ساكۆ بە یەكجاریی هەولێر بەرەو بەغدا بەجێدەهێڵێت؟

بەغداد/ 12ـی ئایاری 2023/ خۆپیشاندانی ناڕەزایی دژی تۆمەتباركردنی كاردیناڵ لویس ساكۆ، لەلایەن رەیان كلدانی-ـەوە بە دەستبەسەرداگرتنی موڵكی كریستیانەكان فۆتۆ: ئەحمەد مساڵحە

عەمار عەزیز

كاردیناڵ لویس ساكۆ، دووەم رۆژی جەژنی رەمەزان گەڕایەوە بەغدا و لەگەڵ سەرۆك وەزیران كۆبوەوە، ئەوەش دوای نۆ مانگ لە بڕیاری بەجێهێشتنی بەغدا و هەڵبژاردنی هەولێر وەك شوێنی مانەوەی، ئەو هەڵوێستەی وەك ناڕەزاییەك بوو لە بڕیارێكی سەرۆك كۆماری عیراق كە لەبەرژەوەندی لویس ساكۆ-دا نەبوو.

لەتیف رەشید، سەرۆك كۆماری عیراق لە تەمموزی 2023دا بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی مەرسومی كۆماری دامەزراندنی كاردیناڵ لویس ساكۆ، وەك باتریاكی كڵێسای كلدانی كاسۆلیكی لە عیراق و جیهان، ئەوەش دوای 10 ساڵ لە دەركردنی مەرسومەكە هات.

بڕیارەكە ناڕەزایی و خۆپیشاندانی كریستانەكانی لە پارێزگا جیاوازەكانی عیراق لەوانەش بەغدای پایتەخت و نەینەوای بەدواداهات، لویس ساكۆش بڕیاری بەجێهێشتنی پایتەخت و هەڵبژاردنی هەولێریدا وەك شوێنی مانەوەی. بەڵام دوای نۆ مانگ و لە 11ی نیسان ساكۆ بۆ یەكەمجار دوای بڕیارەكەی، بەغدای بینییەوە.

"ئەمڕۆ هەست بە ئاسودەیی و ئارامیی دەكەم"، كاردیناڵ لویس ساكۆ، رۆژێك دوای كۆبونەوەی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، و لە هەینی 12ی نیساندا وایوت، ئەوەش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە هەر لە بەغدا بۆی رێكخرابوو، ئەوەش بەلای هەندێك كەسەوە وەك هەوڵێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكەی لێكدرایەوە.

 ساكۆ هەروەها وتی "نۆ مانگە لە دەرەوەی پایتەخت سەرۆكایەتی كڵێساكانی جیهان دەكەم".

Sakoo
نەینەوا/ 13ی تەمموزی 2023/ ناڕەزایی بەشێك لە كریستیانەكانی نەینەوا دژی هەڵوەشاندنەوەی مەرسومی كۆماری دامەزراندنی كاردیناڵ لویس ساكۆ، وەك باتریاكی كڵێسای كلدانی كاسۆلیكی لە عیراق و جیهان. فۆتۆ: ئەحمەد بلە

خالید جەمال، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری کریستیانەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئەم هەنگاوەی سودانی شتێکی باش و دڵخۆشکەرە، بە بڕاوی ئێمە دەبوو زوتر ئەو هەوڵە بدرایە، نەوەك دوای نۆ مانگ لە بەجێهێشتنی بەغدا".

ئەو ئاماژەی بە بونی "هەندێك بەڵێن"ی سەرۆك وەزیرانی عیراق كرد بۆ لویس ساكۆ، لەسەروی هەمویانەوە كاركردن بۆ پاشگەزبونەوەی سەرۆك كۆمار لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مەرسومی دامەزراندنی كاردیناڵ لویس ساكۆ، وەك باتریاكی كڵێسای كلدانی كاسۆلیكی لە عیراق و جیهان.

"لێرەدا شتێک هەیە دەمەوێت رونیبکەمەوە، ئەویش ئەوەیە کە پاتریارک ساکۆ بەیەکجاریی نەگەڕاوتەوە بۆ بەغدا، ئەوەی ئێستا تەنیا سەردانێک بوو، بەڵام دەستپێشخەرییەکەی سودانی بەرز دەنرخێنێن"، خالید جەمال وایوت.

سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە پۆستێكیدا كە وێنەیەكی خۆ  و لویس ساكۆ و وەفدێكی یاوەری لەگەڵدا پۆست كردووە، دەڵێت باسی بارودۆخی گشتی عیراقیان كردووە و رۆڵی پێكهاتەی ئایینی مەسیحیان لە بینیاتنانی دەوڵەتدا لە عیراق بەرز نرخاندووە، لەگەڵ جەختكردنەوە لە پەرۆشی حکومەت بۆ چەسپاندنی پرەنسیپی پێکەوەژیان و برایەتی لە نێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی عیراقی.

Sako.baghdad
بەغدا/ 11ی نیسانی 2024/ كۆبونەوەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران و كاردیناڵ لویس ساكۆو وەفدێكی یاوەری. فۆتۆ: راگەیاندنی سەرۆك وەزیران.

