ئیداره‌ی كه‌ركوك مامه‌ڵه‌یه‌كی دروست له‌گه‌ڵ شەڵتەری تایبه‌ت به سه‌گی بێلانه‌دا ناكات، به‌هۆیه‌وه سه‌گه‌كان تینویان ده‌بێت، یان له برسا ده‌مرن، له‌كاتێكدا به‌هۆی زاوزێوه تادێت زیاتر ده‌بن.
شه‌ڵته‌ره‌ی تایبه‌ت به سه‌گی بێلانه له كه‌ركوك، له ساڵی 2023 له‌سه‌ر روبه‌ڕی پێنج دۆنم زه‌وی له ده‌ره‌وه‌ی شار كرایه‌وه، ئه‌وه‌ش له ژێر فشاری به‌شێك له ئاژه‌ڵدۆستان كه دژایه‌تی حكومه‌تیان ده‌كرد بۆ كوشتن‌یان له‌ڕێی تاپڕه‌وه.
كردنه‌وی شه‌ڵته‌ره‌كه دوای ئه‌وه هات كه له‌ناو شاردا په‌لاماری هاوڵاتیانیاندا له نێویاندا منداڵان و چه‌ند حاڵه‌تێكی مردنیش به‌وهۆیه‌وه تۆماركرا.
كاوه كه‌ریم، نوێنه‌ری قایمقامیه‌تی كه‌ركوك بۆ ئه‌و شه‌ڵته‌ره، وتی "دۆخی ئێستای شه‌ڵته‌ره‌كه ئه‌وه‌یه كه هیچ میزانییهیهكی حكومی نییه بۆ دابینكردنی خواردن و ئاو، ئه‌وه‌ش وایكردووه روبه‌ڕوی توێنێتی و برسێتی ببنه‌وه، له‌پاڵیشیدا بڵاوبونه‌وه‌ی نه‌خۆشی، به‌هۆیه‌وه ده‌مرن".
سه‌گه‌كان روبه‌ڕوی توێنێتی و برسێتی بونه‌ته‌وه، له‌پاڵیشیدا بڵاوبونه‌وه‌ی نه‌خۆشی، به‌هۆیه‌وه ده‌مرن
ئێستا ژماره‌یه‌ك گه‌نج به‌شێوه‌ی خۆبه‌خش شه‌ڵته‌ره‌كه به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، به‌هاوكاریی خێرخوازان،به‌ڵام هاوكارییه‌كه به‌س نییه بۆ خێوكردنی 700 سه‌گ و 150 بێچوو.
ناوه‌ڕاستی ئه‌م هه‌فته‌یه لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی كه‌ركوك سه‌ردانی شهڵتهرهكهیان كرد، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا (عه‌بدوڵا میروه‌یس) هۆشدارییدا له دۆخی خراپ و "كاره‌ستباری" سه‌گه‌كان.
كاوه كه‌ریم، وتی "به‌ڵێ دۆخیان خراپه، رۆژانه پێویستیان به دوو ته‌نكه‌ر ئاو هه‌یه، به‌ڵام ئێمه ناتوانین هه‌موو رۆژێك ئه‌وه دابین بكه‌ین، بۆ خواردنیش ده‌بێت چاوه‌ڕێی چێشتخانه‌كان بكه‌ین، ئه‌وانیش به پاره خواردنه‌كه ده‌ده‌ن، ڤێته‌رنه‌ریش ناتوانێت به‌رده‌وام چاودێری ته‌ندروستی سه‌گه‌كان بكات".
ئیداره‌ی كه‌ركوك، لانیكه‌م پێنج مانگه له به‌ڕێوه‌بردنی شه‌ڵته‌ره‌كه كشاونه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها ئاماده‌نین هبچ بڕه پاره‌یه‌ك بۆ پێداویستییه‌كانی دابین بكه‌ن.
ئێستا چه‌ند گه‌نجێك به شێوه‌ی خۆبه‌خش ئیداره‌ی شه‌ڵته‌ره‌كه ده‌ده‌ن، به‌ڵام توانایان بۆ دابینكردنی خواردن، ئاو، ته‌ندروستی و شوێنی مانه‌وه‌یان بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رما و گه‌رمایان نه‌بێت زۆر سنورداره.
گۆران حسێن، كه پێنج مانگه سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌و شه‌ڵته‌ره ده‌كات به شێوه‌ی خۆبه‌خش، وتی "ئه‌وه‌ی كراوه به‌هه‌وڵی ئێمه و خێرخوازان بووه، به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌مه به‌س نییه".
گۆران ده‌ڵێت سه‌ره‌تا 1000 سه‌گ له شه‌ڵته‌ره‌كه كۆكراونه‌ته‌وه به‌ڵام تا كۆتایی ساڵی رابردوو بۆ 400 سه‌گ كه‌مبونه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش به‌هۆی مردن-یان كه سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی مردنه‌كه برسێتی و بڵاوبونه‌وه‌ی نه‌خۆشی بووه.
"له‌دوای ئه‌وه‌ی ئێمه شهڵتهرهكهمان وه‌رگرت (پێنج مانگ له‌مه‌وبه‌ر)، سه‌گی تر هێنراون و ئێستا ژماره‌یان 700 سه‌گی بێلانه‌یه، له‌گه‌ڵ 150 بێچوو... ئێستاش رۆژانه لێیان ده‌مرێت و فڕێده‌درێن".
عه‌بدوڵا میروه‌یس، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌ن كاتێك سه‌ردانی شه‌ڵته‌ره‌كه‌ی كرد، وتی "سه‌گه‌كان یه‌كتر ده‌خۆن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی برسییانه"، به‌ڵام گۆران حسێن وتی "ئه‌وه ئه‌وكاته بوو كه قایمقامیه‌ت و ئیداره‌ی كه‌ركوك ده‌ستیان له سه‌رپه‌رشتیكردنی شه‌ڵته‌ره‌كه هه‌ڵگرت، ئێستا سه‌گه‌كان لێان ده‌مرێت، به‌ڵام به‌و شێوه‌یه نییه كه عه‌بدوڵا میروه‌یس باسی ده‌كات".
سه‌گه‌كان لێیان ده‌مرێت، به‌ڵام به‌وشێوه‌یه نییه كه له برسا یه‌كتر بخۆن
هه‌روه‌ها كاوه كه‌ریم نوێنه‌ری قایمقامیه‌تیش وتی "سه‌گ سه‌گ ناخوات، به‌ڵام شه‌ڕ ده‌كه‌ن و ره‌نگه به‌هۆیه‌وه مردارببنهوه".
به‌پێی هه‌ندێك ده‌سه‌ڵات كه دراوه به قایمقایمه‌تی كه‌ركوك، "ده‌توانن" له‌سه‌دا 50ی سه‌گه‌كان له‌ناوببه‌ن، به‌ڵام قایمقامیه‌ت چه‌ند ساڵێكه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌كارناهێنێت له‌ژێر فشاردا.
سه‌رچاوه‌ی خواردنی ئێستا سه‌گه‌كان،پاشماوه‌ی چێشتخانهكانه، له‌گه‌ڵ مریشكی مرداربۆوهی كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كان، به‌ڵام به‌شێك له چێشتخانه‌كان له به‌رامبه‌ر ئه‌و خواردانانه داوای پاره ده‌كه‌ن.
گۆران وتی "هه‌ندێك خێرخواز پاره‌ی ئه‌و خواردنانه ده‌ده‌ن، به‌ڵام بۆ گواستنه‌وه‌ی خواردنه‌كان پێویستیمان به ئۆتۆرمبێل هه‌یه، قایمقامیه‌ت ته‌نانه‌ت ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ی لێوه‌رگرتینه‌وه كه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بهكارماندههێنا، ئه‌وه‌ش به بیانوی كه‌مبونه‌وه‌ی گاز".
وتیشی "حكومه‌ت ئاماده‌نییه یه‌ك دینار خه‌رجبكات، ماوه‌یه‌كی تر هاوینه و رۆژانه پێویستمان به دوو تانكه‌ر ئاو ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وان ده‌ڵێن ته‌نیا ده‌توانین یه‌ك تانكه‌ر بده‌ین". ته‌نانه‌ت ڤێته‌رنه‌ریش ئاماده‌نییه چاودێری دۆخی ته‌ندروستی سه‌گه بێلانه‌كان له ئه‌ستۆ بگرێت.
یه‌كێك له گرفته‌كان كه روبه‌ڕوی شه‌ڵته‌ره‌كه بۆته‌وه، ئه‌وه‌یه نێر و مێیه‌كان جیانه‌كراونه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش وایكردووه به‌رده‌وام زاوزێ بكه‌ن. هه‌روه‌ها قه‌فه‌زی پێویستیان نییه و گۆران وتی "بێچووه‌كان له‌سه‌رما یان گه‌رما ده‌مرن".
له نوێترین هه‌وڵیدا قایمقامیه‌تی كه‌ركوك نوسراوێكی بۆ پارێزگاری كه‌ركوك كردووه بۆ ئه‌وه‌ی كۆبونه‌وه‌یه‌كی فراوانی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان رێكبخات بۆ هاوكاریكردنی شه‌ڵته‌ره‌كه له هه‌موو روییه‌كه‌وه.
كاوه كه‌ریم وتی "داوا ده‌كه‌ین سولفه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌لایه‌ن پارێزگاره‌وه بۆ شه‌ڵته‌ره‌كه دابینبكرێت كه بتوانین خواردن و خواردنه‌وه، شوێنی مانه‌وه و دۆخی ته‌ندروستی سه‌گه‌كان دابین بكات".
داوا ده‌كه‌ین سولفه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌لایه‌ن پارێزگاره‌وه بۆ شه‌ڵته‌ره‌كه دابینبكرێت
نوێنه‌ری قایمقامیه‌ت پێشنیار ده‌كات نیزامی كوشتن به ده‌رزی په‌یڕه‌وبكرێت، نه‌ك به‌و شێوه‌یه‌ی له‌ناو شهڵتهرهكهدان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت. پێشیوایه به‌خێوكردنی 700 سه‌گ داهاتی زۆری ده‌وێت.
بەپێی یاسای ته‌ندروستی ئاژه‌ڵی ساڵی 2013، له هه‌ر پارێزگایه‌كی عیراق، لیژنه‌یه‌ك پێكده‌هێنرێت به هاوكاری هێزه ئه‌منییه‌كان بۆ له‌ناوبردنی سه‌گی به‌ره‌ڵا.
له چه‌ند ساڵی رابردودا دیمەنەكانی هەڵمەتی كوشتنی سه‌گی به‌ره‌ڵا، ناڕه‌زایی به‌شێك له ئاژه‌ڵدۆستان و چالاكوانانی مافه‌كانی ئاژه‌ڵانی به‌دواداهات، به‌و هۆیه‌وه حكومه‌تی خۆجێی كه‌ركوك سیاسه‌تی نە كوشتن، نە دورخستنەوەی په‌یڕه‌و كرد.
لە بری ئەو دوو بژارده‌ی دیكەی تاوتوێكرد (نەزۆككردنی سەگی بێلانە، یان كردنەوەی شەڵتەر)، دواجار ئه‌وه‌ی دووه‌م هه‌ڵبژێردرا.
(كەركوك ناو) بەدواداچونی بۆ راگەیەندراوەكانی ئیدارەی پارێزگای كەركوك كردووە، لە سێ ساڵی رابردوودا، چەندینجار لە كۆبوونەوەی رەسمی دۆسیەی سەگی بێلانە تاوتوێكراوە و بڕیاری جیاوازی لەبارەوە دراوە، بەڵام دۆسیەكە هەروەكو خۆی بەبێ چارەسەر ماوه‌ته‌وه.
به‌شێكی گرفتی بونی سه‌گی بێلانه له كۆڵان و شه‌قامه‌كان، ئه‌وه‌یه هه‌ڵگری نه‌خۆشی جۆراوجۆرن و ده‌گوازرێنه‌وه بۆ مرۆڤ.
عەباس خالید، پزیشكی ڤێتێرنەری پێشتر بە (كەركوك ناو)ـی وت "سەگەكان هەڵگری كۆمەڵێك نەخۆشین، كە لەوانەیە بیگوزانەوە بۆ مرۆڤ، یەكێك لەو نەخۆشییانە، ترسناكترینیانە و بریتییە لە نەخۆشی هاری سەگ، هیچ جۆرە چارەسەرێكی نییە، گەر بێت و گاز لەهەر كەسێك بگرن و زوو فریای نەكەوی، ئەوا كەسەكە دەكوژێت".
گۆران حسێن، ره‌خنه‌ی له حكومه‌ت گرت، "پڕۆژه‌كه پڕۆژه‌ی حكومه‌ته، ناكرێت چاوه‌ڕێی ده‌ستی خێرخوازبن بێت، باشترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه بودجه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ دابین بكه‌ن"، ئه‌وه‌ش هه‌مان رای نوێنه‌ری قایمقامیه‌ته.
به‌ڵام عه‌بدوڵا میروه‌یس جه‌ختیكردۆته‌وه له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه به‌رده‌وامده‌بێت بهرهڵاكردنیان باشتره و مرۆیی تره.