23 ساڵ منداڵی بێسەرپەرشت، كە لە ژێر چاودێری و پەروەردەی دایك و باوكیاندا نین، لەڕێی حكومەتەوە رادەستی خێزانی جێگرەوە كراون، ئەوەش لە سلێمانی، وەكو بەڕێوەبەری چاودێری كۆمەڵایەتی دەڵێت، خێزانێك بە تەنیا سێ منداڵیان وەرگرتووە.
ژیار جەلال، بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی، لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ (کەرکوك ناو ) باس لە خێزانی جێگرە و ئەو منداڵانە دەکات، كە لە خانەی منداڵان ژێر چاودێری حكومەتدان و بەشێكیان چوونەتە ناو خێزانی دیكەوە، دوای هەڵسەنگاندن و بڕیاردان لە ئەنجامی پرۆسەیەكی دورودرێژ.
كەركوك ناو: خێزانی جێگرەوە چییە؟
ژیار جەلال: بەخێوکردنی منداڵە بۆ ماوەیەکی سنووردار، کە هیچ پەیوەندییەکی خوێنی نییە لە نێوانیاندا، ئەوەش لەژێر سەرپەرشتی و پشتیوانی ستافی فەرمی، بۆ بوون بەخێزانی جێگرەوە گەشتێکی زۆر ووردو پشوو درێژی دەوێت. بە واتەیەکی دیکە بەخێوکاری جێگرەوە بەدەنگەوەچونێکە لەسەر بنەمای خێزان، کە تێیدا بەخێوکارە جێگرەوەکان منداڵێک یان زیاتر بەخێودەکەن.
كەركوك ناو: ئەو پرۆسەیە لە كەیەوە هەیە و چۆن دەستیپێكرد؟
ژیار جەلال: لە ساڵی 2015 یاداشتنامەی لێکتێگەشتن لەنێوان (وەزارەتی کارو ڕێکخراوی ستێپ-ـی بەریتانی)ـدا واژۆ کراوە، لە هەمان ساڵدا لیژنەی باڵای سیستەمی خێزانی جێگرەوە دروستبووە و بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی ستافی بۆ هۆبەی خێزانی جیگرەوە داناوە، دواتر پێگەیاندنی توێژەران دەستیپێكرد و لە ساڵی 2016ـدا هۆشیاری بۆ خەڵک و بە تایبەت خێزانەكان بڵاوكرایەوە تا داواکاری بۆ بوون بە خێزانی جێگرەوە پێشکەشبکەن، بەفەرمی لە ئابی 2016ـدا هۆبەی خێزانی جێگرەوە لەلایەن وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتییەوە کرایەوە، لە تشرینی دوەمی 2018ـدا بەڵگەنامەی سیستەمی خێزانی جێگرەوە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندکرا و لە ئابی 2022ـدا قۆناغی ئەزمونکاری بۆ دانانی منداڵ لە تەمەنی (سفر بۆ چوار ساڵ) لە شاری سلێمانی تەواو بوو، کە سەرجەم پرۆسەکانی ناو سیستەمی خێزانی جێگرەوە تاقیکرانەوە.
ئەو پرۆسەیە سەرەتا لە سلێمانی دەستیپێکرد، ئێستا لە هەولێر كاری پێدەكرێت و لە دهۆکیش لە دەستپێكردندایە.
كەركوك ناو: تائێستا چەند منداڵ لەلای خێزانی جێگرەوە دانراون؟
ژیار جەلال: یەکەم خێزانی جێگرەوە لە تشرینی دووەمی 2016ـدا پەسەندکرا، لە نیسانی 2017ـدا یەکەم منداڵ دانرا لەناو خێزانی جێگرەوەی پەسەندکراو. تائێستا واتە 2025، كۆی ئەو منداڵانەی لە خێزانی جێگرەوەدا دانراون گەیشتۆتە 23 منداڵ، كە لای 21 خێزانن، چونكە خێزانێك بە تەنیا سێ منداڵیان وەرگرتووە.
هەروەها دوو منداڵ گەڕێنراونەتەوە بۆ ناو خێزانی بایەلۆجی، منداڵێك لە خێزانی جێگرەوە وەرگیراوەتەوە و دوو منداڵیش لەلایەن خێزانی جێگرەوەوە گەڕێنراونەتەوە بۆ خانەی ، ، (٢٣منداڵ) دانراوە لە ٢١ خێزاندا ( خێزانێک ٣ منداڵی وەرگرتووە)، ٢ منداڵ گەڕاوەتەوە خێزانی بایەلۆجی و منداڵێکیش وەرگیراوەتەوە لە خێزانە جیگرەوەکەی، ٢ منداڵیش خێزانە جێگرەوەکە گەڕاندویانەتەوە خانەی منداڵان.
كەركوك ناو: داواكاری دیكە هەیە بۆ وەرگرتنی منداڵ؟
ژیار جەلال: بەردەوام خێزان لە داواکاریدایە بۆ وەرگرتنی منداڵ و خێزانە جێگرەوە پەسەندکراوەکانیش هەندێکیان داوای منداڵی دووەم دەکەن.
كەركوك ناو: مەرجەکانی بوون بە خێزانی جێگرەوە چین؟
ژیار جەلال: بەپێی ڕینماییەکان؛ دەبێت دوو دوو هاوسەربن و تەمەنیان سەروو 25 ساڵ بێت، منداڵیان هەبێت یاخود نا کێشەی نییە، هەروەها دەكرێت لە ڕەگەزی مێ (ئافرەتێک) سەڵت بێت یان جیابوو بێتەوە یان هاوسەرەکەی مردبێت، دانیشتووی هەرێم بێت و ڕەگەزنامەی عیراقی هەبێت، پێشینەی تاوانی نەبێت و خوڕەوشت و ناوبانگی باش بێت، توانای بەخێوکردنی منداڵی هەبێت لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە.

كەركوك ناو: چۆن چاودێری ئەو منداڵانە دەكرێت كە لای خێزانی جێگرەوە دادەنرێن؟
ژیار جەلال: لەگەڵ دانانی منداڵ لە خێزانی جێگرەوەدا، راستەوخۆ توێژەرێکی کۆمەڵایەتی تایبەت بۆ منداڵ دادەنرێت کە دەبێت پلانی بەخێوکاری ئامادەبکات، لەگەڵ ئەوەشدا، توێژەرێكی دیكە بۆ خێزانە جێگرەوەکە دادەنرێت، هەردوو توێژەر پێکەوە سەرپەرشتی منداڵ و خێزانەکە دەکەن، بە ئامانجی باشترین بەرژەوەندی بۆ منداڵەكە، توێژەرێكیان کاری هەڵسەنگاندنی ووردی خێزانەکەیە بەچەند قۆناغێک، شەش مانگ بۆ ساڵێكی پێویستە دەبێت تا دەگاتە پرۆسەی پەسەندكاری، دواتر منداڵی بۆ دیاریدەکات و لەگەڵ دانانی منداڵەكەشدا، شەش دانیشتنی (بناغەی سەلامەت) بۆ خێزانەکان دەڵێتەوە و هەموو سەردانێکیش تۆمار دەکات.
هەروەها توێژەری تایبەتی منداڵ، لە رێی سەردانیكردنی ماڵ، یان بە تەلەفۆن لەکاتی بوونی هەر گرفت و پێداویستیییەکدا سەرپەرشتی پرۆسەكە دەکات، شەش مانگ جارێكیش پلانی بەخێوکاری نوێ دەکرێتەوە بۆ منداڵەکە، کە لە رێی پڕکردنەوەی فۆڕمێکی وردەوە دەبێت.
لەکاتی سەردانەکاندا، ئەو یارییانەی لە هۆبە ئامادەکراوە لەلایەن ریکخراوی (ستێپ)ـەوە، دەبرێت بۆ منداڵەکان تاوەکو توێژەر و منداڵەکە زیاتر لە یەکتر نزیک ببنەوە، دواتر لەکات و تەمەنی گونجاوی منداڵەکەدا دەبێت چیرۆکی ژیانی بۆ ئامادە بکرێت لەرێی وێنەوە، تا وەک نامیلکەیەک بدرێت بە منداڵەکە و لەبەرچاو خێزانە جێگرەوەکەدا بۆی باسبکرێت، لەگەڵ تێپەڕبوونی تەمەندا و چوونە ناو قۆناغێکی نوێ، هەر لە باخچەوە بۆ قوتابخانە، توێژەر پێشوەختە ئامادەکاری بۆ دەکات و سەردانی لایەنی پەیوەندیدار دەکات تا رونکردنەوە بدات لەسەر حاڵەتی منداڵەکە و کێشەی بۆ دروستنەبێت و چیرۆکەکەی بە نهێنی پارێزی بمێنێتەوە، بەم شێوەیە توێژەری منداڵ دەبێ سەرپەرشتی قۆناغەکانی گەشەی ئەم منداڵە بکات تا تەمەنی 18 ساڵی.
كەركوك ناو: کێشەکانی پرۆژەکە چین، هیچ ئاستەنگییەك هەیە؟
ژیار جەلال: ئەم سیستەمە، سیستەمێکی رێکخراوەیی ووردە، پێویستی بە پاڵپشتی دارایی هەیە، لە پێناو جێبەجێكردن و پاراستنی بەرژەوەندی منداڵەکاندا، ئەو ستافەی کاری تیادا دەکەن، پێویستیان بە ئیمتیازاتی تایبەت هەیە هاوشێوەی چاکسازی و شێڵتەرەکان، بەو پێیەی کاری توێژەران بەردەوامبوون و بەردەستبوونی تەواوە بۆ منداڵێک تا تەمەنی دەگاتە 18 ساڵ، بۆ ئەوەی هاوڵاتییەكی تەندروست بنیاتبنرێت.
لەڕوی یاساییەوە، پاڵپشتی بەرژەوەندی منداڵەكان زۆر لاوازە، هەر لە نەبوونی ناسنامە بۆ منداڵی دانراو و زەوتبوونی مافی گەشتکردنیان تا گەڕانەوەی بۆ خێزانی بایەلۆجی، كێشەیەكی دیكە نەبوونی کارمەندی پێویست و کەمی بودجەیە بۆ کردنەوەی خولی خێزانە داواکارەکان و پێویستی هۆبەکە، هەروەها جگە لە رێکخراوی ستێپ، هیچ سەرچاوەیەکی تر نییە بۆ وەرگرتنی زانیاری و پێگەیاندنی توێژەران بۆ قۆناغەکانی داهاتوو.
گرفتی تر نەبوونی پلانی تۆکمەیە بۆ دابەشکردنی کەیسی منداڵ و خێزان، نەبوونی هیچ هاندانێکە بۆ مانەوەی ستاف و کارکردن لە هۆبەکەدا، بەوپێیەی جگە لە سەرپەرشتی منداڵەکان، هەر توێژەرێک تا خێزانێک هەڵدەسەنگێنێت دەبێت توێژینەوەکی تەواو و ورد لەسەر خێزانە جێگرەوەکە بکات و زۆر کات روبەڕوی مەترسی دەبێتەوە لە رەتكردنەوەی خێزانێك یاخود سەندنەوەی منداڵ لە خێزانەکە و گەڕانەوەی بۆ خێزانی بایەلۆجی.