خالید جەمال وتی "سەرۆک وەزیران لە هەوڵدایە لەگەڵ سەرۆک کۆماری عیراق و لایەنی پەیوەندیدار بۆ پاشەگەزبونەوە لە هەڵوەشاندنەوەی مەرسومەكەی تەموزی رابردوو... كارەكە لە دەسەڵاتی سەرۆك وەزیراندا نییە، بەڵام دەستپێشخەری بۆ ئەو مەبەستە كردووە و رۆڵی دەبێت".

زیاتر وتی "ئەگەر ئەوە روبدات، جارێکی تر كاردیناڵ لویس ساكۆ لەبەغدا دەمێنێتەوە...".

لەڕاستیدا مەرسومەكە تەنیا تایبەت نییە بە لویس ساكۆ، بەڵكو پەیوەستە بە كۆمەڵێك مەترانی تری هەمان ئایین، جگە لە دوو مەتران نەبێت كە مێژووی مەرسومی كۆمارییان بۆ سەردەمی سەدام حسێن، سەرۆك كۆماری عیراق (1979 – 2003) دەگەڕێتەوە.

لویس ساكۆ، ساڵی 1948 لە شاری زاخۆ لە پارێزگای دهۆك لەدایكبووە، ساڵی 1974 لە ئەبرەشییەی كلدانی موسڵ كراوە بە كاهین و لە ساڵی 2002ـدا بە مەترانی ئەبرەشییەی كەركوك هەڵبژێردراوە، لە ساڵی 2013ـدا كراوە بە باتریاكی كڵێسای كلدانی و لە 2018ـیشدا پلەی ئایینیی بۆ كاردیناڵ بەرزكراوەتەوە.

بڕیارەكەی لەتیف رەشید، سەرۆك كۆماری عیراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی مەرسومی دامەزراندنی لویس ساكۆ لە تەمووزی 2023 كە بە "نادەستوری" ناوی بردبوو، لە وەڵامی داواکارییەكی رەیان كلدانی، سەرۆكی بزوتنەوەی بابلیۆن هات لە دژی لویس ساكۆ.

ئەو دوو كەسایەتییە ململانێیەكانیان لە ساڵی رابردودا گەیشتە تروپك، تۆمەتی "گەندەڵی" و "دەستبەسەرداگرتنی موڵكی كریستیانەكان"یان دایە پاڵ یەكتر، هەروەها هەڕەشەی پەلكێشكردنی یەكتریان كرد بۆ بەردەم دادگا.

رەیان كلدانی، ساڵی 1983 لە ئەلقوش-ـی پارێزگای نەینەوا لەدایكبووە، دواتر چۆتە بەغداد و لەوێ جێگیر بووە، لە ساڵی 2014 و دوای دەستبەسەرداگرتنی نەینەوا لەلایەن چەكدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە داعش"، كەتائیبی بابلیۆنی (حەشدی شەعبی كریستیانی) پێكهێنا و بوون بە بەشێك لە دەستەی حەشدی شەعبی.

sako & raian
كاردیناڵ لویس ساكۆ، باتریاكی كڵێسای كلدانی كاسۆلیكی و رەیان كلدانی، سەرۆكی بزوتنەوەی بابلیۆن

نینوس عودیشۆ، سەرۆکی کوتلەی رافیدەین لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک، بە (كەركوك ناو)ی وت "كێشەی ئێمە زۆر لە گەڕانەوەی لویس ساكۆ بۆ بەغدا گەورەترە... دوو شتی سەرەکی دیارترین کێشەكانمانن ئەوانیش: ئەقڵییەتی لێپرسراوانی عیراق بۆ کریستیانەکان و چۆنییەتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئەم پێكهاتە ئایینیە نەگۆڕاوە، دووەم: پێنەدانی دەستەڵاتە بۆ مومارەسەكردنی دەسەڵاتی خۆیان". بۆ ئەوەش بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عیراقی لە 21 شوباتی 2024، بە نمونە هێنایەوە كە تیایدا 11 كورسی پێكهاتە نەتەوەییەكانی پەرلەمانی كوردستانی بە نایاسایی ناوبرد، كە پێنج كورسییان تایبەت بون بە كلدانی سریانی ئاشوری.

نینوس عودیشۆ وتی "دەبێت كێشەی كریستیانەكان بە تەواوی بنبڕبكرێت، نەك هەر ماوەیەك و كێشەیەكیان بۆ دروستبكرێت".

كۆبونەوەكەی كاردیناڵ لویس ساكۆ لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراق، دوو رۆژ بەر لە سەردانی فەرمی سودانی هات بۆ ئەمریكا، كە شەممە 13ی نیسان بەڕێكەوت.

خالید جەمال وتی "رەنگە ئەم هەوڵەی سودانی پەیوەندی بەو سەردانەشەوە هەبێت، چونكە پێشتر ئاگاداری ئەوە بوین  كە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و لێپرسراوانیان لە عیراق بەچڕوپڕی باسیان لەو بڕیارەی سەرۆك كۆمار و كێشەكانی لویس ساكۆ و رەیان كلدانی كردووە... بەدڵنیاییەوە ئەو كێشەیە یەكێك دەبێت لەو پرسانەی لێپررساوانی ئەمریكا و سودانی گفتوگۆی لەسەر دەكەن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT