ناوچە جیاوازەكانی دهۆك بەدوای تەرمەكانی لافاوەكەدا دەگەڕێن، بە تایبەت لە چەمی هشكەڕوو لە ناوەندی دهۆك.

"چەمی هشكەڕوو زۆر درێژە، لە سەرەتای شاری دهۆكەوە دەستپێدەكات تا كۆتاییەكەی و ئاوی چەمەكە دەچێتە ناحیەی خانكێ‌ و لەوێ‌ دەرژێتە بەنداوی موسڵەوە، رۆژانە لانیكەم بە پێنج تیم دەردەچین بۆ گەڕان" بەوتەی بێوار عەبدولعەزیز، كە دڵنیایی بە كەسوكاری قوربانییان دا، بەردەوامبن تا تەرمەكەی دیكەش دەدۆزنەوە.

مەحمود و عومەر كە هاوشێوەی زیاتر لە 600 هەزار هاوڵاتی دیكە ساڵانێكە ئاوارەبون لە هەرێمی كوردستان، لە ژیانێكی كولەمەرگیدا دەژیان، بۆیە داواكارییەكی سەرەكی كەسوكاریان ئەوەیە لانیكەم بە پێدانی شوقە یان خانوویەك خێزانەكانیان قەرەبوو بكرێنەوە.

dhok tarm (2)
دهۆك/ ئاداری 2024/ پرۆسەی گەڕان بەدوای قوربانیانی لافاوەكەدا فۆتۆ: بەرگری شارستانی دهۆك

مەعن غانم وتی "هەردوكیان كرێكار بوون و دۆخی ژیانیان ئەوەندە باش نەبوو، بۆیە داواكارین قەرەبووی خێزانەكانیان بكرێتەوە، لانیكەم لە كرێچێتی رزگاربن"، هەروەها داواشیكرد بە زویی تەرمەكەی دیكە بدۆزرێتەوە.

پەرلەمانی عیراق لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە و خەمڵاندنی زیانەكانی لافاو لە دهۆك پێكهێنا بەڵام هێشتا هیچ بڕیارێكی لەبارەی ئەنجامی ئەو لیژنەیە نەداوە، لە نێویاندا قەرەبووكردنەوە.

رۆژێك دوای لافاوەكەی دهۆك، لە ناحیەی خانكێ مێردمنداڵێكی ئێزیدی تەمەن 16 ساڵ بەناوی رۆژڤان ئیدریس شەمۆ بێسەروشوێن دەبێت و كەسوكاری گومان دەكەن بەهۆی لافاوەوە خنكابێت.

عادل عەرەب، مامی ئەو مێردمنداڵەیە و بە (كەركوك ناو)ـی وت "رۆژڤان لە عەسری ئەو رۆژەوە لە ماڵ چۆتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە، بەپێی كامێرای چاودێری و بەڵگەی دیكەش ئەو خنكاوە، لەو رۆژەوە بەدوای تەرمەكەیدا دەگەڕێین و دیارنییە".

هێشتا بەرگری شارستانی گومانی لە خنكانی رۆژڤان هەیە و پەیامنێری (كەركوك ناو)ـیش نەیتوانی لە قسەكانی مامی ئەو مێردمنداڵە دڵنیابێتەوە چونكە هیچ یەكێك لە تۆماری كامێراكانی چاودێری و ئەو بەڵگانەی نەبینی كە باسیكرد.

بێوار عەبدولعەزیز دەڵێت "باوكی ئەو كوڕە سەردانی ئێمەیان كردووە و دەڵێن كوڕەكەیان خنكاوە، بەڵام هێشتا ئەو روداوە پشتڕاستنەكراوەتەوە و بە چاو نەبینراوە كە خنكاوە، تەنیا ئەوە پشتڕاستكراوەتەوە كە بێسەروشوێنە، ناتوانین جارێ بڕیاربدەین تا بەڵگەی تەواو و دروستمان دەستدەكەوێت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT